ئەنجێلینا جولی بە فیلمێک ئازار و ململانێکانی ژیانی نیشان دەدات

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئەنجێلینا جولی Couture
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجێلینا جولی، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی، یەکەم تریلەری فیلمە نوێیەکەی بەناوی (Couture) بڵاوکردەوە. فیلمەکە ئاوێتەیەکە لە جیهانی فاشن و درامایەکی مرۆیی قووڵ، کە رەنگدانەوەی ئەزموونە سەختەکانی ژیانی تایبەتی و تەندروستی خودی جولییە.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی ئەلیس وینۆکورە و رووداوەکانی لە کاتی هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس دا روودەدەن. جولی رۆڵی دەرهێنەرێکی سینەمایی دەگێڕێت کە لە ناوەڕاستی پڕۆسەی جیابوونەوەدایە لە هاوژینەکەی؛ لە هەمان کاتدا دەزانێت کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە. لە تریلەرەکەدا، جولی بە زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی قسە دەکات، ئەمەش رەهەندێکی راستگۆیانە و قووڵ بە کارەکتەرەکەی دەبەخشێت.
 
پەیوەندییەکی کەسیی قووڵ
 
فیلمەکە بۆ جولی تەنیا کارێکی هونەری نییە، بەڵکو گوزارشتە لە مێژوویەکی پڕ لە ئازار. جولی ئێستا 50 ساڵە و لە 2007 دایکی بەهۆی شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدانەوە لەدەستدا. دواتر لە 2013ـدا خۆی رووبەڕووی هەمان نەخۆشی بووەوە.
 
جولی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری (Time France) دەڵێت: "ئەم چیرۆکە بۆ من زۆر تایبەتە. هەر زوو هەستم بە پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ کارەکتەری کوتور کرد. ئەو شێوازەی دەرهێنەر -ئەلیس وینۆکور- مامەڵەی لەگەڵ نەخۆشییەکەدا کردووە، زۆر بێوێنەیە".
 
ئاماژە بەوەش دەکات، فیلمەکە تەنیا باس لە خەم و پەژارە ناکات، بەڵکو باس لە ژیان دەکات و دەڵێت: "نەخۆشی و سەختییەکان بەشێکن لە بوونی ئێمە، گرنگ ئەوەیە چۆن رووبەڕوویان دەبینەوە".
 
بەپێی سەرچاوە سینەماییەکان، وێنەگرتنی فیلمەکە لە شوێنە راستەقینەکانی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی پاریس ئەنجامدراوە، ئەمەش وایکردووە فیلمەکە ئاوێتەیەک بێت لە ژانری بەڵگەنامەیی و دراما. دەرهێنەر ئەلیس وینۆکور ئاماژەی بەوە کردووە، ویستوویەتی "هێز و ناسکی" ژن لە یەک کاتدا نیشان بدات.
 

جولی لەبارەی ئەزموونی وێنەگرتنەکەوە بە گۆڤاری (Variety)ـی راگەیاندووە: "لە کاتی وێنەگرتندا هەستم بە لاوازییەکی زۆر دەکرد. فیلمەکە هێندە کەسی بوو، بۆ من وەک فیلم نەبوو، بەڵکو وەک پارچەیەک لە ژیانم وابوو".
 
بڕیارە فیلمی (Couture) لە 18ـی شوباتی ئەمساڵ لە سینەماکانی فەرەنسا نمایش بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەی نمایشکردنی لە سینەماکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان دیارینەکراوە. فیلمەکە پێشتر لە چەند فێستیڤاڵێکی سینەمایی نمایشکراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە