رووداو دیجیتاڵ
فیلمی (One Battle After Another) لە دەرهێنانی پۆڵ تۆماس ئاندەرسن، بە بەدەستهێنانی حەوت بەربژێربوون، ریکۆردێکی مێژوویی لە خەڵاتەکانی ساڵانەی ئەکتەران تۆمارکرد.
رۆژی چوارشەممە، بەربژێرانی خەڵاتەکانی ئەکتەران راگەیێندران کە لەلایەن سەندیکای ئەکتەرانی شاشە و فیدراسیۆنی هونەرمەندانی تەلەڤزیۆن و رادیۆ (SAG-AFTRA) دەبەخشرێت.
لە مێژووی 31 ساڵەی ئەم خەڵاتانەدا، پێشتر هیچ فیلمێک نەیتوانیبوو زیاتر لە پێنج بەربژێربوون بەدەستبهێنێت، بەڵام فیلمە نوێیەکەی ئاندەرسۆن حەوت جار ناوی لە لیستەکاندا هات.
جگە لە بەربژێربوونی بۆ خەڵاتی باشترین دەستەی نواندن کە باڵاترین خەڵاتی سەندیکاکەیە، چەندین بەربژێربوونی دیکەیان بۆ ئەکتەران: لیۆناردۆ دیکاپریۆ، چەیس ئینفینیتی، تەیانا تایلۆر، شۆن پێن، بێنیسیۆ دێل تۆرۆ و تیمی نمایشە مەترسیدارەکانی فیلمەکە بەدەستهێنا.
پێنج بەربژێرە سەرەکییەکەی بەشی باشترین دەستەی نواندن بریتین لە فیلمەکانی: (One Battle After Another), (Sinners), (Hamnet), (Marty Supreme, Frankenstein).
بەپێی ئامارەکان، بەدەستهێنانی بەربژێربوون لەم بەشەدا مەرجێکی سەرەکییە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلم لە ئۆسکار، چونکە لە سێ دەیەی رابردوودا تەنیا چوار فیلم توانیویانە بەبێ بەربژێربوون لەم خەڵاتەکە، ئۆسکاری باشترین فیلم ببەنەوە.
بەربژێرەکان لە لۆس ئەنجلس لەلایەن هەردوو ئەکتەر جانێل جەیمس و کۆنۆر ستۆری ناسێندران. لیستە سەرەکییەکانیش بەم شێوەیەن:
باشترین ئەکتەری پیاو: لیۆناردۆ دیکاپریۆ، تیمۆسی شالامێ، مایکل بی جۆردن، ئیسان هۆک و جێسی پلیمۆنس. باشترین ئەکتەری ژن: چەیس ئینفینیتی، جێسی بەکڵی، رۆز بێرن، کەیت هەدسن و ئێما ستۆن.
لە بەشی ئەکتەری پاڵپشتی پیاودا، هەریەکە لە بێنیسیۆ دێل تۆرۆ، شۆن پێن، مایڵز کانتۆن، جەیکۆب ئێلۆردی و پۆڵ مێسکاڵ بەربژێر کراون. بۆ خەڵاتی ئەکتەری پاڵپشتی ژنیش، تەیانا تایلۆر، وونمی موساکو، ئاریانا گراندێ، ئیمی مادیگان و ئۆدیسا ئەزیۆن کێبڕکێ دەکەن.
فیلمی نەرویجی (Sentimental Value) لە لیستی بەربژێرەکان دوورخرایەوە، لەکاتێکدا رێناتە رێینسڤێ و ستێلان سکارسگارد بە بەربژێری بەهێز بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە دادەندران.
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئەکتەران لە رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، لە هۆڵی شاین لە لۆس ئەنجلس بەڕێوەدەچێت و بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە سەکۆی نێتفلێکسەوە پەخش دەکرێت. بڕیارە لەو شەوەدا خەڵاتی دەستکەوتی تەمەن ببەخشرێتە هاریسن فۆرد، ئەکتەری ناوداری جیهانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ