تریفە كەریمیان: تورك و فارسەكانی تاران بەهۆی شانۆوە بە كارەساتی شنگالیان زانی

10-05-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن تریفە كەریمیان
A+ A-
رووداو - سلێمانی

تریفە كەریمیان ژنە شانۆكاری خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت شانۆی بەهێز لە دەقەوە دەستپێدەكات، پاشان ئەكتەر و دەرهێنەر، هەر لەبەر نەبوونی دەقی باش، شانۆی كوردی نەیتوانیوە بگاتە ئاستێكی جیهانی.

كەریمیان، 31 ساڵ، لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە، ئێستا لە شاری تارانی پایتەختی ئێران نیشتەجێیە و خوێندكاری بەشی شانۆیە لە بەشی ئەدەبیاتی دراماتیك لە زانكۆی تاران. كەریمیان تاوەكو ئێستا نۆ دەقی شانۆیی نووسیوە و كاری دەرهێنانیشی بۆ چوار شانۆگەری كردووە. تریفە لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە كە تایبەتن بە لایەنە هونەری و تایبەتییەكانی ژیانی.

رووداو: لە كەیەوە دەستت بە كاری هونەری كردووە؟

تریفە كەریمیان: بێگومان هەموو مرۆڤێك هەر لە منداڵییەوە بەهرەی هونەریی تێدایە و پاشان قوتابخانە و زانكۆ و گرووپەكان زیاتر گەشە بە بەهرەكەی دەدەن.

 منیش ساڵێك پێش هاتنم بۆ شاری تاران لەگەڵ چەند گرووپێكی شاری سەقز دەستم بە كاری شانۆ كرد، هەرچەندە شانۆكارانی رۆژهەڵات پێیان خۆشە كاری باش بكەن، بەڵام بەداخەوە كارەكان زۆر پڕۆفیشناڵ نین، بۆیە شانۆ لە ئاستێكی باشدا نییە، بەڵام لە شارە گەورەكاندا باشترە.

رووداو: بۆچی شانۆت هەڵبژارد؟

تریفە كەریمیان: لە تەمەنێكدا هەستم دەكرد حەزم لە نووسینی شانۆیە، بۆیە لە تەمەنی 17 ساڵی دەستم پێكرد، بەڵام دەتوانم بڵێم 11 ساڵە بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ لەو بوارەدا كار دەكەم.

رووداو: زیاتر بە چ كارێكت ناسرایت؟

تریفە كەریمیان: ساڵانە لە سەقز فێستیڤاڵی شانۆی كوردی كە پێیدەگوترێ فێستیڤاڵی دایك بەڕێوەدەچێت، زۆر جار گرووپەكانی باشوور و باكووری كوردستانیش دێن. نزیكەی 10 ساڵ لەمەوبەر مۆنۆدرامایەكم بەنێوی رەشدانەوەی سپی كە لە نووسین و نواندن و دەرهێنانی خۆم بوو، پێشكەش كرد، ئەمە سەرەتای كاری پیشەییم بوو، بەرهەمەكە باسی ژنێكی دەكرد كە ئاخۆ لە نێوان نووسین یان ژیان لەگەڵ مێردەكەی و دابونەریت كامیان هەڵبژێرێت. دواجاریش پابەند بوو بە دابونەریتی كۆمەڵگە و دواتریش وەكو نووسین و ئەكتەر و دەرهێنەر خەڵاتی یەكەمم پێدرا.

رووداو: وەكو دەزانین مۆنۆدراما كارێكی قورسە، بۆ تۆ وەكو یەكەمین كاری پڕۆفیشناڵ قورس نەبوو؟

تریفە كەریمیان: راستە قورسە، بەڵام یەكەمین پڕۆژەی تایبەتی خۆم بوو، هەستم كرد ئەو ئیشەم تائێستا لە خەیاڵدا ماوەتەوە.

رووداو: پێش بەشداریكردن، هەستت كرد بەو شێوەیە سەركەوتوو دەبیت؟

تریفە كەریمیان: نەخێر، بەڵكو تەنیا مەبەستم بوو بەشداری فیستیڤاڵەكە بكەم، نەك بەو شێوەیە خەڵاتیش بكرێم.

رووداو: بۆ تۆ وەكو ژنێك، نووسین و دەرهێنان كارێكی  قورس نییە؟

تریفە كەریمیان: راستە قورسە، پێشتر ئەگەر بەرهەمێكم بنووسیایە هەر خۆیشم كاری دەرهێنانم بۆ دەكرد، بەڵام نزیكەی چوار ساڵە زیاتر سەرقاڵی نووسینی دەقی شانۆییم و كاری دەرهێنەریم خستووەتە كەنارەوە، یاخود لەگەڵ گرووپەكاندا ئەگەر پێشنیازم بۆ بكەن وەكو ئەكتەر بەشدار دەبم، چونكە هەمیشە حەزم لە فێربوونە.

رووداو: چۆن بوو خۆت بۆ نووسینی دەق یەكلایی كردەوە؟

تریفە كەریمیان: چونكە نووسین یەكەمین قۆناغی شانۆی بەهێزە، پاشان ئەكتەر و دەرهێنەری باش، هەر بۆیە نووسین لە دەرهێنان قورسترە، راستە ئێستا فێستیڤاڵی شانۆی كوردی دەكرێت، بەڵام هێشتا خاوەنی مەفهومی شانۆی كوردی نین و شانۆمان لاوازە و نەگەیشتووینەتە ئاستی جیهانی.

رووداو: بۆچی نووسینەكانت زیاتر لەبارەی ژنانن.

تریفەی كەریمیان: رەنگە زیاتر لای خەڵك وا كەوتبێتەوە، ئەگینا لەسەر زۆر چیرۆك و بابەتی تراژیدی دەقم نووسیوە، بۆ نموونە چەند دەقێكم بۆ كارەساتی ئێزدییەكان نووسی، یەكێكیان كە ساڵی رابردوو نووسیومە و بەلای خۆمەوە زۆر كاریگەرە، بەنێوی عیشا بوو كە ناوێكی ناسراوە لای كوردی ئێزدی، واتە شوێنی كۆرپە لە سكی دایكیدا، چیرۆكی شانۆییەكە باسی كچێكی كوردی ئێزیدییە لە كاتی رووداوەكەدا دەیبەن بۆ چەكدارێكی داعش، چەكدارەكەش لەو كوردانەیە كە چووەتە نێو داعشەوە. ئەو دەقە لەلایەن دوو گرووپ لە رۆژهەڵات و دوو گرووپیش لە هەولێر و سلێمانی كرایە شانۆ، هەر ئەو دەقەشم ناردە فێستیڤاڵی لیۆنی فەڕەنسی كە دوو ساڵ جارێك ساز دەكرێت بۆ ئەو بەرهەمانەی لەسەر تیرۆر نووسراون. دەقەكەم لەنێو 11 دەقدا خەڵات دەكرێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا بۆ ئەو مەبەستە سەردانی فەڕەنسا دەكەم.

هەر لەم ماوەیەدا وەكو ئەكتەر لە بەرهەمێكی د.قوتبەدین سادقی بۆ كوردی ئێزیدی بەشداریم كرد، بەرهەمەكە بە نێوی عەزیزی شنگال بوو كە 90 ئەكتەر بووین و لە شاری تاران بۆ ماوەی 30 شەو نمایش كرا، لەو بەرهەمەدا لە ماوەی كاژێرێكدا هیچ قسەمان نەكرد، بەڵكو تەنیا وەكو جووڵە و ئاواز پەیامەكەمان گەیاند، كارێَكی زۆر گەورە بوو خەڵكانی تورك و فارسیش دەهاتن. سەرەتا نەیاندەزانی كارەساتی شنگال چییە، بەڵام بەو شێوەیە تێمانگەیاندن، لە ئێراندا یەكەمین ژنم لەو شانۆییەدا لە ماوەی كاژێرێكدا ئۆپێرام خوێندووە و قسەكانم بەشێوەی ئاواز دەربڕیوە.

رووداو: ئەی بەرهەمی سەمایەك بۆ گەڕانەوەی بووكەكان لەسەر ئافرەتان نییە كە خەڵاتیش كرا؟

تریفە كەریمیان: راستە، ئەو بەرهەمەش لەسەر ئەو كچانە نووسیم كە خۆیان دەخنكێنن. چیرۆكی دەقەكەش كچێك بوو لە دەریای زرێبار خۆی خنكاندبوو، شانۆگەرییەكە لە فیستیڤاڵی شانۆی كوردی لە سەقز بەشداریی كرد و وەكو دەقیش سێ ساڵ لەمەوبەر خەڵاتی كانوونی نووسەرانی كوردی لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی لە شاری هەولێر وەرگرت.

رووداو: دوایین بەرهەمتان چییە؟

تریفە كەریمیان: وەكو ئەكتەر بەشدارم لە بەرهەمی جامی حەسەن لو لە نووسین و دەرهێنانی قوتبەدین سادقی و بەم نزیكانە پێشكەش دەكرێت، وەكو نووسینیش دەمەوێت لەسەر ئەو گەنجانەی كۆچ دەكەن و لە كاتێكدا دەزانن بە رێگەی مەرگدا دەڕۆن، دەنووسم.

رووداو: بە چ هونەرمەندێك سەرسامی؟

تریفە كەریمیان: زۆر سەرسامم بە مامۆستا ئەحمەد سالار و رووبار ئەحمەد.

رووداو: دەگوترێ دەنگیشت خۆشە، گۆرانی ناڵێی؟

تریفە كەریمیان: نەخێر، حەزم لە موزیكە، بەڵام ئیشم گۆرانی گوتن نییە و ئیشم ئۆپێرایە كە ستایلێكی رۆژئاواییە.

رووداو: بۆچی بەشداری فیلم و دراما ناكەیت؟

تریفەی كەریمیان: لەلایەن زۆر هونەرمەندەوە بۆ فیلم و دراما پێم گوتراوە، لەوانەش بەتین قوبادی برای بەهمەنی قوبادی، بەڵام حەزم لە شانۆیە.
  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە