نۆری: دەمەوێت هونەرمەندێكی كوردی خانم و خاتوون بم

07-08-2018
دەرباز یونس
نیشانەکردن نۆری
A+ A-

رووداو – هەولێر

بەهۆی شەڕەوە، لە سەرەتای نەوەتەكاندا خێزانەكەی ئاوارەی سووریا دەبن، نۆری كە ئێستا ئەستێرەیەكی تازەی نیوزیلاندی و ئەمەریكییە، لەنێو كەمپی ئاوارەكانی سووریا لەدایكبووە. بە منداڵی لەسەر مێروولە خواردن راهاتبوو، بەڵام نازانێت بۆچی ئەو كارەی كردووە، خاوەنی شەش ناسناوی شاجوانە، لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووی نیوزیلاند-ەوە بانگهێشت كراوە و چاوپێكەوتنێكی كورتیان هەبووە، ئێستا لە لۆس ئەنجلس كار بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی دەكات، نۆری بۆ یەكەمجار هەڤپەیڤینێكی تایبەت لەگەڵ میدیایەكی كوردی دەكات و وەڵامی پرسیارەكانی (رووداو) دەداتەوە.

رووداو: دەمەوێت لە چیرۆكی رۆیشتنتەوە دەستپێبكەم، بۆچی كوردستانت بەجێهێشت؟

نۆری: من خەڵكی باشووری كوردستانم، دایكم و دوو خوشكم لەدوای راپەڕینی 1991 كوردستانیان بەجێهێشت، چونكە ماڵەكەمان بۆردومان كرا، ئەوان چوون بۆ سووریا، منیش لە نێو كەمپی ئاوارەكان لە سووریا لەدایكبووم.

رووداو: كەواتە چیرۆكی زۆرت لە نێو كەمپی ئاوارەكان هەیە، ئێستا چ بیرەوەرییەكی ئەو كاتەت بیر ماوە؟

نۆری: من هەندێك شتم بیرماوە، بەڵام ئەوانەی دەتوانم باسیان بكەم ئەو چیرۆكانەن كە هەمیشە دایكم بۆمیان دەگێڕێتەوە، بۆ نموونە باسی چۆنیەتی پەڕینەوە لە ئاو دەكات، ئەوەشی پێگوتووم كە من بە منداڵی راهاتبووم لەسەر ئەوەی مێروولە بخۆم، نازانم بۆچی مێروولەم خواردووە. هەروەها چیرۆكی ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە هەمیشە لەسەر خوشكەكەم شەڕم كردووە لەگەڵ منداڵەكانی دیكە و لێمداون، ئەگەرچی من لە خوشكەكەم بچووكتریش بووم.

رووداو: چیرۆكی تۆ لەگەڵ رووخانی ماڵەكەتان بەهۆی بۆمب و ئاوارەیی دەستپێدەكات، پلانت هەیە لە داهاتوودا گۆرانی بۆ وەستانی جەنگ بڵێیت؟

نۆری: حەز دەكەم، زۆر مەبەستمە گۆرانییەك بنووسم و تۆماری بكەم لەسەر ئەو كەسانەی كە ئاوارە دەبن، ئەو كەسانەی كە دەبنە قوربانی جەنگ لە هەموو جیهان، بەڵام ئەو بابەتە تەنیا پەیوەستە بەكاتەوە.

رووداو: لە كەیەوە دەستت بەكاری میوزیك و گۆرانی كردووە؟

نۆری: لەوەتای لەبیرم دێت گۆرانی دەڵێم.

رووداو: لەگەڵ بنەماڵەكەت لە نیوزیلاند دەژیان، بۆچی چوویتە لۆس ئەنجلس لە ئەمەریكا؟ لەبەر ئەوەیە كە ئەوێ شوێنی دروستكردنی ئەستێرەیە؟



نۆری: هاتم بۆ لۆس ئەنجلس چونكە لەو كاتە ژمارەیەك بەرهەمهێنەری میوزیكی جیهانیی زۆر باش هەبوون كە من دەمویست كاریان لەگەڵ بكەم، ئەوانیش باوەڕیان بە من و تواناكانی من هەبوو، ئێستاش هەستدەكەم كە لۆس ئەنجلس ئەو شوێنەیە من دەتوانم تێیدا كار بۆ خەون و ئامانجەكانم بكەم.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ هیچكام لە گۆرانیبێژ یان ئەستێرە كوردەكان هەیە؟

نۆری: بەداخەوە نەخێر، بەڵام زۆر حەز دەكەم پەیوەندی دروستبكەم لەگەڵیان.

رووداو: كارت لەگەڵ چەندین بەرهەمهێنەری جیهانی كردووە، بۆ نموونە یەكێك لە بەرهەمهێنەرەكان كاری لەگەڵ ریهانا كردبوو پێش تۆ، چۆن ئەم پەیوەندییە دروستبوو؟

نۆری: من بۆ ئەو ئامانجە هاتم بۆ لۆس ئەنجلس، پێش ئەوەی بێمە ئێرەش پەیوەندیم هەبوو، لەگەڵ چەند ئەستێرەیەكیش پەیوەندیم هەیە و هاوڕێی یەكدین.

رووداو: دەڵێی كە خاوەنی شەش ناسناوی شاجوانیت، دەتوانی پێمان بڵێی كامە رێوڕەسم بوون كە تۆ ناسناوەكانت تێدا بردنەوە؟

نۆری: بەڵێ دەتوانم، Miss Teen New Zealand Aim to Fame 2010، كە تایبەتە بەو كەسانەی دەیانەوێت ببنە ئەستێرە، هەروەها  Miss Global Teen NZ 2011، Miss Bikini NZ 2012، Miss Mount Maunganui   بۆ ساڵەكانی 2009 و 2011 و 2012، لە هەموو ئەو رێوڕەسمانە من ناسناوەكەیانم بەدەستهێناوەو تاجی شاجوانیم بردووەتەوە.

رووداو: پێشتر لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووی نیوزیلاند بانگهێشت كراویت و پێشوازی لێكردوویت، كە یەكتان بینی باسی چیت بۆ كرد؟ باسی چیرۆكی خۆت بۆ كرد كە لە سووریا بەسەرت هاتبوو؟

نۆری: بەداخەوە، ئەو كاتەی كە من هەمبوو بۆ دانیشتن لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی پێشووی نیوزیلاند كاتێكی دیاریكراو و كەم بوو، منیش ئەو كاتە زۆر گەنج بووم، هەروەها زۆر قەلەق و شێوابووم، بەڵام هەندێك شتم بۆ باسكرد.

رووداو: پلانت هەیە گۆرانی كوردی بڵێی؟

نۆری: من هەرگیز گۆرانی كوردیم نەگوتووە، بەڵام لەوانەیە هەوڵ بدەم و لە داهاتوودا بیڵێم، كەس نازانێت چی روودەدات.

رووداو: ئەی چی لە بارەی كۆنسێرت لە كوردستان؟

نۆری: ئەوە بە دڵنیاییەوە دەكەم، حەز دەكەم لە كوردستان كۆنسێرتم هەبێت لە داهاتوو.

رووداو: هەندێ لە هەوادارانت لە سۆشیال میدیا دەڵێن تۆ لە كیم كارداشیان دەچیت؟ هەندێكیان نووسیویانە كیم كارداشیانی كوردی، تۆ حەزت لەم ناسناوە هەیە؟

نۆری: ئەوان وا دەڵێن، بەڵام من دەمەوێت ئافرەتێكی كورد بم، دەمەوێت هونەرمەندێكی كوردی خانم و خاتوون بم.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە