جوانترینی دونیا "سەربانی هاوین"ی چۆمانە

10-07-2014
فەرهاد چۆمانی
نیشانەکردن چۆمان هەردی
A+ A-

رووداو - هەولێر

شیعرێكی ژنە شاعیری كورد چۆمان هەردی، بە یەكێك لە جوانترین 50 شیعری خۆشەویستی لە 50 ساڵی رابردوودا لەسەر ئاستی جیهاندا دەستنیشان دەكرێت.

شیعرەكە، كە بە ناوی "سەربانی هاوین"ە، باسی خۆسەویستی ئەو ژنە شاعیرە دەكات، كە لەسەر بانی ماڵەكەیان  دووراو دوور سەیری دووكەڵی دەستی جگەرەكەی كوڕە دراوسێیەكەیان دەكات بەبێ ئەوەی یەكدی بدوێنن. دوای چەندین ساڵ هەردی چاوی بە كوڕەكە دەكەوێتەوە و دەبینێت كە پەنجەكانی قرتاون، ئیدی نە دەتوانێت فڵچەی نیگاركێشانەكەی هەڵبگرێت و نە چیدی جگەرە بخاتە نێوان پەنجەكانییەوە.

شیعری "سەربانی هاوین"  11 ساڵ بەر لە ئێستا بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و لە ساڵی 2004دا چاپكراوە. ئەمساڵیش لە ریزی شیعری شاعیرانی بەناوبانگی جیهاندا وەك نازم حیكمەت، تێد هیوز، مارگارێت ئەتوود، ئەیدریەن میتچڵ و 45 شاعیری دیكە، لەلایەن دەزگای SouthBankdـی بەریتانی بە یەكێك لە 50 شیعرە جوانەكانی جیهان لە 50 ساڵی رابردوو هەڵبژێردرا.

یەكێك لە گەورەترین فیستیڤاڵە نێونەتەوەییەكانی شیعر لە بەریتانیا لەم دەزگایە بەڕێوەدەچێت لە ژێر ناوی Poetry International Festival-دا، واتە فیستیڤاڵی شیعری نێونەتەوەیی. سایتی رۆژنامەی گاردیانی ئینگلیزی باسی لەوە كردووە كە "ئەم دەزگایە ماوەی ساڵێكە كار لەسەر خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو شیعرانە دەكات كە لە ماوەی 50 ساڵی رابوردوودا نووسراون".

بڕیارە شیعرە هەڵبژێردراوەكان لە 20/7/2014 لە ناوەندی ساوپ بانك لە كۆڕێكدا بخوێنرێنەوە و ئەم كۆڕەش بەشێكە لە فیستیڤاڵی عەشق لە شاری لەندەن.

ئەمە دووەمجارە شیعرەكانی چۆمان هەردی لە بەریتانیا شوێنگەی تایبەتیان پێدەبەخشرێت. لە ساڵی 2010 دا، چوار لە شیعرەكانی هەردی خرانە نێو پڕۆگرامی خوێندنی ئەدەبی ئینگلیزییەوە و تاوەكو ئێستاش لە قۆناخی ئامادەیی دەخوێندرێن. شیعرەكانیش بریتین لە (لەسەر سنوور، 1979)، (داگیركردن)، (مووبەقەكەی دایكم) و (پەنەلۆپەكانی وڵاتی من).

ئەمساڵیش بۆ دووەمجار هەردی دانپیانانێكی دیكەی وەرگرت. شیعرەكەی چۆمان هەردی وەك یەكێك لە "پەنجا جوانترین شیعری خۆشەویستی" لە جیهاندا هەڵبژێردرا. سەبارەت بەم نرخاندنە هەردی بە (رووداو)ی گوت "دیارە ئەم هەڵبژاردنە بۆ منیش موفاجەئەیەكی زۆر خۆشبوو، چونكە ئاگاداری ئەم پرۆسەیە نەبووم. تیمی هەڵبژاردنەكە بەبێ ئاگاداری شاعیرەكان كارەكەیان كردووە".

یەكەم چیرۆكی ئەڤینداری چۆمان هەردی بۆ ناوەڕاستی دەیەی هەشتاكان دەگەڕێتەوە، 11 ساڵ لەمەوبەر چیرۆكەكەی لە دوو توێی شیعرێك بەناوی "سەربانی هاوین" نووسیوەتەوە. لەبارەی ساتە پڕ ئەڤینییەكانی خۆیەوە ئەو ژنە شاعیرە دەڵێت "لە جیهانی ئێمەدا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كەسەكان یەكدیان خۆشدەوێ، بەڵام بەبۆنەی كۆمەڵێك هەلومەرجەوە ناتوانن ئەو پەیوەندییە بەواقیعی بكەن و قسەی لەسەر بكەن".

هەردی نەیویست باسی ئەو كوڕەی سەربان بكات و بیناسێنێت، بەڵام گوتی "كوڕێك بوو توانایەكی باشی وێنەكێشانی هەبوو". یەكێكیش لەو شتانەی هەردی لەو كوڕەدا خۆشی ویستووە، هونەری پەنجەكانی بووە، بەڵام كاتێك پاش چەندین ساڵ دەیبینێتەوە، دەبینێت كە پەنجەكانی قرتاون.

چۆمان هەردی، كە كچی شاعیری كورد ئەحمەد هەردییە، گوتی "چیرۆكی ئەم شیعرە تەنیا خۆشەویستی نییە، بەڵكو گێڕانەوەی بەسەرهاتی جەنگیشە. ئەو كوڕە بەبۆنەی توندوتیژییەوە پەنجەكانی لەدەستدا و چیدی نەیتوانی وێنە بكێشێت".
چۆمان هەردی لە ساڵی 1993 چووەتە بەریتانیا، لەوێ  بكالۆریۆسی فەلسەفە و دەروونناسی لە زانكۆی ئۆكسفۆرد وەرگرتووە، دواتر لە زانكۆی لەندەن ماستەری لە فەلسەفەدا هێناوە. دكتۆراشی هەر لە بەریتانیا لە زانكۆی كێنت وەرگرتووە.

چۆمان هەردی شیعری (سەربانی هاوین - Summer Roof)ی بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە و دەڵێت "رەنگە ئەگەر ئەم شیعرەم بە كوردی بنووسیایە، بەم شێوەی ئێستا شوێنی خۆی نەكردباوە" بە بۆچوونی ئەو پرۆسەی وەرگێڕان كاریگەری دەبێت لەسەر ماهییەت و مۆسیقای دەقێك كە هەر زمانە و ریتم و شێوازێكی مۆسیقی تایبەت بەخۆی هەیە و ئەگەر وەربگێڕدرێتە سەر زمانێكی دیكە بەشێكی زۆری ئەم ریتم و مۆسیقایە لەدەستدەدات.

لەبارەی ناساندنی ئەدەبی كوردی و پرۆسەی وەرگێڕانی دەقە ئەدەبییەكان بۆ سەر زمانی گەلانی دیكە چۆمان هەردی دوو هۆكار دەخاتەڕوو. یەكەم، پێیوایە بەبۆنەی هەلومەرجی سیاسییەوە كورد میللەتێكی دابڕاو بووە و نەیتوانیوە جێگەی خۆی بكاتەوە و زمانە ئەوروپییەكان فێر ببێت و بەو زمانانە بنووسێت. دووەم هۆكار ئەوەیە كە ئەدەبی كوردی وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانانی دیكە بۆ ئەوەی بخوێندرێتەوە، ئەگەر نا ئەدەبی كوردی لەچاو ئەدەبی گەلانی دیكە ئەدەبێكی لاواز نییە.

سەربانی هاوین

گشت شەوێكی ئەو هاوینە
كە دەچووینە ناو جێگاوە لەسەر سەربان
من بێدار بووم، بە تاسەوە
دەمڕوانییە سەربانەكەی بەرامبەرمان،
دەمڕوانییە تارمایی ئەو.
پەیتا پەیتا، لەگەڵ مژی جگەرەكەی،
رووناكییەكی بچكۆلە دادەگیرسا.
رۆژێك تابلۆكانی ئەویان پێ نیشاندام
كە گەیشتمەوە ژوورەكەی خۆم
لە دووتوێی پەڕتووكەكانما
یەك لە دوای یەك، ناوی ئەوم نووسییەوە.
هەر خەیاڵی ئەوەم دەكرد كە ئاخۆ چیم پێ بڵێت و
چۆن وەڵامی بدەمەوە.
 وێنام دەكرد هاوسەریم و
كە نەخۆش كەوت خەمی دەخۆم،
خواردنی بۆ دروستدەكەم، قژی دەشۆم.
خەیاڵم دەكرد لەگەڵ ئەو لەسەر هەمان سەربان دەنووم.
ساڵێكی تەواو تێپەڕی و یەك وشەمان نەگۆڕییەوە.
لەپڕێكدا بەرامبەرمان ماڵێكی چۆڵ،
بانێكی چۆڵ، كەس سەیری نەدەكردمەوە.
ئەوەی بۆ منیش مایەوە بێخەوی بوو.
چەند ساڵ دواتر دووبارە یەكمان دییەوە
هەر هەمان پیاو، چەند پەنجەیەكی قرتابوو،
تاڵ و تووڕە، نەیدەتوانی فڵچە بگرێت.
ئێمە هەرگیز پێكەوە قسەمان نەكرد،
 هەر یەكەمان لەسەر بانی خۆی مایەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە