رووداو دیجیتاڵ
کەیلەب مکلام کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی خۆی ناوە سوورە گەنجێکی ئەمریکییە، بەڵام لەبەر ئەوەی چەند ساڵێک لەگەڵ دایک و باوکی لە کوردستان ژیاوە، دەڵێت، خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ کوردستان هەیە. ئەو لە رێگەی کورتە ڤیدیۆکانی لە سۆشیاڵمیدیا بەنێوبانگ بووە و بە زمانی کوردی ڤیدیۆی کۆمیدی دروست دەکات.
سوورە تەمەنی نزیکەی 18 ساڵە، لە ساڵی 2014 بۆ 2021 لەگەڵ دایک و باوکی لە کوردستان بووە و لە شاری سلێمانی ژیاوە. ئەو لە کوردستان ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ هەرێم، بەڵام هەر زیاتر بە سوورە بانگی دەکەن. دەڵێت، خولیای هونەر و میوزیکە، لەپاڵ ئەوەدا دەیەوێت ببێتە ڤلۆگەرێکی سەرکەوتووە و بە ڤیدیۆکانی کوردستان بە جیهان بناسێنێت.
سوورە لە ڤیدیۆکانیدا کە زیاتر لەبارەی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێکی لەسەر کولتووری کوردییە، لەگەڵ چەند کەسێکدا دەردەکەوێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانە ئەندامی خێزانەکەی خۆمن، من دوو برا و خوشکێکم هەیە، خوشکەکەم زۆر دەردەکەوێت لەگەڵ برایەکم بەناوی ئیلیاس."
لە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ کە لە کوردستان بووە، سوورە بەباشی زمانی کوردی فێربووە. ئەو لە قوتابخانەکەی خۆیشی باسی کوردستان بۆ مامۆستا و هاوڕێکانی دەکات. هاوڕێکانی سوورە بەهۆی نەزانینی زمانی کوردییەوە کەمتر لە ڤیدیۆکانی تێدەگەن، بەڵام دەڵێت، "هەمیشە پاڵپشتم دەکەن و دەڵێن بەردەوام بە، کارەکانت زۆر جوانن."
سوورە هەر بە زمانی کوردی قسەی بۆ رووداو کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لەبارەی سەرەتای کارەکانی، سوورە گوتی، یەکەمجار لە کوردستان گۆرانییەکی بەرهەمهێناوە و خەڵک کاردانەوەیان باش بووە بۆی، بۆیە بڕیاریداوە لە ڤیدیۆکردن بەردەوام بێت.
سوورە لەگەڵ ماڵباتەکەی ئێستا لە پەنەما دەژین، بەڵام لە ئەمریکا لەدایکبووە. ئەو دەڵێت، دەیەوێت لە رێگەی ئەو پارەیەی لە کەناڵەکانی سۆشیاڵمیدیا و رێکلامەکانی دەستی دەکەوێت تیکتی فڕۆکە بکڕێت و گەشت بۆ کوردستان بکات. گوتی، "خۆشەویستیم بۆ کوردستان بە جۆرێكە کە لەپاڵ خوێندن، لەگەڵ کۆمپانیایەکی رێکلام کاردەکەم، دەمەوێت پارە کۆبکەمەوە و گەشت بۆ هەرێمی کوردستان بکەم. بیریشم لەوە کردووەتەوە دوای تەواوکردنی خوێندن، بێمە کوردستان و بەهەمیشەیی لەوێ بژیم و کار بکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ