رووداو دیجیتاڵ
بۆب وێر، گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و گیتارژەنی ئەمریکی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی گرووپی رۆکی (Grateful Dead)، لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
رۆژی شەممە، ماڵباتی بۆب وێر لە رێگەی هەژماری فەرمیی خۆیان لە ئینستاگرام، هەواڵی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندەیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد، "بە ئاشتیانە و لەنێو ماڵباتەکەیدا" ماڵئاوایی کردووە.
ماڵباتەکەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاشکرایان کردووە، وێر دوای ئەوەی توانیبووی بەسەر نەخۆشیی شێرپەنجەدا سەرکەوێت، دواجار بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی سییەکانییەوە گیانی سپارد.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بۆب بۆ هەمیشە وەک هێزێکی رێ نیشاندەر دەمێنێتەوە کە هونەرە بێوێنەکەی میوزیکی ئەمریکی گۆڕی. کارەکانی ئەو تەنیا میوزیکی نەبوون، بەڵکو وەک تیشکی خۆر وابوون بۆ رۆح و دروستکردنی زمانێک و هەستێکی ماڵباتی بۆ نەوەکانی دوای خۆی".
بۆب وێر لە تەممووزی 2025 بە نۆرینی پزیشکی دەرکەوتبوو کە نەخۆشە، بەڵام مانگێک دوای ئەوە گەڕایەوە سەر ستەیج و لە پارک گۆڵدن گەیت لە سان فرانسیسکۆ، سێ شەو ئاهەنگی بەبۆنەی تێپەڕبوونی 60 ساڵ بەسەر کارە میوزیکییەکانیدا گێڕا.
دامەزراندنی گرووپی (Grateful Dead)
وێر لە ساڵی 1965ـدا لەگەڵ جێری گارسیا و چەند هاوڕێیەکی دیکەی گرووپی (Grateful Dead)یان دامەزراند. جێری گارسیا، ئەستێرەی کۆچکردووی گرووپەکە، لە 1978ـدا لەبارەی وێر گوتبووی: "ئەو باشترین گیتارژەنی ریتمە و وەک دەستی چەپم وایە لە میوزیک دا".
دوای کۆچی دوایی جێری گارسیا لە 1995، بۆب وێر نەوەستا و بەردەوام بوو لە پاراستنی میراتی گرووپەکە و سەرکردایەتی چەندین گرووپی دیکەی وەک (Dead and Company) و (Wolf Bros)ـی کرد.
ژیانی تایبەتی و هونەری
بۆب وێر لە 16ـی تشرینی یەکەمی 1947 لە سان فرانسیسکۆ لەدایکبووە. لە تەمەنی 14 ساڵییەوە خولیای ژەنینی گیتار بووە. ئەو لە ژیانی هونەرییدا بەشداریی لە نووسین و گوتنی چەندین گۆرانیی نەمری وەک (Truckin)، (Sugar Magnolia) و (The Other One) کردووە.
وێر بەوە دەناسرایەوە کە لە کاتی کۆنسێرتەکاندا جلوبەرگی سادە و پانتۆڵی کورتی دەپۆشی و وزەیەکی زۆری بە هەوادارانی دەبەخشی. لە 1994ـدا، ناوی چووە نێو هۆڵی ناودارانی رۆک ئەند رۆڵ.
ئەو هونەرمەندە لە تەمەنی 78 ساڵیدا ماڵئاوایی کرد و هاوژینەکەی ناتاشا و دوو کچی بەناوی کلۆی و مۆنی؛ لەدوای خۆی جێهێشت. ماڵباتەکەی دەڵێت: "ماڵئاوایی ئەو کۆتایی نییە، بەڵکو بەردەوامبوونی ئەو خەونەیە کە دەیویست میوزیکەکەی بۆ سەتان ساڵ بمێنێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ