خێرۆ عەباس ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاوکردەوە

11-06-2019
هیوا سەڵاح
ئەلبوومەکە بەسپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداوە
ئەلبوومەکە بەسپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداوە
A+ A-

رووداو- هەولێر

هونەرمەندی ناوداری کورد، خێرۆ عەباس ئەلبوومێکی نوێی بەناوی "دڵ ئاڤا" بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکردەوە، کە لە 14 تراکی گۆرانی پێکهاتووە.

لەمبارەیەوە خێرۆ عەباس بەرووداوی راگەیاند"، خۆشحاڵ و شادمانم، کە ئەم ئەلبوومە نوێیەم بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکردەوە، هەروەها زۆر سوپاسی کاک ئاکۆ، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم، کە هەردەم پاڵپشت و هاوکاری هونەرمەندانی کوردستان بووە، لەگەڵ ئەوەشدا رووداویش هەمیشە پشتگیری لە هونەرمەندان کردووە".


خێرۆ عەباس لەبارەی ناوەڕۆکی ئەم ئەلبوومە گوتی" لە نێو ئەلبوومە نوێیەکەمدا گۆرانی ئەڤینداری، نەتەوەیی و ئۆپێراش هەیە، بە ستایلی کوردی و رۆژئاوایی کارم کردووە، چونکە ئێمە لە ئەوروپا دەژین، دەبێت بۆ هەوادارانمان لە ئەوروپاش کار بکەین، هیوادارم ئەلبوومەکەم بەدڵی هەموو هۆگرانی میوزیک و گۆرانی کوردی بێت".

هاوکات تۆڕیی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمێك لەسەر ژیانی هونەرمەند خێرۆ عەباس بەرهەم دێنێت، ئێستا لە شاری دهۆک سەرقاڵی وێنەگرتنی ئەم بەڵگەفیلمەن، کە بەسەرپەرشتی هونەرمەند هەژار زەهاوی بەڕێوەدەچێت.

 لەمبارەیەوە هونەرمەند هەژار زەهاوی بە رووداوی راگەیاند" هونەرمەند خێرۆ عەباس، یەکێکە لەو هونەرمەندە ناودارانەی کورد، کە جێ پەنجەی بەهونەری میوزیک و گۆرانی کوردییەوە دیارو بەرچاوە، ئێمە وەکو تۆڕی میدیایی رووداو، بەسوپاسەوە بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندە بەرهەمدێنین و لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاوی دەکەینەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە