نەجمەدین غوڵامی: بە شان و باڵی حیزبدا هەڵناڵێم، بۆیە هاوكاریی ناكرێم

12-11-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن نەجمەی حوڵامی
A+ A-
رووداو- سلێمانی

دەنگەكەی لەو دەنگە دەگمەنانە بوو كە ورەی دەدایە بەر پێشمەرگە، چەندین سروودی بۆ پێشمەرگە تۆمار كردووە. ئەو دەیەوێ‌ دیسان بەو دەنگەوە هانی پێشمەرگە بدات بۆ شەڕی دژی داعش.

هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی، ناوێكە سروودە شۆڕشگێڕییەكانی بەسن بۆ پێناسەكردنی. ئەو كە لە تاراوگە دادەنیشێ‌، لە كەناڵی نەورۆزی سەر بە پژاك كاردەكات، بەڵام رەتیدەكاتەوە پەیوەندی بەو رێكخراوەی سەر بە پەكەكەوە هەبێت. 

نەجمەدین غوڵامی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستانە، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی هۆكاری گەڕانەوەی دەكات.

رووداو: ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستانی، چ بەرنامەیەكت بەدەستەوەیە؟

نەجمەی غوڵامی: سەردانەكەم بۆ باشووری كوردستان بۆ دوو مەبەستە، یەكێكیان سازكردنی كۆنسێرتێك بە هاوكاریی ماڵی موزیك، چونكە مانگی ئایاری ئەمساڵیش كە گەڕامەوە پێشنیازی ئەو كۆنسێرتەم كرد بۆ پشتگیریی پێشمەرگە، بەداخەوە لایەنە پەیوەندیدارەكان جێبەجێیان نەكرد، بۆ كۆنسێرتەكەی ئەمجارەش دیسان بەداخەوە هیچ كۆمپانیایەك و هیچ لایەنێك هاوكاریی ماڵی موزیكیان نەكرد. مەبەستی دووەمیشم تۆماركردنی چەند ئەڵقەیەكە لە بەرنامەی ئێوارەت باش كوردستان بۆ نەورۆز تیڤی.

رووداو: زۆرجار دەگوترێت ئێستا كاتی شەڕە و چەندین قەیران هەیە، ناكرێت كۆنسێرت بكرێ؟

نەجمەی غوڵامی: ئەوە بەڕاست نازانم، چونكە هونەر خۆراكی مێشكە، بەهۆی ئەو شەڕەوە میللەتەكەمان ئەو هەموو كارەساتە دەبینێ. بەدرێژایی شۆڕشەكانی رابردووش، هەمیشە موزیك و گۆرانی پاڵپشتی شۆڕش و پێشمەرگە بووە.

رووداو: تۆ لە كاتی پڕۆسەی ئازادیی عێراق گۆرانییەكت بۆ پێشمەرگە تۆمار كرد، بەڵام بۆ شەڕی داعش بەرهەمت نەبوو، بۆچی؟

نەجمەی غوڵامی: چەندین مانگە سروودێكم بۆ پێشمەرگە لەسەر ئەركی خۆم تۆماركردووە. رۆژی 2/11/2016 لەگەڵ تەلەفزیۆنی خاك قسەم كرد بۆ كلیپكردنی. سروودێكیشم بۆ كۆبانێ بەدەنگ بڵاوكردەوە، بەڵام بەداخەوە كەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەكان و راگەیاندنەكانە كە وەكو پێویست نەهاتوونەتە پێشەوە.  

رووداو: تۆ هونەرمەندێكی دیار و بەئەزموونیت، بۆچی راگەیاندنەكان بەو شێوەیە مامەڵەت لەگەڵ دەكەن؟

نەجمەی غوڵامی: هۆكارەكەی ئەوەیە كەسێكی حیزبی نیم و بە شان و باڵی حیزبدا هەڵناڵێم، بەڵكو نەتەوەییم و پێمخۆشە لە خزمەتی گەل و نیشتمانەكەمدا بم. رێزم بۆ هەموو حیزبەكان هەیە و هەر كامیان كاری باش بۆ نەتەوەكەم بكەن دەستخۆشییان لێدەكەم. هەر كامیشیان كاری خراپ بكەن رەخنەیان لێدەگرم.

رووداو: ئێوە لە سەردەمی شاخدا گۆرانیتان بۆ پێشمەرگە دەگوت، پێتوایە هونەرمەندان لەم قۆناغەدا توانیبێتیان بە هونەرەكەیان پشتگیریی پێشمەرگە بكەن؟

نەجمەی غوڵامی: چۆن پارە بە چەك دەدرێت بۆ دژایەتی دوژمن، راستە قەیرانی داراییە، بەڵام دەبێت بەهەمانشێوە پارەی تایبەت بۆ هونەریش تەرخان بكرێت، بۆ ئەوەی ورە بە كۆمەڵگە بدرێتەوە، چونكە ئەگەر وا نەبێت كۆمەڵگە تووشی خەمۆكی دەبێت، من تاڕادەیەك ئاگادارم هونەرمەندانیش درێغییان نەكردووە.

رووداو: چەند ساڵێكە كاری میدیایی دەكەیت، چۆن بوو چوویتە ئەو بوارە؟

نەجمەی غوڵامی: كاتێك لە سوید بۆشاییم هەبوو، برادەرانی نەورۆز تیڤی پێشنیازی ئەو بەرنامەیان بۆ كردم. منیش پێم خۆش بوو بیكەم و خەڵكیش زۆر بینەری بەرنامەكەن.

رووداو: هەست ناكەیت هاوكارینەكردنی لایەن و كەناڵە كوردییەكان، زۆرتر لەبەر ئەوە بێت كە لە كەناڵی نەورۆز بەرنامە پێشكەش دەكەی و ئەو كەناڵەش نزیكە لە پەكەكە؟

نەجمەی غوڵامی: لەوانەیە هەندێك كەس ئەو هەستیارییەیان هەبێت، بەڵام هەموو میدیایەكی كوردی خزمەتی گەل و نیشتمان دەكات، پاشان كەسێكی حیزبی نیم و نیشتمانیم، ئەوانیش رۆڵەی ئەم میللەتەن و خوێنیان لەسەر خاكی كوردستان دەڕژێت. 

رووداو: بەرهەمی تازەت هەیە؟

نەجمەی غوڵامی: بەڵێ ئەلبوومێكی نوێم  بە دەستەوەیە، تاوەكو ئێستا حەوت گۆرانیم ئامادەیە و سێی دیكەشیان ئامادە دەكەم، بەڵام نازانم كەی بڵاودەكرێتەوە، شێوازی گۆرانییەكانیش پۆپ و رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی و ئۆركستراییە.

نەجمەی غوڵامی كێیە؟

نەجمەی غوڵامی، لە یەكەم رۆژی نەورۆزی ساڵی 1958 لە گەڕەكی گوڵشەنی شاری سنە لەدایك بووە. لە تەمەنی 18 ساڵییەوە لە رادیۆ‌ی سنە و كرماشانەوە دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە. لە كاتی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پەیوەندی بە كۆمەڵەوە كردووە، هەشت ساڵ پێشمەرگەی ئەو حیزبە بووە. دواتر چووەتە سوێد. نەجمەی غوڵامی لەگەڵ كچە خاڵێكی خۆی خێزانی پێكەوە ناوە، خاوەنی دوو كوڕە بەناوەكانی هێرش و هێژا. خاوەنی چەندین ئەلبوومی گۆرانییە لەوانە: شەتاو 1995، پیری موغان، 1997، خان و مان، 1998، من و تۆ 2001، نیشتیمان 2005 و هاژەی خۆزگە 2007.





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە