رووداو- هەولێر
کچە ئەکتەری تونسی هیند سەبری، لە فیلمێکدا نهێنی چەکدرانی داعش ئاشکرادەکات و دەشڵێت ناترسێت و هیچ باکی بە داعش نییە.
هیند سەبری دەربارەی نوێترین فیلمی لە لێدوانێکدا رایگەیاند" کاتێک زانیم فیلمەکە لەسەر کارە تێکدەرکانی داعشە، یەکسەر قبوڵم کرد، چونکە دەمەوێت نهێنی داعش ئاشکرابکەم، لەگەڵ ئەوەشدا هۆکاری پەیوەندیكردنی گەنجان بە رێكخراوەكە دەخەمەڕوو".
زۆربەی فیلمەكانی هونەرمەند هیند سەبری بوێری و چاونەترسییان تێدایە، وەک ئەو فیلمەی لەسەر تووشبووانی نەخۆشی ئایدز بڵاویکردەوە، دەنگدانەوەیەکی زۆری لەنێو وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە.
هیند سەبری چیرۆکی فیلمەکە ئاشکرادەکات و دەڵێت " فیلمەکە باس لەو ئافرەتانە دەکات کە پەیوەندی بە داعش دەکەن ، بۆ جیهاد دەچنە سووریا و عێراق، هەڵبەتە نهێنی زۆر نوێ لەسەر کارەکانی داعش لەگەڵ ئافرەتان ئاشکرادەکەین". ئەم فیلمە لە دەرهێنانی تونسی رەزا ئەلباهییەو بڕیارە لە مانگی سبتێمبەری داهاتوودا دەست بە وێنەگرتنی بکرێت.
هیند سەبری لە ساڵی 1979 لە تونس لەدایکبووە، لە ساڵی 1994 دەستیپێکی کاری هونەری بووە، بەڵام لە ساڵی 2001 چووەتە میسر و لەوێ بەشداری لە فیلمێکی میسری كرد بەنێوی"مژكرات مراهقە ". سەبری بەو فیلمە نێوبانگێکی زۆر بەدەستهێنا، تاوەکو ئێستاش هەر لە میسر دەژیت و لەوێ خەریکی کاری فیلم و درامایە، ساڵی 2004 خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی وەرگرت، شووی بە پیاوێکی بازرگانی میسری بەنێوی ئەحمەد شەریف کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ