رووداو - هەولێر
لە شاری هەولێر کافتریایەکی تایبەت بە خوێندنەوەی کتێب کرایەوە کە چوار کچ خاوەندارێتی دەکەن و زیاتر لە سێ هەزار کتێب بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دانراون.
خەڵکی بەگشتی بەکردنەوەی کافتریایەکی تایبەت بە کتێب دڵخۆشن، ئامادەبووانی کافێیەکەش زۆرینەیان ژنان و کچان بوون، هەندێکیان کتێبیان دەخوێندەوە، هەندێکی دیکەش پیرۆزباییان لە خاوەنەکەی دەکرد و کەوتبوونە گفتوگۆ.
خەڵکی دەتوانن بێن لەو کافتریایەدا کتێب بخوێننەوە، شیرینی بخۆن و قاوەیەکی گەرمیش داوا بکەن، خوێندنەوەی کتێبەکان بەخۆڕاییە، بەڵام ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ببنە خاوەنی کتێبەکان دەبێت پارە بدەن و بیانکڕن، ئەو کافتریایە یەکەم کافتریای تایبەتی کتێب خوێندنەوە دەبێت لە باشووری کوردستان.



