رووداو- هەولێر
سارا نەدیم تازە 21 ساڵی تەمەنی بەڕێ كردووە، بەڵام خەون و خولیای مەزنی لە كۆڵ ناوە، سارا لە مانگی مایسی 2017 ناسناوی شاجوانی هەولێر و هاوەڵی شاجوانی عێراقی بەدەستهێناوە، بەڵام چاوی لە نازناوی شاجوانی عەرەب و جیهانیشە، لەم هەڤپەیڤینەدا سارا باسی پرۆژە و بەرنامەی داهاتووی بۆ (رووداو) دەكات.
رووداو: بۆچی خۆت بۆ شاجوانی كوردستان هەڵنەبژارد و خۆت بۆ شاجوانی عێراق بەربژێر كرد؟
سارا: بەڕاستی خۆ كاندیدكردنی من بۆ شاجوانی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ بوو، واتە خۆم بۆ ئامادە نەكردبوو. گوتیان بۆ خۆت بۆ شاجوانی عێراق بەربژێر ناكەی؟ منیش رازی بووم و چوومە بەغدا لە هوتێل نۆبل مەراسیمەكە بەڕێوەچوو، توانیم ببمە هاوڵی شاجوانی عێراق. هەڵبەتە من گرنگی بە شاجوانی كورستانیش دەدەم و هاوكاری هەر كەسێك دەكەم كە ئەگەر حەز بكات خۆی هەڵبژێرێ.

رووداو: تۆ یەكێك بووی لە ئامادەبووانی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان، تا چەند ئەم جۆرە ئیڤێنتانە بۆ كوردستان گرنگن؟
سارا نەدیم: دەستخۆشی لە سەرپەرشتیاران و دیزاینەران و نمایشكارەكانی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان دەكەم كە بەڕاستی كارێكی جوانیان پێشكەش كرد، بەتایبەتی دیزاینەرەكان توانییان سەرنجی هەموو ئامادەبووان بۆ خۆیان رابكێشن، بەڕاستی ئەم جۆرە ئیڤێنتانە بۆ كوردستان زۆر گرنگن. خەڵك زیاتر حەز لەم جۆرە كارانە دەكەن، نمایشكارەكانیش زۆر جوان و رێكوپێك بوون.
رووداو: بەشێك لەكاری شاجوان و هاوەڵەكانی كاری خێرخوازییە، تۆ لەو رووەوە چیت كردووە؟
سارا نەدیم: هەڵبەتە ئامانجی سەرەكی من بۆ بەشداریكردن لە مەڕاسیمی شاجوانی عێراق كاری خێرخوازی بووە، دوای ئەوەی بەهاوەڵی شاجوانی عێراق دەستنیشان كرام، چەندین كاری خێرخوازیم لە كوردستان و عێراق كردووە. یارمەتی ئەو منداڵانەم داوە كە تووشی شێرپەنجە بوون. هەروەها هاوكاریی بەشێك لە ئاوارەكانی هەرێمی كوردستانم كردووە، ئێستاش لەم كارانە بەردەوامم، بەڵام دوای ئەوەی كێشە لەسەر شاجوانی عێراق دروستبوو، هەموو كارەكانی شاجوان و هاوەڵەكانی لە عێراق راگیران.

رووداو: بیرت لەوە نەكردووەتەوە بەشداری لە كێبڕكێی ناسناوی شاجوانی جیهانیدا بكەی؟
سارا: بێگومان بیرم لەوە كردووەتەوە و زۆر خۆشحاڵیش دەبم بەشداری لە كێبڕكێی شاجوانی جیهانیدا بكەم، ئێستا بەدوای سپۆنسەرێكدا دەگەڕێم بۆ ئەوەی بتوانم بەشداری بكەم، خۆی گەلێك مەراسیمی شاجوان هەیە، وەكو شاجوانی عەرەب، شاجوانی گەردوون، من بەنیازم خۆم بۆ یەكێك لەوانە كاندید بكەم، بەڵام گرنگە پاڵپشتی و هاوكاریم هەبێت تاوەكو بتوانم بەشداری لەم مەراسیمانەدا بكەم.
رووداو: لە مەراسیمی شاجوانی جیهانی، هەندێ مەرج و رێنمایی تایبەت هەیە وەكو دەركەوتن بە جلی سەر دەریا، تۆ بەم مەرجانە رازی دەبی؟
سارا: بەداخەوە لە كێبڕكێی شاجوانی گەردوون مەرجێك هەیە كە دەبێت جلی سەردەریا لەبەر بكەی، منیش لەبەر ئەوەی نە لە كوردستان، نە لە عێراق دابونەریت رێگا نادات ئەم كارە بكەم، بۆیە ناتوانم جلی سەردەریا لەبەر بكەم، بەڵام بۆ شاجوانی عەرەب رەنگە ئەو مەرجە نەبێت، لەبەر ئەوە ئێستا هەوڵ دەدەم لە شاجوانی عەرەب بەشداری بكەم.
رووداو: جگە لە هاوەڵی شاجوانی عێراق ناسناوی شاجوانی هەولێرت هەیە، ئەو ناسناوە لە چییەوە هات؟
سارا: رێكخراوی شاجوانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی شاجوانی داوایان لە كچان كرد ناوی خۆیان لە شارەكانی خۆیان بنووسن، لە شاری هەولێر 30 كچ ناوی خۆیان تۆمار كردبوو، بەڵام دواتر لیژنەی دادوەری منیان دەستنیشان كرد بۆ ئەوەی وەك نوێنەری هەولێر بەشداری لە مەراسیمەكەدا بكەم.
رووداو: مەرجەكان چی بوون بۆ دەستنیشانكردنی شاجوان لە هەولێر؟
سارا: سەرەتا ئەو كەسەی خۆی كاندید دەكات دەبووایە شووی نەكردبێت، هەروەها لە رووی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لە ئاستێكی باشدابێت، جگە لە بنەمای جوانی و بەژن و باڵا و زمانزانی و بڕوانامە، منیش ئەو مەرجانەم تێدابوو.

رووداو: بەڵام كچێكی دیكە ئێستا خۆی وەك شاجوانی هەولێر ناساندووە؟
سارا: بەڵێ كچێك ناسناوی منی دزیوە و خۆی وەكو شاجوانی هەولێر ناساندووە، بەڵام من هەرزوو لەسەر پەیج و ئەكاونتەكانی خۆم بڵاوم كردەوە كە ئەو كچە هیچ پەیوەندی بە شاجوانی هەولێرەوە نییە. ئێستا من بەفەرمی شاجوانی هەولێر و هاوەڵی شاجوانی عێراقم.
رووداو: لە سۆشیال میدیا كێشەت بۆ دروست نەكراوە؟
سارا: نەخێر تەنیا هەندێ كۆمێنتی ناشیرین دەنووسن، بەڵام ئەوانە هەرگیز كاریان لە من نەكردووە و ناشیكەن، چونكە ئامانجەكانی من دیارە و دەمەوێت تەنیا كاری خێرخوازی بكەم و دڵی هەژاران و منداڵان خۆش بكەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ