رووداو دیجیتاڵ
ئاکام رەزایی، سینەماکاری کورد و پسپۆڕی کاریگەرییە بینراوەکان، وەک یەکێک لە دادوەرانی خەڵاتە جیهانییەکانی کۆمەڵەی کاریگەرییە بینراوەکان دەستنیشانکرا. ئەم دەستکەوتە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵەکە ئامادەکاری بۆ 24ـەمین خولی خەڵاتەکانی دەکات، تێیدا بەرهەمە دیارەکانی هۆڵیوود رکابەری تێدا دەکەن.
رێوڕەسمی خەڵاتەکانی کاریگەرییە بینراوەکان (VES)، بە "ئۆسکاری کاریگەرییە بینراوەکان" دەناسرێت، بەرزترین رێزلێنانە لە جیهانی سینەمادا کە بە هونەرمەندان و پسپۆڕانی ئەو بوارە دەبەخشرێت.
کۆمەڵەکە زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامی لە 50 وڵاتی جیهان هەیە و ساڵانە لە رێوڕەسمێکدا لە هۆتێلی بێڤرلی هیڵتن لە لۆس ئەنجڵس؛ خەڵاتەکان دابەش دەکرێن.
لە خولەکانی پێشوودا، خەڵاتی شانازی و دەستکەوتی ژیان بەخشراوەتە دیارترین دەرهێنەر و خەیاڵسازانی مێژووی سینەما، لەوانە: جۆرج لوکاس، ستیڤن سپیلبێرگ، جەیمس کامیرۆن، پیتەر جاکسۆن و کریستۆفەر نۆلان.
ئاکام رەزایی بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە گەورەترین رووداوی ساڵە بۆ ئێمە؛ هەر فیلمێک لێرە خەڵات وەربگرێت، بەو واتایە دێت کە لەلایەن پسپۆڕترین کەسانی جیهانەوە پەسند کراوە. پرۆسەی وەرگرتن وەک ئەندام و دادوەر مەرجی قورسی هەیە، دەبێت 5 بۆ 10 ساڵ لە هۆڵیوود وەک پیشەگەر کار بکەیت و لەلایەن سێ ئەندامی دێرینەوە پشتگیری بکرێیت".
بڕیارە 24ـەمین خولی خەڵاتەکانی (VES) لە 25ـی شوباتی 2026 بەڕێوەبچێت، تێیدا خەڵات بۆ باشترین بەرهەمەکانی ساڵی 2025 دابین دەکرێت.
کێبڕکێکە لە 25 بەشی جیاوازدایە کە فیلمی سینەمایی، زنجیرەی تەلەڤزیۆنی، ئەنیمەیشن، ریکلام و یارییە ڤیدیۆییەکان دەگرێتەوە.
لە دوایین خولیدا کە خولی 23ـەمین بوو، فیلم و زنجیرە گەورەکانی وەک (Spider-Man: Across the Spider-Verse) و (The Creator) بوونە براوەی سەرەکی.

چاوەڕوان دەکرێت بۆ خولی داهاتوو بەرهەمە بەناوبانگەکانی وەک (Dune: Part Two)، (Kingdom of the Planet of the Apes)
و (The Wild Robot) رکابەریی تێدا بکەن.
.jpg)
ئاکام رەزایی، لە 1989 لە مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. دوای ئەوەی وەک پەنابەر رووی لە ئەمەریکا کردووە، توانیویەتی بچێتە پەیمانگەی بەناوبانگی (Gnomon) و پسپۆڕی لە کاریگەرییە بینراوەکان وەربگرێت و ئێستا لە لۆس ئەنجڵس لەو بوارەدا و لە بواری رەنگ لە دیمەنە بینراوەکاندا کار دەکات.
لە کارنامەکەیدا بەشداری لە بەشێک لە بەرهەمەکانی نێتفلێکس، ئەپڵ تیڤی و پارامۆنت دا کردووە.
.jpg)
سەرباری کارکردنی لە هۆڵیوود، ئاکام رەزایی پەیوەندی بە سینەمای کوردییەوە هەیە و ساڵی 2024 لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەی دادوەری بۆ فیلمە کوردییەکان.
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ