سروەیەکی گەرم زوهدی داوودی
رووداو – هەولێر
پێشتر و لە بن ئەو ناوونیشانەدا (سروەیەکی گەرم زوهدی داوودی) بەڵگەفیلمێکی رووداو لە نووسین و دەرهێنانی سیروان رەحیم لە تەلەڤزیۆنی رووداو، رووداو دیجیتاڵ و رووداو ستریم بڵاوکرایەوە.
ئێستایش کتێبێک سەبارەت بە هەمان بابەت و هەمان رۆماننووس و زانستکار، لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە. کتێبەکە لەم رۆژانەدا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان دەبێت. کتێبەکە لە ئامادەکردنی سیروان رەحیم و نەوزاد ئەحمەد ئەسوەدە.
ئامادەکارانی کتێبەکە لە پێشەکیدا نووسیویانە: "زوهدی داوودی ناوێکە گرنگ، گرنگ لە دنیای رۆمان و چیرۆک دا، بەڵام ناوێکە زۆرتر لە کن خوێنەر و رەخنەگری عەرەب ناسراوە. هۆکاریش؛ بەرهەم و نووسینی ئەو نووسەرەیە بە زمانی عەرەبی. داوودی نووسەری دەیان کتێبە، کتێبگەلێک لە نێوانیاندا رۆمان، کۆچیرۆک، لێکۆڵینەوە، هەروەها هەڵسەنگاندن سەبارەت بە بیری چەپ و بابەتی دیرۆکی هەیە. پێویستە ئاماژە بەوەیش بکرێت داوودی وەرگێڕی کارەکانی خۆیشی بوو، لە زمانی ئەڵمانییەوە بۆ زمانی عەرەبی و هەروەها بە پێچەوانەیشەوە".
زوهدی داوودی (1940-2017) بڕوانامەی دکتۆرای لە فەلسەفەی مێژوودا هەبوو، ساڵانێکی زۆر وەک زانستکار و مامۆستای زانستگە لە شارەکانی موسڵ، کەرکووک، تەرابلووسی لیبیا، هەروەها لە شاری لایپزیگی ئەڵمانیا کاری کردووە.
خوێنەر بە تەماشاکردنی بەڵگەفیلمی سروەیەکی گەرم و خوێندنەوەی کتێبەکە لای روون دەبێتەوە کە ئەو نووسەرە؛ "جگە لەوەی نووسەرێکی تایبەت بوو، هاوکاتیش کەسێک بوو لێوانلێو لە خاکیبوون و دۆستایەتی، دۆستایەتی بە بۆن و بەرامەی گوڵ و گیای پێدەشتی گەرمیان"، وەکو ئامادەکارانی کتێبەکە ئاماژەی پێدەکەن.
ئەم بەرهەمە یادی نووسەرێک بەرجەستە دەکات کە کوڕی ناو داوێ و چەم ئاوەسپی بوو، قەڵەمێکی کەرکووکی کە نووسینەکانی چ رۆمان، چ سەبارەت بە مێژووی کوردستان، بەردەوام سەرچاوەی گەرمایی بوون.