رووداو - كوێلن
گۆرانیبێژی كورد، ئالین بەهۆی كارەكانی توانیویەتی سەرنجی میدیای ئەڵمانی بۆخۆی رابكێشێت. ئێستا ئالین لەگەڵ بەڕێوەبەری تازەی كارەكانی كە كەسێكی ئەڵمانە، سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەلبوومێكی نوێیە. لە ماوەی رابردووشدا كلیپی گۆرانییەكی تازەی كە بۆ منداڵان بوو، بڵاوكرایەوە.
ئالین خەڵكی شاری دێركی رۆژئاوای كوردستانە، بێجگە لە كاری هونەری دەرمانسازیشە. تاوەكو ئێستا 2 ئەلبوومی دەركردووە و چەند گۆرانییەكیشی لە ئەڵمانیا، باكوور و باشووری كوردستان كلیپ كردووە. وا بڕیار بوو ساڵی رابردوو ئەلبوومی سێیەمی دەربكات، بەڵام بەهۆی كۆچی دوایی دایكی، ناچار بوو ئەلبوومەكەی دوابخات.
ئالین كە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، سەبارەت بە كارە هونەرییەكانی بە (رووداو)ی گوت "لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەناوبانگی ئەڵمانی بۆ بەرهەمهێنانی میوزیك رێككەوتووین، هیوادارم تاوەكو سەری ساڵ سوپرایزێك پێشكەشی رای گشتی بكەم لەگەڵ هونەرمەندێكی بەناوبانگی ئەڵمان".
ئالین ئامادەكاری بۆ بەرهەمهێنانی چەند كلیپێك دەكات كە یەكێكیان بە زمانی ئینگلیزی دەبێت، یەكێكیش بە زمانی ئەڵمانی و ئەوی دیكەش بە شێوازێكی هارمۆنی گۆرانی و هۆنراوە دەبێت.
ئێستا لەگەڵ هانس یواخیم زیگمان، بەڕێوەبەری كارەكانی سەرقاڵی پرۆژەیەكە. میدیای لۆكاڵی ویلایەتی تورینگین لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لە رۆژانی رابردوودا گرنگی بە كارە هونەرییەكانی ئالین دا. بڕیاریشە ئەم مانگە بەشداری بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی (ZDF) ی ئەڵمانی بێت، هەروەها لە داهاتووشدا تەلەڤزیۆنی (RTL) هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ سازدەكات
گۆرانیەك بۆ منداڵان بە كوردی و ئەڵمانی
ئالین لەو ماوەیەدا گۆرانییەكی منداڵانی بەناوی "خالخاڵۆك" بە زمانی ئەڵمانی و كوردی كلیپ و بڵاوكردەوە. زۆر منداڵی كورد و ئەڵمانیش بەشدارییان لەو كلیپەدا كردووە. لەبارەی ئەو كلیپەوە گوتی "من منداڵم زۆر خۆشدەوێن، ئەوە چوار ساڵە هەوڵدەدەم بەرهەمێكیان پێشكەش بكەم."
ئالین دەڵێت لەساڵی 2007ەوە، كلیپ و گۆرانییەكانی نزیكەی 3 ملیۆن جار بینراون و بیستراون لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ