رووداو- هەولێر
كاوە ئۆناتلی، دامەزرێنەری سایتی (egerin.com) بۆ گەڕانی ئینتەرنێتی دەڵێ گووگڵ و سایتەكانی دیكەی گەڕانی ئینتەرنێتی 40 ملیۆن كوردیان بە شایستە نەزانی تاوەكو زمانەكەی بۆ لیستی زمانەكانی خۆیان زیاد بكەن.
یەكەمین سایتی گەڕانی كوردی (egerin.com) بەردەوامی دەداتە كارەكانی بۆ مەبەستی پێشخستنی زمانی كوردی لە بواری تەكنۆلۆژیادا. بەڕێوەبەری گشتیی (egerin.com) لە هەڤپەیڤینێكیدا لەگەڵ (رووداو) زانیاری زیاتر لەبارەی ئەگەرین دەدات.
رووداو: (egerin) چییە و كەی دامەزراوە؟

كاوە ئۆناتلی: (egerin) سایتی گەڕان و یەكەی دەستخستنی زانیارییەكانە كە تایبەت بۆ زمانی كوردی دروستكراوە. دەتوانین بڵێین (egerin) ناوەندی ئینتەرنێتی كوردییە. (egerin.com) ساڵی 2014 بەشێوەی تێست دەستی بەكارەكانی كرد، دوای دروستبوونی پەیوەندییەكی زۆر، لەساڵی 2015 وەكو كۆمپانیایەكی تەكنۆلۆژی دامەزرا. وەكو گەنجێكی كوردپەروەر ویستم سوود بە گەلەكەم بگەیەنم. دیارە پێشخستنی زمانی كۆمپیوتەر پێویستییەكی زۆر گرنگە بۆ زمانی كوردی و كوردیش وەكو هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی هەیە لە نێو گووگڵ و سایتی لێگەڕینی ئینتەرنێتی جیهانیدا زمانەكەی بەكاربهێنرێت. بەڵام ئەو سایتانە 40 ملیۆن كوردیان شایستەی ئەوە نەدیت كە پەخشی خۆیان بە زمانی كوردی بكەن. بیرۆكەی دروستكردنی (egerin.com)یش لێرەوە دەستیپێكرد.
رووداو: ئەو پرۆژەیە چ سوودێكی هەیە بۆ زمانی كوردی؟
كاوە ئۆناتلی: زۆر سوودی هەیە و پێش هەموو شتێك زمانی كوردی دەبێتە زمانی تەكنۆلۆژیا. گەورەترین جیاوازیی (egerin.com)یش لە سایتەكانی دیكەی گەڕان ئەوەیە كە زمانی سەرەكیی كوردییە و ئەلفابێ و دۆكیومێنتی كوردی دەناسێت. هەڵبەت زمانی كوردی وەكو زمانی نەتەوەكانی دیكە یەكگرتوو نییە، بەڵام پێموایە ئێمە دەتوانین بەهۆی (egerin.com) ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین و بنچینەیەكی تەكنۆلۆژی بۆ زمانی كوردی دابنێین. (egerin.com) دەبێتە شوێنی بەیەكگەیشتنی خەڵكی كوردیئاخێڤ. ئێستا (egerin.com) لەنێو سایتی دیكەی گەڕاندا كاردەكات و بەو هۆیەوە زمانی كوردیش دەچێتە نێو زمانی نەتەوە گەورەكانی جیهانەوە.
رووداو: جگە لە گەڕان، ماڵپەڕەكەتان چی دیكەشی تێدایە؟
كاوە ئۆناتلی: لە (egerin)دا بێجگە لە گەڕان، هەروەها هەواڵی ئەگەرینیش هەیە كە هەواڵی رۆژنامە كوردییەكان پێشكەشی بەكارهێنەرانی دەكات. هەروەها لینكی ئەگەرین بۆ ئامێری ئایفۆن و ئاندرۆیدیش هەیە. لەگەڵ فەرهەنگی ئەگەرین كە زمانەكانی ئینگلیزی و توركی وەردەگێڕێتەوە سەر هەردوو شێوەزاری كرمانجی و سۆرانی. هەروەها ئەگەرین تیڤیش هەیە كە پەخشی هەموو تەلەڤزیۆنە كوردییەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەكات.
رووداو: خەڵك ئەگەرین چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
كاوە ئۆناتلی: زۆر بە گەرمی پێشوازی لێ دەكەن و بە نامەناردن دڵخۆشیی خۆیان دەردەبڕن. ئەمەش جۆشێكی زیاترمان دەداتێ بۆ بەردەوامیدان بە كارەكەمان.
رووداو: چ كارێك دەكەن بۆ پێشخستنی ئەگەرین؟ ئایا دەكرێ وەكو گووگڵ گەورە ببێت؟
كاوە ئۆناتلی: ئێمە كارێكی بەردەوام دەكەین بۆ بەكارهێنانی رێبازی نوێی تەكنۆلۆژی بۆ بەرنامەكانمان، بەپێی پێویستی هەمیشە پڕۆژەی تازەمان هەیە، بۆچی وەكو گووگڵ نابێت! منداڵی كورد و نەوەی نوێ لەگەڵ ئامێری گەورە و پێشكەوتووی تەكنۆلۆژی گەورە دەبێت. بێگومان ئەگەرینیش دەبێتە بەشێك لە ژیانی كورد و لە هەموو بوارێكدا لەلایەن كوردەوە بەكاردەهێنرێ.
رووداو: ستافی ئەگەرین لە چەند كەس پێكدێت؟
كاوە ئۆناتلی: ستافی كاری ئەگەرین لە چەند كەس پێكهاتووە و بەپێی كات و كار ژمارەیان دەگۆڕدرێت. دەمەوێ ئاماژە بەوەش بدەم كە من بە رەنج و ماندووبوونی خۆم، خەرجی ئەگەرین دابین دەكەم.
رووداو: كورد لە ئەگەرین زۆرتر بەدوای چیدا دەگەڕێ؟
كاوە ئۆناتلی: زۆرتر بەدوای میوزیك و ڤیدیۆ و هەواڵدا دەگەڕێن.
رووداو: رۆژانە چەند كەس سەردانی ئەگەرین دەكەن؟
كاوە ئۆناتلی: سەرەڕای كەم توانایی، بەڵام ئەگەرین رۆژ بە رۆژ گەورە دەبێت. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا بەردەوام كاری بۆ دەكەین.
كاوە ئۆناتلی:
- ساڵی 1977 لە شاری ئێلەهی باكووری كوردستان لەدایك بووە.
- ماستەری ئابووری لە زانكۆی ئومیوی سویدی وەرگرتووە.
- جگە لەبەڕێوەبردنی ئەگەرین، وەكو راوێژكاری دروستكردنی بەرنامە بۆ كۆمپانیاكانی كۆمپیوتەر كاردەكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ