شەبنەم بارانی: بیرم لەوە نەكردووەتەوە ببمە شاجوانی جیهان

06-08-2018
زانا گەڵاڵی
نیشانەکردن شەبنەم بارانی
A+ A-

رووداو - ئۆسلۆ

بەكارهێنەرانی ئینستاگرام ناسناوی شاجوانیان پێداوە، بەڵام ئەو قەت رۆژێك لە رۆژان بیری لەوە نەكردووەتەوە خۆی بۆ شاجوانی جیهان هەڵبژێرێ‌، شەبنەم بارانی هەر كاتێك وێنەیەك لە ئینستاگرام دادەنێ‌، زۆری پێناچێ‌ لە ماڵپەڕە كوردییەكان بڵاودەبێتەوە، بەو هۆیەوە بووەتە ئەستێرەیەكی میدیا.


شەبنەم بارانی، تەمەنی راستەقینەی خۆی بۆ (رووداو) ئاشكرا دەكات و دەڵێت تەمەنی 23 ساڵە و لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، تەمەنی 5 ساڵان بووە لەگەڵ خێزانەكەی كۆچیان كردووە بۆ نەرویج، ئێستاش خوێندكاری دەروونناسییە لە زانكۆی ئۆسلۆ.

شەبنەم سەرەتا پێی خۆش نەبووە ماڵپەڕە كوردییەكان وێنەكانی ئەویان بڵاوكردووەتەوە، چونكە حەزی نەكردووە دەربكەوێ‌، بەڵام ئێستا میدیاكان بە شاجوانی ئیسنتاگرام ناوی دەهێنن.

بارانی دەڵێت: "سەرەتا كە وێنەكانم  لە سۆشیال میدیا بڵاودەكردەوە و زۆر ئەكتیڤ بووم، كوردم زۆر نەدەناسین، فۆڵۆوەرەكانم زۆربەیان بیانی بوون، دواتر كە بینیم وردە وردە زۆربەی ئەوانەی ئادیان دەكردم كوردن،  ئیدی بڕیارم دا بە كوردی بنووسم، ئێستاش كە لەناو كورد ناسراوم، پێمخۆشە". 

گوتیشی "هەنگاوی زۆرم ماون، بەڵام بەنیاز نیم خۆم بۆ شاجوانی جیهان كاندید بكەم".

بارانی حەزی لە كێشە نییە، بەڵام دەڵێت بەهۆی بەناوبانگبوونییەوە كێشەی بۆ دروست دەكەن "كەسانێك كە من ناناسن بۆ فۆڵۆ و لایكی زۆرتر دەیانەوێت بمهێننە خوارەوە، بەڵام من بەو شتانە هەر بەرز دەبمەوە، نایەڵم قسەی خەڵك  كاریگەری لەسەرم هەبێت.

ئەگەرچی زۆر كەس سەرسامن بە جوانییەكەی و هەندێك كەسیش دەڵێن دەستكاری خۆی كردووە و تەمەنی راستەقینەی خۆی شاردووەتەوە، بەڵام شەبنەم ناسنامەی زانكۆی دەردەهێنێ‌ كە لەسەری نووسراوە 25/10/1994، واتە تەمەنی 24 ساڵە. ئەو دەڵێت "من لە چواردە ساڵییەوە سۆشیاڵ میدیا بەكاردێنم، تەمەن نابێ شتێكی وا گرنگ بێت كە خەڵك درۆی لەسەر بكات، من هەرگیز بەخۆم نەگوتووە جوانم، لەگەڵ ئەوەی هەموو كەسێك خۆی لا جوانە، ئەوە خەڵكە ئەو نازناوەی بە من داوە".

زوو زوو داوای خۆشەویستی و هاوسەرگیری لە شەبنەم بارانی دەكرێ‌. ئەو دەڵێت "كەسایەتی ناسراوی كوردستان و بگرە جیهانیش داوای پەیوەندیم لێدەكەن، هونەرمەندی ناوداری جیهانیش هەن، بەڵام ناوەكەی ناڵێم، چونكە كورد زۆر حەز بە دەنگی دەكەن".

شەبنەم بارانی مەرجەكانی خۆی بۆ شووكردن ئاشكرا دەكات و دەڵێت: "تەنیا ئەوەندە دەڵێم پیاو بێت، كوڕ نەبێت، مەبەستم ئەوەیە كەسێكی پێگەیشتوو بێ‌، دەبێت وەك خۆشم سادە بێ‌، جوانییش گرنگە، بەڵام زۆر بایەخی پێنادەم".

ئەگەرچی لە چەند رێكلامێك دەركەوتووە، بەڵام زۆر حەزی لەو بوارە نییە. شەبنەم دەڵێت: "نامەوێ‌ هەموو شتێك بۆ خاتری پارە قبوڵ بكەم". سەبارەت بە بەشداری لە كلیپی گۆرانیش، دەڵێت: "تا ئێستا زۆر هونەرمەند پەیوەندییان پێوەكردووم بۆ كلیپ، بەڵام قبوڵم نەكردووە، چونكە دەمەوێ‌ تەنیا یەكجار دەربكەوم، ئەویش لە كلیپێكی باش و لەگەڵ هونەرمەندێكی باش".

شەبنەم دەڵێت زۆر حەزی لە كاری هونەرییە، بەڵام بیری لەوە نەكردووەتەوە گۆرانی بڵێت، چونكە پێیوایە دەنگی خۆش نییە و ناشیەوێ‌ تەنیا روخساری هەبێ‌ لە گۆرانیگوتندا". ئازەرووش دەكات لە فیلمێكی سینەماییدا رۆڵ ببینێ‌.

شەبنەم بارانی زۆر حەزی لە سەمایە و رۆژانە یەك كاژێر سەما دەكات، هەفتانەش چوار رۆژ دەچێتە كلاسی سەما. شەبنەم ئێستا لەگەڵ گروپێكی سەما كار دەكات و بەشداریی چەند كەرنەڤاڵێكی لە نەرویج و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا كردووە. شەبنەم دەڵێت "شارەزاییەكی باشم لە سەمای وەك كیزومبا، سالسا، سەمای عەرەبیدا هەیە. هەموو جۆرەكانی هەڵپەڕكێی كوردیش دەزانم". 

شەبنەم زۆرتر حەزی لە جلی كوردییە و بۆ زۆر بۆنە دەیپۆشێ‌، لە رەنگیشدا حەزی لە رەنگی رەشە، چونكە بەلای ئەوەوە رەنگی رەش رەنگی خۆشەویستییە. شەبنەم بارانی دەڵێت لە پۆشینی جلوبەرگدا لاسایی كەس ناكاتەوە، چ جلێكی پێ‌ جوان بێ‌، دەیپۆشێ‌.

ئەوكاتەی قسەی بۆ (رووداو) دەكرد، سەرقاڵی خۆ ئامادەكردن بوو بۆ ئەوەی سەردانی باشووری كوردستان بكات، ئەو گوتی: "بەو پێیەی نەنكم خەڵكی رانیەیە، دەمەوێت یەكەم شوێن بچمە ئەوێ، بەڵام ئەگەر بچمەوە رۆژهەڵاتی كوردستان دەمەوێت بچمەوە مەهاباد و پیاسەیەك لە وەفایی و چوارڕێیانی ئازادی بكەم". 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە