ئەڤین ئاسۆ: پێویستم بە پڕوپاگەندە نییە بۆ ناوبانگ پەیداكردن

09-03-2015
رێكەوت سەلام
نیشانەکردن ئەڤین ئاسۆ
A+ A-
 رووداو - هەولێر

زوو زوو شوێنی كارەكەی دەگۆڕێت، زوو زووش دەمرێندرێ، هەروەها زوو زووش بە شوو دەدرێ، ناو بەناو دوور دەكەوێتەوە، پاشان خۆی و بەرنامەكانی بە ستایل و شێوازێكی نوێ‌ دەردەكەونەوە. كچە پێشكەشكاری كورد ئەڤین ئاسۆ مۆری خۆی لەبەرنامەیەك داوە بەناوی "ئەڤین ژن و ژیان".

ئەو لەبارەی مراندنی و زوو زوو بەشوودانی  رەتیدەكاتەوە خۆی لە پشت ئەو پڕوپاگەندانەوە بێت و پێیوایە ئەو قۆناغەی بڕیوە كە پێویستی بە ناوبانگ پەیداكردن بێت. ئەڤین ئاسۆ لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی هۆكاری دەرنەكەوتنی ئارامۆی هاوڕێی دەكات لە تەلەڤزیۆنەوە.

رووداو: تاكەی دەتەوێت ئەڤین ژن و ژیان بەردەوام بێت و هەر خۆت پێشكەشی بكەی؟

ئەڤین ئاسۆ: تا ئەوكاتەی توانای بەردەوامی ‌و داهێنانمان مابێت؟ هەر كاتێك زانیمان نوێگەریمان پێناكرێت ‌و لەئاست متمانەی بینەر نین، بەدڵنیاییەوە قسەیەكی دیكەمان دەبێت. سەبارەت بە پێشكەشكردنی بەرنامەكەش لەلایەن منەوە، بەرنامەكە بەناوی منەوەیە، زەحمەتە كەسێكی دیكە بەم ناوە بتوانێت پێشكەشی بكات، بەڵام وەك ناوەڕۆكی بەرنامەكەی من، ئاساییە كەسێكی دیكە پێشكەشی بكات.

رووداو: زوو زوو پڕوپاگەندەت بۆ دەكرێت، جارێك دەڵێن شووی كرد، جارێك دەڵێن مرد، ئەم هەموو پڕوپاگەندانە بۆچی؟

ئەڤین ئاسۆ: ئێمە زۆر خۆمان دەپارێزین وەڵامی قسە و قسەڵۆك بدەینەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێجار ئەوەندە تەشەنە دەكەن كە ناچارین وەڵاممان هەبێت، بەتایبەتی زۆرجار بینەر و دۆستە ئازیزەكانیش داوامان لێدەكەن قسەمان هەبێت.

رووداو: تاوەكو ئێستا 17 جار هەواڵی جۆراوجۆر لەسەر ئەڤین ئاسۆ لەبارەی شووكردن و مردن و بابەتی دیكە بڵاوكراونەتەوە، دەگوترێ‌ ئەڤین ئاسۆ خۆی لە پشت بڵاوكردنەوەی هەندێك لەو هەواڵانەیە؟

ئەڤین ئاسۆ: رەنگە باش بەدوایدا نەگەڕابن، ئەگینا پڕوپاگەندە تەنها بۆ ئەڤین ئاسۆ نەكراوە. ئەم پرسیارەی بەڕێزتان جۆرێك لەبێ ئینسافی تێدایە، چونكە ئێمە كەسێك نین لەڕێی پڕوپاگەندەوە بەشوێن پەیداكردنی ناوبانگدا بگەڕێین، پێموانییە پڕوپاگەندە تەنیا ئێخەی ئەڤین ئاسۆ بگرێت، بەڵكو دەیان قسە لەسەر هونەرمەند و پێشكەشكارەكانی دیكەش كراوە.

رووداو: زۆر هونەرمەند بوونەتە میوانی بەرنامەكەت، بەڵام تاوەكو ئێستا دەشنێ‌ و هێڵی لەڤت داوەت نەكردووە، بۆچی؟

ئەڤین ئاسۆ: ئێمە تێبینیمان لەسەر هیچ هونەرمەندێك نییە. نەك ئەو بەڕێزانە، بەڵكو هونەرمەندی دیكەش هەیە نەیتوانیوە ئامادەبێت، ئەوە پەیوەندی بە دەرفەتی ئەوانەوە هەبووە بۆ بەشداریی لەبەرنامەكە، تاوەكو ئێمە بەردەوام بین هەوڵدەدەین زۆربەیان میوانداری بكەین، بەڵام مێژووی بەرنامەكە بە درێژایی 5 وەرز و بەشی هونەریی بەرنامەكە شایەتی ئەوەن كە ئێمە جیاوازی لە نێوان كەس ناكەین، ئەوەی لە رابردوودا نەیتوانیوە و نەگونجاوە، بێگومان بۆ ئایندە هەر میوان دەبن.

رووداو: دوای دووركەوتنەوەتان لە كەناڵ چوار و كۆڕەك، ئارامۆ نەبینرا، تەنیا لە پرۆگرامەكانت ئاماژە بە ناوی دەدەی، بۆچی تاوەكو ئێستا نەبووەتە میوانی پرۆگرامەكەت؟

ئەڤین ئاسۆ: ئارامۆ خۆی حەزی كردووە لەسەر شاشە دووربكەوێتەوە‌و زیاتری خۆی بۆ بەڕێوەبردنی كۆمپانیای ئارامۆ میدیا تەرخان بكات، ئەو كۆمپانیایەی خاوەندارێتی بەرنامەكەی ئێمە دەكات، بەمدواییەش زیاتر سەرقاڵ بووە بە دامەزراندن ‌و بەڕێوەبردنی كەناڵی نێت تیڤی، ئەمە جگە لەوەی خۆی هەمیشە ئەو باوەڕەی هەیە كە دەبێت دەرفەت بۆ كەسانی دیكە بڕەخسێنرێ، چەند جارێكیش داوامان لێكردووە میوانی بەرنامەكە بێت، بەڵام ئەو پێی خۆشە لەكەوالیسەوە پشتیوانی بەرنامەكە بكات نەك لەسەر شاشە.

رووداو: ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندەكانتان رەوانەی ماڵەوە كرانەوە، ئەوە چۆن بوو؟

ئەڤین ئاسۆ: راستییەكەی ئەوە پەیوەندی بەمنەوە نییە. ئەو كارمەندە بەڕێزانە گرێبەستیان لەگەڵا دامەزراوەیەكی میدیایی هەبووە نەك شەخسی من، بۆخۆشیان لەگەڵا بەشی ئیدارە و یاسایی دامەزراوەكە گفتوگۆیان كردووە و سەرجەم ئەو بەڕێزانەش تەواوی مافی خۆیان وەرگرتووە و تەنیا دواكەوتنی مووچە بوو. ئەوەی ئێستا كارمان لەگەڵ ناكات گرێبەستی تەواو بووە و پێویست نەكراوە گرێبەستی نوێ‌ بكرێتەوە.







کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە