ئەکتەرێکی هۆڵیوود دەچێتە ریزی شەڕڤانانی YPG

10-05-2015
ئاشتی مستەفایی
نیشانەکردن YPG مایکڵ ئێنرایت
A+ A-
رووداو- دەیلی مەیڵ

مایکڵ ئێنرایت، ئەکتەری بەناوبانگی هۆڵیود، ئەو ئەکتەرەی لە زۆرینەی فیلمەکانیدا راوکەری چەكدارانی تووندئاژۆ بوو، وازی لە هۆڵیود هێنا و دوور لە فیلم بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژ بە داعشدا، پەیوەندی بە شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG کردووە لە رۆژئاوای كوردستان،  ئێستا لەلایەن شەڕڤانانی YPG ەوە راهێنانی سەرەتایی بە ئێنرایت پێدەکرێت.

مایکڵ ئێنرایت، لەو کاتەوەی لە دایکبووە و تا ئەمڕۆ کە تەمەنی 51 ساڵە، بە هیچ شێوەیەک کاری سەربازی نەکردووە، ئەو لە تەمەنی 16 ساڵییەوە دەستی بە بەشداریکردن لە فیلمدا کردووە و لە تەمەنی 19 ساڵیدا بووەتە ئەکتەری هۆڵیوود. ئەو هیچ راهێنانێکی سەربازی نەبینیوە، بەڵام شانبەشانی شەڕڤانانی YPG لە چیاکان دژی داعش دەجەنگێت و بە بەردەوامی کڵاشینکۆفەکەی لەدەستیدایە.  ئێنرایت ئێستا وازی لە ژیانی هونەرمەندی و ئەکتەری هێناوە و بۆ ماوەی دوو مانگە لە رۆژئاوای كوردستان لەلایەن شەڕڤانانی YPG ەوە راهێنانی پێدەکرێت.

ئەم ئەکتەرەی هۆڵیود دەزانێت کە رۆیشتنی بۆ سووریا و چیاکانی شنگال وەک بڕینی بلیتێلی یەک سەرە وایە، بەڵام ئەو دەڵێت وازی لە بینینی رۆڵ لەناو فیلمەکان هێناوە تا بتوانێت رۆڵێکی کاریگەر و راستەقینە ببینێت لە شەڕی دژ بە داعشدا. ئێنرایت ئاماژەی بەوە کردووە، کە کوژرانی رۆژنامەنووسی ئەمریکی جەمیس فۆڵی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە و سووتاندنی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە هاندەری بوون بۆ بەشداری لە شەڕی دژ بە داعش.

پێش چوونی بۆ ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان، ئەو هەواڵەی بە هیچ یەکێک لە هاوکارانی لە هۆڵیوود نەگوتبوو، نەوەک فڕۆکەخانەی لێ ئاگاداربکەن و رێگەی لێبگرن، ئەو تەنانەت نە بە دایک و نە بە خوشکی و نە بە هیچ کەسێکی نەگوتبوو. ئێستاش کە لە رۆژئاوای كوردستانە هەمووان بۆ دڵنیابوونەوە لەو قسانە لەرێگەی فەیسبووکەوە بە بەردەوام پەیوەندی پێوەدەکەن و پرسیاری ئەوەی لێدەکەن ئایا ئەو قسانە راستن یاخود نا. 

مایکڵ ئێنرایت لەلایەن شەڕڤانانی YPG پێی گوترابوو لە ئیستەنبوڵەوە بچێتە سلێمانی و دواتر ئەوان دێن لەوێوەوە لەگەڵ خۆیان دەیبەن، ئەو لە هۆتێلێک ماوەتەوە تا ئەو کاتەی دووبارە پەیوەندی بە شەڕڤانانەوە کردووە و هاتوون بۆ ئەو هۆتێلە بە دوایدا.

ئەو دەڵێت "ئەوان هاتن و منیان هەڵگرت، لەم کاتەدا من زۆر ترسام لەبەرئەوەی جیاوازی نێوان کورد و چەکدارانی داعشم نەدەکرد بۆ ناسینەوەیان، ئەو پیاوەی پرسگە پێیگوتم ئەگەر نایانناسی مەڕۆ لەگەڵیان، بەڵام من گوتم من بۆ ئەم کارە هاتووم و تۆ تەنها هاوکاریم بکە بۆ ئەوەی بزانم کوردن یان نا" ، ئیدی پاش دڵنیابوونەوە لەوەی ئەوانە ئەو کەسانەن کە پەیوەندی لەگەڵیان گرتووە، لەگەڵیان چووە و ئێستا دەڵێت لە ناو شەڕڤانانی YPG دا زۆر خۆشحاڵە. 

ئێنرایت زۆر نیگەرانە لەوەی هێرشە ئاسمانییەكان لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە گوێرەی پێویست ئەنجامنادرێن، " ئەگەر بێت و بەریتانیا زۆر بە جددی ئەم کارەی لە سووریا ئەنجامدابا، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا چەکدارانی داعش لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا لەناودەبران". ئەو دەشڵێت لە ناو شەڕڤاناندا زۆر خۆشحاڵە و لە پلانیدا نییە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بەریتانیا.







کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە