لە ئەنقەرە منداڵان بە گۆرانی و سەمای کوردی فێری زمانی دایک دەکرێن

13-11-2025
شەوکەت هەرکی
شەوکەت هەرکی
پەروەردەی هونەری و زمانی کوردی لە ناوەندی چاند و هونەری ئەناتۆلیا
پەروەردەی هونەری و زمانی کوردی لە ناوەندی چاند و هونەری ئەناتۆلیا
نیشانەکردن گرووپی گەڕۆکی (مایە)
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی گەڕۆکی (مایە) لە ناوەندی چاند و هونەری ئەناتۆلیا لە ئەنقەرەی تورکیا، وۆرکشۆپێکی پەروەردەیی بۆ منداڵانی کورد رێکخست، تێیدا منداڵان لە رێگەی گۆرانی، سەمای کوردی و کاری دەستییەوە، کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن و زمانی دایکی فێر دەبن.
 
ناوەندی چاند و هونەریی ئەناتۆلیا لە ئەنقەرە، میوانداریی چالاکییەکی تایبەتی بۆ منداڵانی کورد کرد. گرووپی گەڕۆکی (مایە) کە بنکەی سەرەکییان لە ئامەدی باکووری کوردستانە، وۆرکشۆپێکیان بۆ منداڵان کردەوە، تێیدا بە بۆیەی رەنگاوڕەنگ هیوا و خەونەکانیان لەسەر لاپەڕە نەخشاند.
 
"منداڵانی کوردستان بێ میوزیک ناهێڵین"
 
شێرکۆ کانیوار، ئەندامی گرووپی گەڕۆکی (مایە)، ئامانجی گرووپەکەیانی بۆ رووداو روونکردەوە و گوتی: "گرووپەکەمان لە ئامەد دامەزراوە. دوای ئەوەی قەییومەکان دەستیان بەسەر شارەوانییەکانماندا گرت، لەو رۆژەوە تا ئێستا دروشمی ئێمە بریتییە لە (میوزیک بۆ هەمووان و لە هەموو شوێنێک). ئێمە منداڵانی کوردستان بێ میوزیک ناهێڵین. بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ منداڵانی کورد بە زمانی کوردی کاری میوزیک بکەین و گۆرانی بڵێین، بە هەموو کوردستان و جیهاندا دەگەڕێین".
 
لە چوارچێوەی وۆرکشۆپەکەدا، منداڵان لەگەڵ گۆرانییە کوردییەکان سەمایان دەکرد و فێری وشەی نوێی کوردی دەبوون. ئەم چالاکییەی ناوەندی چاند و هونەریی ئەنادۆڵ، بووەتە جێگەی دڵخۆشیی منداڵان و خێزانەکانیان.
 
ماڵباتەکان: هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاساییکردنەوەی کوردی
 
دایکێک بە ناوی ئایشەگوڵ چەلیک، دڵخۆشیی خۆی بەم چالاکییە دەربڕی و گوتی: "کارێکی زۆر باشە، زۆر دڵخۆش بووم. منداڵەکانمان زۆر بە کوردی قسە ناکەن. ئەم چالاکییە بۆ ئەوان زۆر باش بوو. ئێمە لە ماڵەوە بە کوردی قسەیان لەگەڵ دەکەین، بەڵام ئەوان بە تورکی وەڵام دەدەنەوە. بۆیە بڕیارمان داوە منداڵەکانمان بنێرین بۆ ئەم ناوەندە".
 
باوکێک بە ناوی عوسمان محەممەد گوتی: "لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاگاداری ئەم چالاکییە بووم. کاتێک بە کچەکەم، پاییزم گوت، ئەویش زۆر بە پەرۆش بوو و پێکەوە هاتین. بەڕاستی زۆر گرنگە لە شارێکی وەک ئەنقەرە دا چالاکییەکی لەم شێوەیە ئەنجام دەدرێت. بۆ منداڵان گرنگە بزانن لە ئەنقەرەش ناوەندێک هەیە گرنگی بە زمانی کوردی دەدات. ئەمە زمانی کوردی بۆ ئەوان ئاسایی دەکاتەوە".
 
منداڵان: "زۆر دڵخۆش بووین"
 
منداڵە بەشداربووەکانیش هەستی خۆیان دەربڕی. باگەر تەمەل گوتی: "ناوم باگەرە. گۆرانیم گوت و لەگەڵ هاوڕێکانمدا یاریم کرد. زۆر دڵخۆش بووم". مایا کوردێ گوتی: "زۆر خۆش بوو، گۆرانیمان گوت و یارییمان کرد". پاییز عوسمانیش گوتی: "دڵم زۆر خۆشە. گۆرانیم گوت و یارییەکی زۆرم کرد".
 
بڕیارە گرووپی گەڕۆکی (مایە) لە هەفتەکانی داهاتوودا لە ناوەندی چاند و هونەریی ئەناتۆلیا، لە کردنەوەی وۆرکشۆپی کوردی بۆ منداڵان بەردەوام دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوبادی جەلیزادە. هەولێر. وێنە؛ رووداو

قوبادی جەلیزادە: ژیریی دەستکرد مرۆڤ دەکات بە ئامێرێکی بێ گیان

قوبادی جەلیزادە، شاعیری ناسراوی کورد هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر دنیای ئەدەب و هونەر و رایدەگەیێنێت، ژیریی دەستکرد هەموو جوانییەک لە ناخی مرۆڤ دەستێنێتەوە و مرۆڤ دەکاتە ئامێر.