رووداو دیجیتاڵ
لە هۆڵێکی سینەمای بوێنۆس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین فیلمی 'ئەرجەنتین 1985' پێشاندا کە باس لە دادگاییكردنێکی مێژوویی ئەو وڵاتە دەکات، تێیدا ئەو سەرکردە دیکتاتۆرانەی لە 1976ـەوە تا 1983 فەرمانڕەوایی ئەرجەنتینیان کرد، سزادران.
فیلمەکە یادەوەریی دادگەکانی سەردەمی دوای دیکتاتۆرییان لای خەڵکی ئەرجەنتین زیندووکردووەتەوە کە بە گوتەی خۆیان لە دادگەکانی ئێستا دادپەروەرتر بوون.
کارلۆس لەیبۆڤیچ، بەندکراوێکی سەردەمی دیکتاتۆریی ئەرجەنتینە و راگەیاند "ئەمڕۆ لە ئەرجەنتین بەشێکی زۆری دادگە و ئەو خەڵکەی تێیاندا کار دەکەن، گەندەڵن".
هۆڵەکانی سینەمای ئەرجەنتین پڕ بوون لەو کەسانەی لە سیستەمی دادوەریی ئێستای وڵاتەکەیان وەڕەس بوون و داوا دەکەن دادگاکانی وڵاتەکەیان هاوشێوەی یادەوەرییەکانی نێو فیلمەکە بگەڕێنەوە سەر چەسپاندنی دادپەروەری، لە کاتێکدا کە راپرسیێک پێشانیدەدات 78٪ ئەرجەنتینییەکان متمانەیان بە دادگاکانی وڵاتەکەیان نەماوە.
مارتا پوولین، بینەری فیلمە و دەڵێت "پێموایە کەلێنێکی گەورە هەیە، ئەوکاتە کەلێنەکە لە نێوان لایەنگرانی سوپا و لایەنگرانی دادپەروەریدا بوو، ئێستا کەلێنەکە لە نێوان لایەنگرانی دادپەروەری و لایەنگرانی بەرژوەندیی سیاسیدایە".
فیلمەکە لە لایەن ساتیاگۆ میتر، دەرهێنەری ئەرجەنتینی کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.
لە یەکەمین هەفتەی نمایشیدا، سەرووی 312 هەزار بینەری لە زیاتر لە 200 هۆڵی سینەمای ئەرجەنتین هەبووە و چاوەڕواندەکرێت ریکۆردەکانی بۆکس ئۆفیس لەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور بشكێنێت و لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئۆکساریدا نوێنەرایەتی ئەرجەنتین بکات.



