رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند دەروون کاروان، دوای دوو ساڵ لە بڵاو نەکردنەوەی بەرهەمی نوێ، بەرهەمێکی شادی بەناوی "دەبێنە" بڵاوکردەوە.
دەروون کاروان، رۆژی سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، میوانی هەواڵەکانی کاژێر 17ـی رووداو بوو کە لەلایەن پێشکێشکار هەوار جەلالەدین پێشکێشکرا، تێیدا بەرهەمە نوێیەکەی بۆ جاری یەکەم لە رێگەی رووداو بڵاوکردەوە.
گۆرانییەکە لە تێکستی محەممەد شوعائییە و لە ئاوازی موژینە، دابەشکردنی میوزیک، میکس و ماسترینگی لەلایەن ئەفشین شوکری کراوە، وێنەگرتنی و بەرهەمهێنانی ڤیدیۆکلیپەکەی لەلایەن "H.D.M" کراوە.
دەروون کاروان لەبارەی بەرهەمەکە گوتی، بە خۆشەویستییەوە دروستکراوە، ئەوانەی تێیدا بەشداربوونە، بەشدارییان هاوڕێیانە بووە و قازانجی ماددی بۆ هیچ کەس نەبووە. گوتیشی: "لە هەموو گۆرانییەکانی دیکەم خۆشتر دەوێت".
روونیشیکردەوە، دوو ساڵە هیچ بەرهەمێکی نەبووە، لەبەر ئەوەی بە گشتی کورد حەزی لە گۆرانیی ریتمی خێرا و شادە و گۆرانیی ریتمی خاویشیان پێخۆشە، بەڵام زیاتر حەزیان لە گۆرانیی شادە، بۆیە بیری لەوە کردەوە بەرهەمێکی شاد بڵاوبکاتەوە. گوتیشی، بە دڵی هەموو لایەک دەبێت، چونکە بەرهەمێکی زۆر شیرینە و زۆر کچانەیە.
هەوار جەلالەدین لێی دەپرسێت، گۆرانییەکە دیارە ئاڕاستەی کوڕ دەکرێت، بەڵام ئەوانەی لە کلیپەکەدا بەشدارن هەموویان کچن؟ هونەرمەند لە وەڵامدا گوتی، سەرەتا بڕیاربوو کوڕ تێیدا بەشدار بێت، دواتر بیرۆکەکەیان گۆڕی کە تەنیا کچی تێدا بێت و گێڕانەوەی تێکستەکە بێت بۆ بەرامبەر.
لەبارەی گۆرانیی ریتمی خێرا؛ گوتی، دەروون واتە گۆرانیی بە هەست، دەنگی ئەو زیاتر بۆ ئەو شێوازە گونجاوە، بەڵام بیر لەوەش دەکاتەوە خەڵک بە گشتی حەزیان بە چ شێوازێکی گۆرانییە، ئێستا دۆخەکە ئەوە دەخوازێت گۆرانییەکی شاد بڵاوبکاتەوە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، پلانی هەیە هەموو مانگی جارێک یاخود مانگ و نیو جارێک؛ بەرهەمێکی نوێ بڵاوبکاتەوە، هەروەها بەرهەمی نوێی بەدەستەوەیە و لە داهاتوودا دەیانخاتەڕوو.
لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ هونەرمەندانی بادینان، گوتی، پەیوەندیی باشی هەیە و هونەرمەندان بە گشتی پەیوەندیی لە نێوانیاندا هەیە و پلانی هەیە گۆرانی بە بادینیش بڵێت.
دەروون کاروان سەرەتای دەرکەوتنی گوتنەوەی گۆرانیی هونەرمەندانی دیکە بووە، لە ماوەی داهاتوودا جگە لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی تایبەت بەخۆی، لە کەڤەرکردنی گۆرانی هونەرمەندانی دیکەش بەردەوام دەبێت.
لە کۆتاییدا، لە نێو ستۆدیۆی رووداو؛ بەبێ میوزیک، گۆرانیی "دەبێنە"ـی پێشکێش بە هەوادارانی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ