نەڤید زەردی بۆ کۆچی دوایی خەتەر: خۆزگە هەواڵێکی ساختە دەبوو


رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند نەڤید زەردی هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی خەتەر، راپەری کورد دەردەبڕێت و دەڵێت، خۆزگە مردنی هەواڵێکی ساختەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبوو.
 
هونەرمەند ژیوار حاجبی، ناسراو بە خەتەر، شەوی پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025، لە تەمەنی 43 ساڵیدا لە ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا.
 
نەڤید زەردی رۆژی هەینی، لە پۆستێکدا لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ کۆچی خەتەر نووسیویەتی: "نە ژیان و هونەرەکەت وەک خەڵکی دیکە بوو، نە مردنەکەت.. تۆ پێت گوتم "ئەفسانەکان نامرن"، بۆیە من ئێستا پێت دەڵێم تۆ نامریت برا گیان". 
 
هەروەها نووسیویەتی: "ناو دڵ و جەرگم ژان دەکات، زمانم ناگەڕێت، لە بەیانییەوە هەموو لەشم دەلەرزێت... چ شۆکێک بوو ژیوار گیان... هەزاران نامەم لەبارەی مردنی تۆ بۆ هاتبوو، خۆزگە هەمووی درۆ و هەواڵێکی ساختەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبوون".
 
هەروەها نووسیویەتی، لەگەڵ ئەوەی خەتەر لە دۆخێکی ناخۆشدا بووە، بەڵام بەردەوام ریکلامی بۆ کۆنسێرتەکانی ئەو کردووە، بە دڵێکی پڕ لە گریانەوە داوای لێبوردنی کردووە کە ناتوانێت لە کۆنسێرتەکانی ئامادە بێت.
 

زەردی هەر لە پەیامە هاوخەمییەکەیدا دەڵێت، 10 جار گوێی لە نامە دەنگییەکانی گرتووە و لەگەڵیان گریاوە. لەبارەی پاڵپشتی خەتەر بۆ راپەڕینی ژینا و (ژن، ژیان، ئازادی) نووسیویەتی: "هەموو رۆژێک داوای ڤیدیۆی کوردستانت دەکرد و پرست پێ دەکردم کە چۆن دەتوانیت یارمەتیدەر بیت، ویستم کۆنسێرتێکی خێرخوازی سازبکەم، یەک هەفتەی ژیانت بۆی تەرخانکرد و هەموو پەیوەندی و هێزت بەکارهێنا".
 
نەڤید زەردی، باس لە نیشتمانپەروەری و بوێری خەتەر دەکات و دەڵێت: "زۆربەی گەنجە کوردەکان لە ئەڵمانیا دەترسان بڵێن کوردین، بە بۆنەی بەرهەمەکانی تۆوە خۆیان دۆزییەوە و خۆیان ناسی، دەیان کەسی بێوەفات دروست کرد و گەیاندتن بە لووتکە، بەڵام کە پێگەیشتن تۆیان لەبیر کرد. تۆ تەنانەت بیانییەکانیشت فێری وشەی کوردی کرد. هێز و ئازایەتی و هیوات بە گەنجە کوردەکان بەخشی".
 
"بایدە" یەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی نەڤید زەردییە و بەشێوەی دوێت لەگەڵ خەتەر گوتراوە و زیاتر لە 24 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە. لەم بەرهەمەدا بە شێوازی راپ دەڵێت "خەتەر لە خزمەتی گەلەکەیدایە".
 

ژیوار حاجبی راپەر، پرۆدیوسەر و کارسازی ناسراوی کورد، لە 24ـی کانوونی یەکەمی 1981 لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە لەدایکبووە، لە منداڵییەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی چووەتە ئەڵمانیا، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا پیانۆی ژەنیوە، بە یەکێکە لە کاریگەرترین هونەرمەندەکانی 30 ساڵی رابردووی هونەری راپ لە ئەڵمانیا و ئەورووپا دەناسرێت، دوای مردنی، بەشێک لە میدیاکانی ئەڵمانیا بە ''ئەفسانەی راپ'' ناویان هێناوە.
 
پێشتر خەتەر میوانی بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو بوو و باسی سەختییەکانی ژیانی کردووە. بەهۆی دەنگدانەوەی کارەکانی و ماوەیەکیش کەوتنە زیندانەوە، ژمارەیەکی زۆر بەڵگەفیلم و ریپۆرتاژ لەسەر ژیان و کەسایەتیی خەتەر لە میدیای ئەڵمانیا و ئەورووپا بڵاوکراونەتەوە.
 
ژیوار حاجبی سەرەتای ساڵانی نەوەتەکان نازناوی خەتەری بۆ خۆی هەڵبژارد. لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ رووداو روونیدەکاتەوە، بۆ ئەوە ناوی لەخۆی نەناوە کە خەتەر بێ، بەڵکو لە ئەڵمانیدا ئەگەر شتێک سەرنجڕاکێش و بەهێزبێ، دەڵێن ''ئەوە خەتەرە".
 
لە ژیانی هونەریدا خەتەر شەش ئەلبوومی گۆرانی، 17 گۆرانیی جیا، چوار فیلم و کتێبێکی لەسەر ژیانی خۆی بڵاوکردووەتەوە. فیلمێک لەبارەی ژیانی بەناوی "Rheingold" لە دەرهێنانی فاتیح ئاکین، دەرهێنەری تورک – ئەڵمانی لە 2022 بڵاوکرایەوە و بە یەکێک لە پڕداهاتترین فیلمی ئەڵمانیا دەناسرێت.
 
لە 2008 یەکەم ئەلبوومی بەناوی "Alles oder nix" بڵاوکردەوە، دووەم ئەلبوومیشی بەناوی "NR" لە 2012 بڵاوکردەوە و زیاتر لە 20 هەزار کۆپی فرۆشرا.
 
ئەو هونەرمەندە کوردە ژیانی هاوژینیی پێکهێنابوو و دوو منداڵی هەیە، جگە لە کاری هونەری، هاوکات خاوەن کار بوو و زنجیرەیەک خواردنگەی لە شارە گەورەکانی ئەڵمانیا هەیە و بەشداریی لە کاری خێرخوازیدا کردووە.
 
فاتح ئاكین، لە 1973 لە هامبۆرگی ئەڵمانیا لە دایکبووە، دەرهێنەر، ئەکتەر، سیناریۆنووس، ئیدتۆری فیلمە، لە 1995 یەکەمین کورتە فیلمی بە ناوی "Sensin - You're The One!" بەرهەمهێناوە و خەڵاتی بینەرانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی هامبورگ بەدەستهێناوە، دووەم کورتە فیلمی بەناوی "Weed" لە 1996 بەرهەمهێناوە و براوەی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە، یەکەم فیلمی درێژی بەناوی "Short Sharp Shock" لە 1998 بەرهەمهێناوە و خەڵاتی پڵینگی برۆنزی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لۆکارنۆ بەدەستهێناوە.