رووداو- هەولێر
هۆزان ئالین ،خانمە گۆرانیبێژی رۆژئاوای كوردستان ، توانی خەڵاتی یەكەم لە پێشبڕكێی (الاغنیە الملتزمە) كە لە شاری (فاس)ی شانشینی مەغریب ساز كرا بوو وەربگرێت، کە لەلایەن ژمارەیەك رێكخراوی هونەری و رۆشنبیری ناسراوی وڵاتی مەغریب و بەسەرپەرشتی هونەرمەندی ناسراوی مەغریب ئەمازیغی (سەعیدە فكری) بووە.
ئالین لەمبارییەوە بە رووداوی راگەیاند "ئەم خەڵاتە پێشكەشی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەم، كە توانییان بە گیانفیدایی و قوربانیدانیان خاكی وڵات لە تیرۆریستان بپارێزن و ئەو ناوچانەی كە دوژمن دەستی بەسەرداگرتبوون رزگاریان بكاتەوە".
لەم پێشبڕكێیەدا (60) گۆرانی لە وڵاتە جیاجیاكان بەشدار بوون و لە كۆتاییدا گۆرانی (وڵات)ی ئالین خەڵاتی یەكەمی بەدەستهێنا، ئەمەش یەكەمجارە گۆرانییەكی كوردی خەڵاتێكی گەورەی لەم جۆرە لە وڵاتی مەغریب بەدەست دەهێنێت.

خانمە هونەرمەند هۆزان ئالین ژمارەیەك سروودی نیشتمانی پێشكەش بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە لەوانە (ئەی فەلەك، پێشمەرگە، وڵات، چیا بەفر و دومانە)، بەم دواییەش سروودێكی دیكەی بە هەردوو زمانی كوردی و ئەڵمانی بڵاوكردەوە وەك دیاری و وەفایەك بۆ وڵاتی ئەڵمانیا لە بری ئەو هاوكارییە سەربازییە و پشتگیری كردنی بەردەوام لە پێشمەرگە پێشكەشی وڵاتی گەل و حكومەتی ئەڵمانیای كرد.
گۆرانی (وڵات)، لە تێكستی شاعیری ناسراوی كورد (ئەدیب چەلكی)یە، باس لە خۆشەویستی وڵات و ئەو تراژیدیا و كارەساتانە دەكات كە بەسەر میللەتەكەماندا هاتوون لە ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجەوە تا دەگات كارەساتی داگیر كردنی شنگال لەلایەن داعشەوە .

رۆژی 23/10/2016 لە ئاهەنگێكی گەورە، كە بەبۆنەی كۆتایی هاتنی پێشبڕكێیەكە لە شاری فاس ساز كرا، بە ئامادەبوونی چەندین كەسایەتی هونەری و رۆشنبیر و نووسەران چەندین وڵات، خەڵاتی یەكەمی پێشبڕكێیەكە لە رێگای كونسوڵی گشتی عێراق لە مەغریب پێشكەش بە خانمە هونەرمەند ئالین كرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ