رووداو - هەولێر
سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری سینەمایی كورد لە چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی نێودوڵەتی بەشداری كردووە و چەندین خەڵاتیشی وەك دەرهێنەری باشترین فیلم وەرگرتووە. ناوبراو بە (رووداو)ی گوت یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی بەرشلۆنە لیۆنێل میسی سەرسارم بووە بە فیلمەكانی.
سینەماكاری كورد سەهیم عومەر وەكو گەنجێكی كورد ئولفەتی بە هونەری حەوتەمەوە گرتووە و لەچاوی بچووكی زوومی كامێراكەیەوە ئێش و ئازاری گەلەكەی دەخاتە بەرچاوی جیهان.
ئەو لە شاری زاخۆ كە سینەماشی لێ نەبووە، عەوداڵی سینەما دەبێت، هەر بۆ خۆشەویستی ئەو هونەرە دەچێتە بەلجیكا و لەوێ بە شێوەیەكی ئەكادیمی سینەما دەخوێنێ.
خاكی پاڵەوانان خەڵاتباران دەكرێت
سەهیم بە فیلمی خاكی پاڵەوانان لە نێوەندە سینەماییەكانی جیهاندا ناوبانگ دەردەكات. لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "فیلمی خاكی پاڵەوانان لەساڵی 2011 بەرهەم هاتووە، بەو فیلمە لە فێستیڤاڵی بەرلین بەشداربووین كە بەرهەمێكی هاوبەش بوو لە نێوان كوردستان و بەلجیكا، بەڵام پارەی پڕۆژەكە لەلایەن حكومەتی بەلجیكاوە دابینكرابوو، ئەو فیلمە تاوەكو ئێستا 23 خەڵاتی وەرگرتووە، ئەمەش یەكەمین فیلمی كوردی و بەلجیكییە ئەو هەموو خەڵاتە وەربگرێت". وێنەگرتنی ئەو فیلمە لە زاخۆ بووەو كارە تەكنیكیەكانیشی لەلایەن ستافێكی بەلجیكیەوە ئەنجامدراوە.
"میسی بەغدا" بە "میسی ئەرجەنتینی" دەگەیەنێ
فیلمی "میسی بەغدا" دوای خاكی پاڵەوانان زۆرترین دەنگدانەوەی هەبوو. سەهیم عومەر لەبارەی ئەو فیلمەوە گوتی "فیلمی میسی بەغدا بە هاوبەشی حكومەتی ئیمارات و بەلجیكا بەرهەمهاتووە، ئەم فیلمە باس لە خەونی منداڵێكی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكات كە دەیەوێت لە جەنجاڵی و ئاژاوەی بەغدادا ئاواتەكانی خۆی بهێنێتە دی، ئەویش بینینی یاریزانی ئەرجەنتینی لیۆنێل میسییە".
دیمەنەكانی ئەو فیلمە لە شارۆچكەكانی زاخۆ و رەبیعە وێنەگیراون. لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانیدا بەشداری كردووە و چەند خەڵاتێكیشی بەدەستهێناون.
سەهیم دەڵێت توانی خەونی ئەو منداڵە بهێنێتە دی. سەهیم گوتی "لەبەرئەوەی ئەم فیلمە بووە جێگای مشتومڕی زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندن و بووە مانشێتی سەرەكی زۆربەی رۆژنامە وەرزشییەكانی ئیسپانیا، بۆیە لە رێگای چەند كەناڵێكی راگەیاندنی جیهانی و دواتر لە رێگای كۆمپانیای ئاسیاسێڵ و كۆمپانیایەكی قەتەری ئەم كوڕە و باوكیان بردە لای لیۆنێل میسی، ئەویش دیارە فیلمەكەی بینیبوو، زۆر سەرسام بوو بە ئەكتەری سەرەكی فیلمەكە بەناوی عەلی ئەلزەیداوی، دواجار ئەم خەونەی هاتە دی و توانی ئەو یاریزانە جیهانییە ببینێت".
فیلمی میسی بەغدا تاوەكو ئێستا 5 خەڵاتی وەرگرتووە، 3 خەڵاتی وەك باشترین فیلم بووە، هەروەها لە دوو هەفتەدا لە ماڵپەری یوتوب زیاتر لە یەك ملیۆن كەس سەیری فیلمەكەیان كردووە.
دەبووایە یەك قاچی هەبێت و عەرەبیش بێت
سەهیم دەڵێت زەحمەتییەكی زۆری بینیوە بۆ دۆزینەوەی ئەكتەرەكانی ئەو فیلمە "زۆر ماندوو بووین تا ئەم ئەكتەرەمان دۆزییەوە، زیاتر لە شەش مانگ بەدوای ئەكتەردا گەڕاین، لە كۆتاییدا زۆر بێ ئومێد بووین لە دۆزینەوەی ئەكتەرە سەرەكیەكە، چونكە زۆر مەرج هەبوو دەبووایە لەو ئەكتەرەدا هەبێت، دەبووایە تەمەنی لەنێوان 9 تا 11 ساڵ بێت، تەنیا یەك قاچی هەبێت و عەرەبیش بێت، بەڵام دواتر عەلیمان لە بەغدا دۆزییەوە".
فیلمی داهاتووی لەسەر زاگرۆسە
لەبارەی بەرهەمی ئایندەی، سەهیم عومەر گوتی "ئێستا خەریكی فیلمێكی درێژم كە دوو كاژێر دەبێت، سیناریۆی تەواو بووەو پارەی سیناریۆكەمان وەرگرتووە، ئەو فیلمە باس لە كوڕێك دەكات بەناوی زاگرۆس كە دەچێتە ئەوروپاو دەیەوێت كولتووری خۆی بگۆڕێت، بەڵام ناتوانێت. هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا خەریكی كورتە فیلمێكم كە لەو ماوەیە دەست بە وێنەگرتنی دەكرێت، لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر بەرهەمدێت بەناوی (راوچییەكی خراپ)".
سەهیم كێیە؟
سەهیم عومەر خەلیفە لە ساڵی 1980 لە دەوروبەری زاخۆ لەدایكبووە، لە زاخۆ خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی تەواو كردووە. ساڵی 2000 بەشی ژمێریاری پەیمانگەی تەكنیكی دهۆك تەواو دەكات، ساڵی 2001 دەچێتە بەلجیكا و لەوێ دەبێتە پەنابەر، لە ساڵی 2004 دەستی بە خوێندنی سینەما لە زانكۆی سێنت لوكاسی بەلجیكا كرد.
ساڵی 2009 بڕوانامەی ماستەری لە بواری دەرهێنانی سینەمایی وەرگرتووە، نامەی ماستەرەكەی فیلمێك بوو بە ناوی نان كە خەڵاتی باشترین فیلمی قوتابیانی بەلجیكای وەرگرتووە، بەهای خەڵاتەكەش 60 هەزار یۆرۆ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ