دادگەییکردنی کوڕەکەی رۆب رەینەر بە تۆمەتی کوشتنی دایک و باوکی دواخرا

08-01-2026
پەسار فایەق
نیشانەکردن نیک رەینەر رۆب رەینەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادوەرێکی ئەمریکی بڕیاریدا دانیشتنی دادگەییکردنی نیک رەینەر، بە تۆمەتی کوشتنی رۆب رەینەری باوکی و میشێل سینگەر رەینەری دایکی، بۆ مانگی شوبات دوا بخات، ئەمەش دوای ئەوەی پارێزەرەکەی لە دۆسییەکە کشایەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، تێرێسا مەکگۆنیگڵ، دادوەری دادگەی باڵای لۆس ئەنجلس، رەزامەندیی دەربڕی لەسەر داواکاریی ئالان جاکسن، پارێزەری ئەمریکی، بۆ کشانەوە لە دۆسییەی بەرگریکردن لە نیک رەینەر و شوێنگرتنەوەی لەلایەن پارێزەرێکی گشتییەوە.
 
ئەم دانیشتنە سێ هەفتە و نیو دوای ئەو رووداوە تراژیدییە دێت، تێیدا رۆب رەینەر، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی و هاوژینەکەی، لە نێو ماڵەکەی خۆیان لە لۆس ئەنجلس بە کوژراوی دۆزرانەوە و شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیانەوە بوو.
 
ئالان جاکسن، کە پێشتر پارێزەری کەسایەتیی وەک هارڤی واینستاین بووە، هۆکاری کشانەوەی خۆی لە دۆسییەکە ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، 10 فەرمانی بانگهێشتکردنیان وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانی بەرگری ئامادە کردووە. 
 
دوای کشانەوەی جاکسن، کیمبەرلی گرین وەک پارێزەری گشتی ئەرکی بەرگریکردن لە تۆمەتبارەکەی گرتە ئەستۆ و دادوەر دانیشتنەکەی بۆ 23ـی شوبات دواخست.
 
نیک رەینەری تەمەن 32 ساڵ، کە کوڕی سێیەمی رۆب رەینەرە، لە کاتی دەرکەوتنی لە دادگە لە پشتی شووشەی پارێزراوەوە وەستابوو، جلی قاوەیی زیندانی پۆشیبوو و قژی تاشرابوو. ئەو تەنیا بۆ رەزامەندبوون لەسەر دواخستنی دانیشتنەکە قسەی کرد.
 

نیک رەینەر لە مانگی رابردووەوە بە تۆمەتی دوو تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست دەستگیرکراوە و بەبێ کەفالەت لە زیندان هێڵدراوەتەوە. تاوەکو ئێستا تۆمەتبارەکە هیچ دانپێدانان یان رەتکردنەوەیەکی فەرمی بۆ تاوانەکان پێشکێشی دادگە نەکردووە.
 
رۆب رەینەر و میشێل سینگەری هاوژینی بۆ ماوەی 36 ساڵ ژیانی هاوژینییان هەبوو، یەکێک بوون لە خێزانە ناسراوەکانی هۆڵیوود، کوژرانیان بەدەستی کوڕەکەیان شۆکێکی گەورەی لە نێو ناوەندە هونەرییەکاندا دروستکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە