گالەری

08-05-2024
8 Photos
 

رووداو دیجیتاڵ

مێت گاڵای 2024 لە خولەکانی پێشووی جیاوازتر بوو، دەرکەوتنی ئەستێرەکان قسە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هۆکارکەش دەرکەوتنیان بوو بە جۆر و دیزاینە جیاوازەکان.
 
بە بەشداری ئەستێرەکانی سینەما، میوزیک، وەرزش، فاشن و سیاسەتڤانەکان، مێت گالای 2024 لە نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو و ئیوارەخوانێک بۆ ئەم مەبەستە سازکرا.
 
لە خولی ئەمساڵی مێت گالا پێشانگەی "جوانە خەوتووەکان: دووبارە جلوبەرگی نوێ" لە مۆزەخانەی هونەریی میترۆپۆلیتان کرایەوە، تێیدا 250 پارچە جلوبەرگی چوار سەدەی رابردوو خرانەڕوو.
 
هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ئەستیرەکان گرانبهاترین و سەرنجڕاکێشترین جلوبەرگیان پۆشیبوو و بەهۆیەوە سەرنجی میدیاکانیان بەلای خۆیدا راکێشا.
 
لە ئەستێرە دیارەکانی خولی ئەمساڵی مێت گالا، جێنیفەر لۆپێز، پەنالوپی کروز، نیکۆڵ کیدمان، شاکیرا، ئاریانا گراندێ،  کیم کارداشیان، کەیلی جینەر، زندێیا، کریس هیمسوۆرس، باد بەنی، نائۆمی واتس، عەلیا بەهات بوون.
 
جلوبەرگی تایلا، گۆرانیبێژی ئەفریقای باشوور، باس و خواسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، جلێک بوو بە لم دروستکرابوو و کاژمێرێکی لمی بەدەستەوە بوو، چەند کەسێک لە کاتی رۆیشتنی هاوکارییان دەکرد بۆ ئەوەی جلەکە زیانی پێنەگات، کە لەلایەن بالماین، براندی فەرەنسی دیزاینکرابوو.
 
بۆ جیاواز دەرکەوتن لە مێت گالا، کامێلا کابیلۆ، گۆرانیبێژی ئەمریکی، گوڵێکی بەدەستەوە گرتبوو کە لە نێو پارچە سەهۆڵێکدا بوو، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، جلەکەی لە ماوەی 450 کاژێردا دیزاینکراوە و 250 هەزار موروو تێیدا بەکارهاتووە.
 
لانا دێل، گۆرانیبێژی ئەمریکی لە 2018ـەوە لە مێت گالا ئامادە نەبووە، ئەمساڵ ئامادەبوو و دیزاینی جلوبەرگی زۆر جیاواز بوو کە لە ئاوریشم و تول دروستکرابوو، جیاوازییەکەی بەکارهێنانی لقی داری سرووشتی بوو. بیرۆکەی دیزاینەکە بۆ دوو دەیە بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.
 
نیکی میناج، راپەری ئەمریکی، بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکات دەرکەوتنەکانی جیاواز بێت، بە جلێکی رەنگاورەنگی گوڵ گوڵی دەرکەوت و کولتووری رەچەڵەکە ئەفریقاییەکەی پێوە دیار بوو.
 
باد بەنی، راپەری جیهانی، بیرۆکەیەکی جیاوازی هەبوو بۆ دەرکەوتن لەو رووداوە پڕ لە ئەستێرەیە، ئەویش پۆشینی جلێک بوو وەک ئەوەی هێشتا لەلایەن بەرگدروو تەواو نەکرابێت، بیرۆکەکەی بۆ سەردمی رێنیسانس دەگەڕێتەوە.
 
ئەماندا سەیفرێد، ئەکتەری ئەمریکی، بە جلێکی بریقەداری کانزایی گوڵرێژکراو دەرکەوت و بە کاغەزی ئەلمنیۆمی دیزاینکرابوو، تەنانەت رەنگی قژیشی هەمان رەنگ بوو و تاجێکی بەسەرەوە بووە کە بە بەردە بە نرخەکان رازێندرابووەوە.
 
ئەدوا ئابواهـ، نمایشکاری جلوبەرگی بەریتانییە، دووگیانە، بە جۆرێک لە مێت گالا دەرکەوت کە بە روونی دووگیانی دەرکەوێت، بۆیە جلێکی سووری پۆشیبوو و بە شێوەیەک دیزاینکرابوو کە سکی رووت بێت.
 
مێت گالا بۆ یەکەمجار لە 1948 بەڕێوەچوو و دوای 70 ساڵ، بوو بە یەکێک لە گرنگترین رووداوەکانی بواری فاشن و کۆکردنەوەی هاوکاری. لە 2023 نزیکەی 22 ملیۆن دۆلار و لە 2022 نزیکەی 17 ملیۆن دۆلار بۆ مۆزەخانەکە کۆکرایەوە.