رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی 'ئەزموون' لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کورکی، سینەماکاری کورد، خەڵاتی 'سندووقی جەماوەری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان- UNFPA' لە 43یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە لە میسر بەدەستهێنا.
'ئەزموون' چوارەمین فیلمی بڵندی کورکییە و لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاشە، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەرە؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتییدا، لە بەشی پێشبڕکێی "پانۆڕامای نێودەوڵەتی" لە فێستیڤاڵی فیلمی قاهیرە بەشداربوو و توانی ئەو خەڵاتە بەدەستبێنێت.
خەڵاتی 'سندووقی جەماوەری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان – UNFPA'، بە هۆی رۆڵی فیلمەکە لە 'پەرەپێدانی وتووێژ سەبارەت بە مژارەکانی جەماوەری' بەو فیلمە بەخشرا.
'ئەزموون' بەرهەمی کۆمپانیای 'میتۆس فیلم'ـی بەرلین و کۆمپانیای 'مەستی فیلم'ـی سلێمانییە کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای 'ئاڕت هوود' لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
43یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە، بە سەرۆکایەتی محەممەد حەفیزی و بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی ئەمیر کۆستۆریتسا دەرهێنەری سیربی؛ بە ناونیشانی کۆنترین فێستیڤاڵە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە نمایشی زیاتر لە سەت بەرهەمی دەرهێنەرانی وڵاتانی جیهان، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، بەشی پێشبڕکێی 'ئاسۆکانی سینەمای عەرەب'، بەشی پێشبڕکێی 'پانۆڕامای نێودەوڵەتی'، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی 'هەفتەی رخنەگران' و بەشی 'نمایشەکانی نیوە شەو'، لە رۆژانی 26-11-2021 تاوەکو 5-12-2021 لە ماڵی ئۆپێرا لە قاهیرەی میسر بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ