دەبێتە یەکەمین منداڵ هەڵگری رەگەزنامەی مەریخ بێت

08-02-2015
دەرباز یونس
نیشانەکردن مەریخ
A+ A-

رووداو –تێلەگراف

قوتابییەکی زانکۆی بێرمینگامی ئەمەریکی، ناوی خۆی لە لیستی ئەو خۆبەخشانە تۆمارکردووە، کە بەنیازن ژیان لەسەر هەسارەی مەریخ بەسەر ببەن و گەشتەکەشیان لە ساڵی 2023 دەستپێدەکات.

ماجی لیۆ، تەمەن 24 ساڵ، قوتابی کۆلێژی فیزیا – بەشی گەردوونناسی لە زانکۆی بێرمیگام، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئاشکرای کرد، کە ناوی لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە بڕیارە لە ساڵی 2023 گەشتێک بۆ سەر هەسارەی مەریخ ئەنجام بدەن و لەوێ ژیان بەسەر ببەن.

لیۆ بەمیدیاکانی گوتووە، "هیواخوازم ببمە یەکەمین دایک، کە منداڵەکەم رەگەزنامەی هەسارەی مەریخی هەبێت و لەوێ لە دایک ببێت، من ئەو گەشتە ئەنجام دەدەم و لەوێ خێزانێک دروست دەکەم".

لیۆ، لە بارەی گەشتەکەی زیاتر دەڵێت "هەست دەکەم منداڵبوون لەسەر مەریخ زۆر جیاواز دەبێت لە منداڵبوون لەسەر گۆی زەوی، رەنگە ئەم گەشتە گەڕانەوەی تێدا نەبێت بۆ سەر گۆی زەوی، بەڵام من تاقی دەکەمەوە".

ساڵی 2013 لەماوەی چوار مانگدا نزیكەی 100 ھەزار كەس ناویان تۆماركرد بۆ ئەوەی بەیەكجاریی بچنە ھەسارەی مەریخ و نەگەڕێنەوە سەر زەویی، زۆربەشیان لە وڵاتانی ئەمریكاو چین بوون، پاشانیش 14 كەس هەڵبژێردران.

بەپێی ئەو بەرنامەیەی (گرووپی مارس وەن) دایناوە، لەمانگی نیسانی 2023 یەكەم كەشتی بەڕێدەكەن.

ئەو مەرجانەی گرووپی مارس وەن ئەوكات رایگەیاندبوون:

- كەسێكی كۆمەڵایەتی و گونجاوبێ تا بتوانێ لەگەڵ دەوروبەری ھەڵبكات.
- بەرگەی زەحمەت و ناڕەحەتی زۆر بگرێت.
- باڵای لەمەترو 57 سم نابێ كەمتربێ.
- تەمەنی لەسەرووی 18 ساڵانەوەبێ.
مەرجە قورسەكەیان ئەوەیە كە دەبێ ئەو كەسەی گەشت دەكات رازیبێ كە رۆیشتنەكەی یەكجارییەوەو ئيدى ناگەڕێتەوە بۆسەر زەویی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە