رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند تارا مامەدۆڤا، لە درێژە زنجیرە کۆنسیرتەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا، بڕیارە کۆنسێرتێک لە ئەنقەرەی تورکیا سازبکات.
تارا مامەدۆڤا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆنسێرتی داهاتووی لە 17 ئەم مانگە لە ئەنقەرە دەبێت و گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش بە هەوادارانی دەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکێک لە بەرهەمەکانی بە ناوی 'مومێ' لە کۆنسێرتەکانیدا پێشکێشی کردووە، بەشیوەی ڤیدیۆ لە کەناڵی تایبەتیی لە یوتیوب بڵاوکردووەتەوە.
دوایین کۆنسێرتی ئەو هونەرمەندەی باکووری کوردستان، لە 3ـی ئەم مانگە لە ئیزمیر بوو و گۆرانی 'مومێ'ـی تێدا پێشکێشکرد.
ئەو هونەرمەندە بەم دواییە ڤیدیۆی یەکێک لە کۆنسێرتەکانی بڵاوکردەوە کە گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردی بەناوی 'یەک موومک' گوتووەتەوە.
ئەم بەرهەمە فۆلکلۆرییە پێشتر لەلایەن هونەرمەند شڤان پەروەر گوتراوەتەوە و تارا مامەدۆڤا بە میوزیکێکی نوێ گوتوویەتییەوە و دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن مەتەهان دادا کراوە.
کاری دەرهێنان و مۆنتاژی ڤیدیۆی کۆنسێرتەکە لەلایەن ئەرهان کاراهان کراوە و لە کەناڵی تایبەتیی تارا مامەدۆڤا لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
مامەدۆڤا، لە 2023 زنجیرە کۆنسێرتێکی لە باکووری کوردستان و تورکیا سازکرد و بەشێک لە گۆرانییەکانی ئەو کۆنسێرتانەی بەشێوەی ڤیدیۆ بڵاوکردووەتەوە.
تارا مامەدۆڤا، لە 22ـی نیسانی 1983 لە ماڵباتێکی باکووری کوردستان لە کیرگستان لەدایکبووە، هەشت ساڵ لەو وڵاتە ژیاوە، دواتر رووی لە رووسیا کردووە و چوار ساڵ لەگەڵ ماڵباتەکەی لەوێ ماوەتەوە و لە فێرگەی دانس، شانۆ و میوزیک خوێندوویەتی.
پاشان لەگەڵ ماڵباتەکەی روویان لە فەرەنسا کردووە و لە پاریس ماونەتەوە، ئێستا لە تورکیا ژیان بەسەر دەبات و خاوەنی دوو ئەلبوومی گۆرانییە بەناوەکانی 'ئاخ' و 'بەرهەڤکرن' جگە لە چەند گۆرانییەکی تاک و ڤیدیۆکلیپێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ