رووداو دیجیتاڵ
ئادەم ساندلەر، ئەکتەری کۆمیدیی ئەمریکی، خەڵاتی رێزلێنانی لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی خەڵاتی ساڵانەی فیلم بۆ گەورەکانی سەر بە کۆمەڵەی خانەنشیانانی ئەمریکی (AARP) پێبەخشرا و لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە؛ بە نوکتەکانی لەبارەی پیربوون؛ ئامادەبووانی هێنایە پێکەنین.
ساندلەر کاتێک لەلایەن هێنری وینکلەری هاوڕێیەوە خەڵاتەکەی لە بیڤرلی هیڵز پێشکێش کرا، بە شیوەیەکی تەنزئامێز گوتی: "زۆر کەس پێیان گوتم ساندلەر، وەرگرتنی خەڵاتی (AARP) واتە تۆ ئیتر پیر بوویت. منیش لە وەڵامدا دەڵێم، تەنیا ئەم خەڵاتە نییە، بەڵکو 10 هۆکاری دیکەم هەیە کە دەیسەلمێنن من بەڕاستی پیر بووم".
ئەو ئەکتەرە کۆمیدییە چەند نموونەیەکی ژیانی رۆژانەی خۆی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە و گوتی: "فۆنتی مۆبایلەکەم هێندە گەورە کردووە، هەر کەسێک لەناو فڕۆکەدا لە تەنیشت پەنجەرە دانیشتبێت دەتوانێت نامەکانم بخوێنێتەوە". هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە کۆبوونەوەی هاوڕێیانی قوتابخانەیدا، زۆربەی کات خەریکی سەرەخۆشی لێکردنیانە بۆ ئەو هاوڕێیانەی کۆچی دواییان کردووە.
ساندلەر باسی لەوە کرد، کاتێک فیلمە نوێیەکانی بۆ دەنێردرێت تاوەکو وەک ئەندامێکی ئەکادیمیای ئۆسکار بیبینێت، ناتوانێت زیاتر لە چەند خولەکێک بە خەبەرهات بمێنێتەوە و گوتی: "بۆ هەموو ئەو کەسانەی خەڵاتەکان دەبەنەوە، دەبێت بڵێم کە من تەنیا 30 چرکەی یەکەمی کارەکانتانم زۆر بە دڵە، چونکە دواتر خەوم لێدەکەوێت".
ئادەم ساندلەر سوپاسی جاکی هاوژینی کرد کە "سەرباری گۆڕانی جەستەی و تێپەڕبوونی تەمەن" هێشتا لەگەڵیدا ماوەتەوە. ئەو ئەکتەرە کە ئێستا بەهۆی دوایین فیلمیەوە بەناوی (Jay Kelly) باس و خواسی زۆری لەسەرە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکان، گوتی: "بەڵێن دەدەم پێش ئەوەی بمرم، لانیکەم 50 فیلمی دیکە دروست بکەم، کە هیوادارم 25 دانەیان فیلمی باش بن".
ساندلەر و رووداو
ئەو ئەکتەرە لە 22ـی شوباتی 2024 بە فیلمی (Spaceman) لە 74ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەشداربوو. ئادەم ساندلەر، لەبارەی ئامادەبوونی لە فێستیڤاڵەکەدا و پێشوازیکردن لێی بۆ پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو بۆ فێستیڤاڵەکە گوتی: "کاتێکی ناوازەم هەبووە لێرە و هەموویان زۆر رووخۆش بوون. دەچینە هەر شوێنێک خەڵک لەگەڵمان رووخۆش بوونە و نانی ئێوارەی ناوازە و کاتێکی خۆشمان هەبووە".
ئەم ئەکتەرە تەمەن 58 ساڵە، لە کاروانی هونەریی خۆیدا چەندین فیلمی کۆمیدی و درامایی سەرکەوتووی پێشکێش کردووە، یەکێکە لەو ئەکتەرانەی کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان متمانەی زۆریان پێیەتی بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زۆر.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ