گوڵستان پەروەر: بەهۆی شووكردنم بە شڤان باوكم حاشای لێكردم

08-01-2018
هیڤیدار زانا
هیڤیدار زانا @hevidarzana1
نیشانەکردن گوڵستان پەروەر
A+ A-

بەشی پێنجەم
رووداو - هەولێر

خانمە هونەرمەندی ناوداری كورد گوڵستان پەروەر، هەموو شەوانێكی شەممە، لە رادیۆی رووداوەوە میوانی پێشكەشكاری ناودار هیڤیدار زانایە. دوو كچە كوردی باكووری لەو بەرنامەیەدا گفتوگۆیەكی سەرنجڕاكێش دەكەن. گوڵستان بەبێ سانسۆر ئەزموونی ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری و سیاسیی خۆی و شڤان پەروەر دەگێڕێتەوە. ئێمە لەبەر گرنگیی ئەو گفتوگۆیە، بە باشمان زانی لە هەفتەنامەی رووداوەوە بە زنجیرە دووبارە بڵاوی بكەینەوە.

گوڵستان لەم بەشەی هەڤپەیڤینەكەدا باسی ئاهەنگی هاوسەرگیرییان دەكات و دەڵێت بەشێوەیەكی كلاسیكی ئاهەنگیان نەكردووە، بەڵكو ئەو رۆژە وەكو دوو كەسی شۆڕشگێڕ چوونەتە سەر ستەیج و جگە لە گۆرانی شۆڕشگێڕی، لەگەڵ شڤان شانۆگەرییەكیشیان لە دژی خومەینی پێشكەش كردووە.

رووداو: باسی هەڕەشەی پەكەكەت كرد لە باوكت كە ئەوكات لە نێو كورد پێیاندەگوتن تەڵەبە، ئەو هەڕەشەیە هیچ ئەنجامێكی هەبوو؟

گوڵستان: ئەم هاتوچۆیە بۆ خوازبێنی من نزیكەی هەفتەیەكی خایاند، دواجار باوكم رازی بوو گوتی گوڵستان ببەن، بەڵام ئەو كچی من نییە. دابڕانی من لە كەسوكارەكەم تراژیدی بوو، دایكم لە هۆش خۆی چوو، براكانم دەگریان، ئەو وێنەیەم قەت لەبیر ناچێ‌، رۆیشتنەكەم وەكو ئەوە بوو بۆ مردن دەچم و ناگەڕێمەوە، 15 ساڵ ئەوانم نەبینی. پاسپۆرتیان بۆ دەرهێنام و منیان خستە نێو ئۆتۆمبێلێك، چووین بۆ ئەنقەرە، دواتر بۆ ئیستانبوڵ. سەرەتا هاتین بۆ فرانكفۆرت، پاشان كۆڵن. دوای دوو ساڵ شڤانم لە ماڵی فەقیر ئەحمەد لە كۆڵن بینی.

رووداو: دەتوانی باسی ئەو رۆژەمان بۆ بكەی كە شڤانت بینی، باوەشتان لە یەكدی دا؟

گوڵستان: خەڵك دانیشتبوون، پڕ لە هەیەجان بووم، وەكو خەونێك وابوو، دوو ساڵ بوو حەسرەتی دووریی شڤانم دەكێشا، شەو و رۆژ بیرم لەوە دەكردەوە چۆن ئەو ببینم. باوەشمان لە یەكدی دا، بەڵام لەنێو خەڵك نا. سەیرێكی كردم و گوتی تۆ زۆر گۆڕاوی، من تۆزێك میلیتانی بووبووم.

رووداو: لەگەڵ شڤان چ پلانێكتان دانا، بۆ دواڕۆژ چی بكەن؟

گوڵستان: من كە چووم بۆ ئەوێ‌ هیچ بەرچاوڕوونییەكم نەبوو، من خەیاڵم تەنیا لای بینینی شڤان بوو. شڤان لە گوندێكی كۆڵن دەچووە كورسێكی زمان، لە بەشە ناوخۆیی قوتابیان دەمایەوە. ئۆتۆمبێلێكی بچووكی ڤۆڵكس واگنی هەبوو. تەمبوورەكەی و جانتایەكی تێدابوو. پێیگوتم ئەوە ماڵەكەی منە. شڤان گوتی من لێرە دەچمە كۆنسێرت، ئاهەنگ، كۆنفرانس و كۆبوونەوە، سەردانی كۆمەڵە و گرووپەكان دەكەم، حەز دەكەم تۆش لەگەڵ من بێی بۆ ئەو شوێنانە.

رووداو: دەیزانی تۆ دەنگت خۆشە؟

گوڵستان: بەڵێ‌، بەڵام ئەو بۆ ئەوەی نەبوو كە لەگەڵی بم گۆرانی بڵێم. ماوەیەك لە ماڵی فەقیر ئەحمەد مامەوە، هەندێكجاریش دەچوومە ماڵی هەندێك مێردینی كە لە كۆڵن بوون. شڤان گوتی با ئاهەنگی هاوسەرگیری بكەین، پاشان شوێنێك دەدۆزینەوە تێیدا بژین. پاش دوو مانگ ئاهەنگمان كرد. گرێبەستی هاوسەرگیریمان كرد. لەوێ‌ لە هۆڵێك ئاهەنگەكەمان كرد. شڤان داوای لێكردم جلی كوردی لەبەر بكەم و گۆرانی بڵێم. هەروەها شانۆگەرییەكیشمان پێشكەش كرد، ئەوكات خومەینی كوردی دەكوشت، شڤان بوو بە خومەینی و منیش بووم بە رۆژنامەڤان. مەسجی سیاسیمان نارد. هەزار كەس هاتووە بە حیساب بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیریمان، ئێمەش خەریكی كوردایەتی بووین. ئیدی لەگەڵ شڤان پێكەوە دەستمان بە گۆرانیگوتن كرد و ئەو گۆرانییەمان گوت "ولات چ قاس خۆش و رندە، كچكێ‌ لێ‌ لێ‌...".

رووداو: ئێوە راتانگەیاند كە ئەو شەوە ئاهەنگی هاوسەرگیری دەكەن؟

گوڵستان: بەڵێ‌ پێشتر هەڤاڵان هاتنە سەر ستەیج و گوتیان ئەمە ئاهەنگی هاوسەرگیریی شڤان و گوڵستانە، بەڵام ئەوان هەردووكیان شۆڕشگێڕ و كوردپەروەرن، حەز ناكەن ئاهەنگێكی كلاسیكی بكەن. حەز دەكەن هاوسەرگیرییەكەیان لە خزمەتی كوردستاندا بێ‌. بۆیە ئێوە ئەمشەو بووك و زاوا نابینن، بەڵكو دوو كەسی شۆڕشگێڕ دەبینن.

رووداو: ئەی هیچ دیاریتان پێشكەش نەكرا؟

گوڵستان: بەڵێ‌، بەڵام دیارییەكانمان بەو مەرجە قبوڵ كرد كە بیدەین بە شۆڕشگێڕانی كوردستان، دیارییەكان هەموو لە سندووقێك دانران و پێشكەشی ئەوانم كرد. 

رووداو: كەی چوویتە نێو ماڵ و حاڵی خۆت؟

گوڵستان: دوای ئاهەنگەكە ماوەیەك لەلای هەڤاڵانم مامەوە، پاشان گوتیان شڤان خانوویەك بگرن بۆ خۆتان. لە كۆڵن خانوویەكمان بە كرێ‌ گرت. خانوویەك كە هەر یەك ژوور بوو، هەتا سەرخۆبوون لەدایكبوو لەو خانووە ماینەوە.

رووداو: ئێوە ئەوكات بە چی دەژیان، دەوڵەت هاوكاریی دەكردن؟

گوڵستان: بەو كەمە پارەیە دەژیاین كە دەوڵەت دەیدا بە شڤان.

رووداو: بێجگە لە میوزیك، سەرقاڵی چی بوون؟

گوڵستان: خەریكی پەروەردە بووین، لەوێ‌ بێجگە لە پەسەكە و دەدەكادە، كۆمكاریش هەبوو، پەكەكە تازە دامەزرابوو، لەوێ‌ لەگەڵ هەڤاڵان سەرقاڵی پەروەردە بووین.

رووداو: ئەو هەڤاڵانە كێ‌ بوون؟

گوڵستان: دۆغان كاراكۆچ كە شەهید بوو، ئەو كاروبارەكانی منی كرد بۆ ئەوەی بگەمە ئەڵمانیا. حەسەن، خەڵكی ماراش بوو، سەلمان بوو. دۆغان مانیفێستۆی پەكەكە و كتێبی شۆڕشگێڕانی كوردستانی لە ئەڵمانیا چاپدەكرد و بڵاوی دەكردەوە. فەقیر ئەحمەد و ئایۆش لایەنگری پەكەكە بوون، دۆغان رێبەرێكی پەكەكە بوو، شڤانیش لەگەڵ ئەو گرووپە بوو، ئیدی منیش تێكەڵیان بووم. پێمگوتن هەر كارێكم پێدەسپێرن من ئامادەم، ئەوانیش پێیان باش بوو من سەرقاڵی كاری هونەری بم. شڤان گوتی گوڵستان دەنگی خۆشە، بەڵام حەزناكات گۆرانی بڵێ‌. ئیدی كە بینیم ئیشەكە ناچارییە دەستم بە گۆرانیگوتن كرد و یەكەم كاسێتم بڵاوكردەوە. 

رووداو: پێش ئەوەی یەكەم كاسێتت بڵاوبكەیەوە، بەشداری ئاهەنگ و كۆنسێرتت دەكرد؟

گوڵستان: لە ئاخن كۆنسێرتێك هەبوو، یەكەمجارم بوو بچمە كۆنسێرتێكی كوردی. مێزێكیان لەبەر دەرگای هۆڵەكە بۆ دانابووم بۆ ئەوەی كاسێتی شڤان و ئەو برۆشۆرانە بفرۆشم كە دۆغان چاپی كردبوون. كەس نەیدەزانی من كێم. جلێكی كوردیم لەبەر كردبوو، دەسماڵێكی سۆربەلەكی شۆڕشگێڕانم لەنێوچەوانم بەستبوو. جگە لەوەش لەگەڵ هەڤاڵان خەریكی رێكخستنی هۆڵەكە بووم. گرووپێكی میوزیك لەوێ‌ بوون، هەموویان قوتابی بوون. من لە دەرەوە كاسێتم دەفرۆشت، یەكێك هات گوتی خێرا وەرە بانگی تۆ دەكەن. من چووم دانیشتم، بینیم شڤان لەسەر ستەیجە و قسە دەكات و دەڵێت گەلی میوانان، دۆتمامی من لە كوردستانەوە هاتووە. یەكەمجارە بەشداری كۆنسێرت دەكات. دەنگی زۆر خۆشە. ئێمە حەز دەكەین گۆرانی بڵێ‌، بەڵام شەرم دەكات. ئەو لەژێر كاریگەریی كولتووری كوردستاندایە كە پێیوایە شەرمە ژن سترانانان بڵێن. من دەمەوێ‌ بانگی بكەم، ئێوە چی دەڵێن؟ خەڵكەكە هەموویان دەستیان بە چەپڵە لێدان كرد. من قاچم دەلەرزی چۆن بچمە سەر ستەیج؟!

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە