رەوشان دوو کۆنسێرت لە ئەنتاڵیا و ئیزمیر سازدەکات

11-01-2024
پەسار فایەق
رەوشان لە یەکێک لە کۆنسێرتەکانیدا
رەوشان لە یەکێک لە کۆنسێرتەکانیدا
نیشانەکردن رەوشان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند رەوشان، لە درێژەی زنجیرە کۆنسێرتەکانیدا، بڕیارە دوو کۆنسێرت لە ئەنتاڵیا و ئیزمیری تورکیا سازبکات و تەواوی بلیتی ئەو دوو کۆنسێرتەی فرۆشراون.
 
رەوشان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆنسێرتی یەکەمی لە 13 ـی کانوونی دووەمی 2024 لە ئەنتاڵیا و کۆنسێرتی دووەمی لە 14 هەمان مانگ لە ئیزمیر سازدەکات و گوڵبژێرێک لە گۆرانییە کوردییەکانی پێشکێش دەکات، جگە لە چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری کە پێشتر کەڤەریکردوونەتەوە، لە هەمانکاتتدا باس لە چیرۆکی ئەو گۆرانییانە بۆ ئامادەبووان دەکات.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەو دوو کۆنسێرتەدا گۆرانی وەک کاڤر، ئاخ ئەمان، گولێ، دچم دچم و کراسێ تە پشیكشێ دەکات.
 
روونیشیکردەوە، بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوو بەرهەمێکی نوێی یەک تراکی بەناوی 'تو چوی' بڵاوبکاتەوە کە لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی.
 
لە 17ـی تشرینی دووەمی 2023 ئەو هونەرمەندەی باکووری کوردستان، کۆنسێرتێکی سازکرد و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا و تۆمارکراوە و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا لە یوتیوبی خۆی بڵاوبکرێتەوە.
 
رەوشان کە بەشێوەیەکی بەردەوام کۆنسێرت لە باکووری کوردستان و تورکیا سازدەکات، لە ناوچەی تەتوانی بێدلیسی باکووری کوردستان لەدایکبووە و لە ئیستەنبووڵی تورکیا دەژی وکاری هونەرییەکانی لەو شارە ئەنجام دەدات. 
 
لە دوای تەواوکردنی خوێندنی لە بواری دەروونناسیدا، لە بواری نواندن و ئامێری ڤایۆلین خوێندوویەتی، دوو ئەلبوومی گۆرانیی بەناوەکانی 'ئاخ لێ وەسێ' و 'تۆڤ' هەیە، جگە لە چەندین گۆرانی تاک و ڤیدیۆکلیپ و یەکێک لە دامەزرێنەر و ئەندامانی ئۆرکێسترای ئیستەنبووڵە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە