رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوایەکی یاسایی دژی کۆمپانیای پاراماونت رەتکردەوە، تێیدا نووسەرێک بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەشداربووە لە نووسینی سیناریۆی فیلمی سینەمایی (Top Gun: Maverick).
جێد راکۆف، دادوەر لە دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا، رۆژی هەینی بڕیاریدا کە کۆمپانیای پاراماونت مافی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو نووسەرەی پێشێل نەکردووە. دادوەرەکە رایگەیاند، ئەو دیمەنانەی شۆن گرەی نووسیونی، لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای کارەکتەر و چیرۆکە رەسەنەکەی فیلمی یەکەمی (Top Gun) بوون کە موڵکی پاراماونتن، بۆیە نووسەرەکە ناتوانێت وەک کارێکی سەربەخۆ بانگەشەی مافی خاوەندارێتییان بکات.
شۆن گرەی لە نیسانی 2025 داوایەکی یاسایی تۆمارکردبوو، تێیدا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە 15 دیمەنی سەرەکیی فیلمەکەی نووسیوە. یەکێک لەو دیمەنانەی ئەو نووسەرە باسی دەکرد، دیمەنی سەرەتای فیلمەکەیە کە تێیدا کارەکتەری ماڤریک بە رۆڵی تۆم کرووز، تاقیکردنەوەی خێرایی بۆ فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتوو دەکات و ریکۆردی جیهانی دەشکێنێت.
دادوەر راکۆف لە بڕیارەکەیدا نووسیویەتی: "گرای نووسەرێکە کە بەبێ گومان هەموو دەقەکەی لەسەر بنەمای مادە و کەسایەتییەکانی فیلمی پێشووی تۆپ گەن داڕشتووە، بۆیە کارەکەی ئەو بە کاری وەرگیراو دادەنرێت و مافی خاوەندارێتی بۆ ناگەڕێتەوە".
نووسەرەکە رووبەڕووی دادگە دەبێتەوە
دادگە بڕیاریدا کە دەبێت شۆن گرەی رووبەڕووی دادگەییکردن ببێتەوە لەسەر ئەو داوا پێچەوانەیەی کە کۆمپانیای پاراماونت تۆماری کردووە. پاراماونت گرای بە "فێڵکردن" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەو نووسەرە بە ئەنقەست بەشداریی خۆی لە پڕۆژەکەدا بە نهێنی هێشتووەتەوە تاوەکو دواتر بتوانێت داوای پشک و خاوەندارێتی لە سەرکەوتنی فیلمەکە بکات.
گوتەبێژێکی کۆمپانیای پاراماونت لە وەڵامی بڕیارەکەدا رایگەیاند: "خۆشحاڵین بە بڕیاری دادگە بۆ رەتکردنەوەی داواکانی گرەی و رێگەدان بە بەردەوامبوونی سکاڵاکانی ئێمە دژی ئەو نووسەرە".
ئەمە دووەم سەرکەوتنی یاسایی گەورەی کۆمپانیای پاراماونتە لەبارەی فیلمی (Top Gun: Maverick)، کە یەکێک بوو لە پڕداهاتترین فیلمەکانی 2022. پێشتریش دادگە داوایەکی دیکەی رەتکردبووەوە؛ تێیدا ماڵباتی نووسەری ئەو گوتارەی فیلمە رەسەنەکەی ساڵی 1986ـی لێ وەرگیرابوو، داوای مافی داراییان دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ