کتێبێکی وێنەیی دەگمەنی سوپەرمان بە 15 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆپییەکی دەگمەنی ئەو کتێبە وێنەییە (کۆمیک) کە بۆ یەکەمجار کارەکتەری سوپەرمانی بە جیهان ناساند و پێشتریش لە ماڵی نیکۆلاس کەیج دزرابوو، بە بڕی 15 ملیۆن دۆلار فرۆشرا و ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد.
 
کتێبە چیرۆکێکی وێنەییە لەبارەی کارەکتەری سوپەرمان و بەناوی (Action Comics)ـە، رۆژی هەینی فرۆشراوە و کڕیار و فرۆشیارەکە نەیانویستووە ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت.
 
ئەم نرخە نوێیە ریکۆردی پێشووی فرۆشتنی کتێبە کارتۆنییەکانی شکاند، کە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو تۆمارکرابوو، کاتێک کۆپییەکی (Superman No. 1) بە 9.12 ملیۆن دۆلار فرۆشرابوو.
 
کتێبەکە لە 1938 دەرچووە و ئەو کاتە تەنیا بە 10 سەنت دەفرۆشرا، وەک سەرەتای سەرهەڵدانی ژانری "پاڵەوانە خەیاڵییەکان" هەژمار دەکرێت، تێیدا چیرۆکی لەدایکبوونی سوپەرمان لە هەسارەیەکی لەناوچوو، گەشتەکەی بۆ سەر زەوی و بڕیاردانی بۆ بەکارهێنانی هێزە بێوێنەکەی لەپێناو خزمەتی مرۆڤایەتی دەگێڕدرێتەوە.
 
ڤینسێنت زورزۆلۆ، سەرۆکی کۆمپانیای میترۆپۆلیس، دەڵێت: "ئەمە گەوهەری کتێبە کارتۆنییەکانە. ئەگەر ئەم کۆمیکە نەبووایە، رەنگە ئێستا هیچ پاڵەوانێکی دیکەی خەیاڵیمان نەبووایە". ئاماژەی بەوەش کرد، لە تەواوی جیهاندا تەنیا نزیکەی 100 دانە لەم کۆمیکە ماون.
 
چیرۆکی دزرانی لە ماڵی نیکۆلاس کەیج
 
ئەم کۆپییە تایبەتە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی هەیە؛ لە 2000 لە ماڵەکەی نیکۆلاس کەیج، ئەکتەری ئەمریکی، لە لۆس ئەنجلس دزرا، بەڵام دوای 11 ساڵ و لە 2011ـدا لەنێو کۆگایەک لە باشووری کالیفۆرنیا دۆزرایەوە، دوای ئەوەی پیاوێک تەواوی ناوەڕۆکی کۆگاکەی کڕیبووەوە.
 
نیکۆلاس کەیج لە 1996ـدا ئەم کۆمیکەی بە 150 هەزار دۆلار کڕیبوو. دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 بۆی گەڕایەوە، کەیج هەر لەو ساڵەدا لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 2.2 ملیۆن دۆلار فرۆشتی.
 
ستێفن فیشلەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای میترۆپۆلیس، لەو بڕوایەدایە، چیرۆکی دزرانی ئەم کۆمیکە و دواتر دۆزینەوەی، رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بەرزکردنەوەی بەهاکەی لە بازاڕدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە