جووتیارێکی کورد شیعرەکانی بە ژیریی دەستکرد دەکاتە گۆرانی و کلیپ

10-11-2025
عەبدولسەلام ئاکنجی
ئەیوب کاراهان، شاعیر و جووتیار
ئەیوب کاراهان، شاعیر و جووتیار
نیشانەکردن ئەیوب کاراهان ژیریی دەستکرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەیوب کاراهان، شاعیر و جووتیارێکی گوندی مەشقۆکی سەر بە قۆسەری مێردینی باکووری کوردستانە، شیعرە کوردییەکانی بە یارمەتیی ژیریی دەستکرد دەکاتە گۆرانی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان دەکاتەوە. ئەو دەڵێت، "من شیعرەکان دەنووسم، ئەوەی دیکە هەمووی ژیریی دەستکرد بۆم ئامادە دەکات و بەرهەمێکی جوانی کوردی دێتە کایەوە".
 
ئەیوب کاراهان دوای تەواوکردنی کاری رۆژانەی کشتوکاڵی، قەڵەم و دەفتەرەکەی هەڵدەگرێت و هەستەکانی لە رێگەی شیعری کوردییەوە دەردەبڕێت، لەبری ئەوەی شیعرەکانی لە کتێبێکدا چاپ بکات، رێگەیەکی نوێی دۆزیوەتەوە؛ بە یارمەتیی ژیریی دەستکرد و شیعرەکانی دەکاتە گۆرانی، سیناریۆ بۆ ئامادە دەکات و دەیانکاتە کلیپ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان دەکاتەوە.
 
ئەیوب کاراهان لەبارەی سەرەتای پڕۆژەکەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە شیعر دەنووسم. دەمویست ئەم شیعرانەم لەلایەن هونەرمەندانەوە بگوترێنەوە، بەڵام گەیشتن بە هونەرمەندان کارێکی سەخت بوو".
 
کاراهان گوتیشی: "دروستکردنی کلیپ قورس بوو. لەبەرئەوەی لە رووی داراییەوە ئاسانترە، منیش گوتم بە ئەپلیکەیشنەکانی ژیریی دەستکرد ئەم کارە دەکەم. شیعرەکانم دەخەمە ئەپی (Suno)، ئەو شێوازە میوزیکەی دەمەوێت دەینووسم و ئەویش گۆرانییەکم بۆ بەرهەم دێنێت. بەم شێوەیە، بە گشتی لە ماوەی سێ کاژێردا دەتوانین ببینە خاوەنی گۆرانی و کلیپێک".
 
کاراهان ئاماژەی بە یەکێک لە شیعرەکانی کرد و گوتی: "یەکێک لەو شیعرانەی نووسیبووم، دەنگی ناقوسی کەنیسەکان بە شاردا بڵاو دەبێتەوە، دەبیسترا. دەمویست (سیا شەڤێ) بیڵێتەوە، بەڵام بووە قسمەتی ژیریی دەستکرد".
 
لە پڕۆژەکەدا، حەسەن گەرۆکی برای ئەیوبیش بەشدارە و کاری دەرهێنان بۆ ئەو کلیپانە دەکات کە بە ژیریی دەستکرد دروست دەکرێن.
 
هەردوو برا شانبەشانی یەکدی کار دەکەن و بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، گۆرانیی کوردی بە هەموو شێوازە جیاوازەکانی میوزیک بەرهەم دێنن و ئەرشیڤی میوزیکی سەردەمی نوێی کوردی دەوڵەمەندتر دەکەن.
 
حەسەن گەرۆک دەرهێنەرە و گوتی: "دەمانەوێت لە رێگەی ئەم کارەوە، کولتوور و هونەری ئێمە لەسەر ژیریی دەستکردیش بناسرێت و بڵاوببێتەوە و جێگەی خۆی بگرێت".
 
ئەیوب و حەسەن جەخت لەوە دەکەنەوە، تاوەکو توانایان هەبێت لەسەر ئەم کارە بەردەوام دەبن و لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە میوزیکێکی ئاست بەرز پێشکێشی کورد دەکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فێستیڤاڵەکە لە 9 بۆ 12ی نیسان بەڕێوەدەچێت

دوو دەرهێنەری ئێرانی چارەنووسیان نادیارە؛ فیلمەکانیان لە ئەمریکا نمایش دەکرێن

بەرپرسانی فێستیڤاڵی فیلمی 'نیو بێدفۆرد' لە ئەمریکا نیگەرانییەکی زۆریان لەبارەی چارەنووسی دوو سینەماکاری ئێرانی هەیە، کە بڕیار بوو بەرهەمەکانی ئەم دوو دەرهێنەرە لە مانگی نیسان دا نمایش بکرێن، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و بارودۆخی جەنگ هەردووکیان پەیوەندییان لەگەڵ فێستیڤاڵەکە پچڕاوە