خەسرەو ماملێ بۆ رووداو: مامە جەعفەرم ئاڵا هەڵگری هونەری ماملێیە

15-01-2017
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن ماملێ خەسرەو ماملێ
A+ A-

رووداو - سلێمانی

زۆر كەس ئەو بە میراتگری محەممەدی ماملێ‌ دەزانن، بەڵام خۆی دەڵێت جەعفەری مامی میراتگری هونەریی ماملێیە. خەسرەو ماملێ‌ كوڕە گەورەی هونەرمەندی كۆچكردوو محەممەدی ماملێ، دەڵێت باوكی پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، پێیگوتووە زیاتر لە منداڵەكانی دیكەی متمانەی بەو هەیە شوێنی بگرێتەوە.

هونەرمەند خەسرەو ماملێ، 63 ساڵ، لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە. لە نەوەتەكاندا رووی كردە شاری هەولێر و دواتر لە ساڵی 2001 چووە نەرویج و تاوەكو ئێستاش لەوێ‌ دەژی. لەو هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی هۆكاری بێدەنگی و وەسیەتەكانی باوكی و دوایین بەرهەمی خۆی دەكات.

رووداو: باوكت منداڵی زۆر بوون، دەڵێن لە نێو هەموویاندا تۆی هەڵبژاردووە كە گۆرانییەكانی بڵێیتەوە، بۆچی تۆ؟

خەسرەو ماملێ: باوكم خاوەنی شەش كوڕ و دوو كچ بوو. كچەكانیش بەنێوی فاتیمە و شەونم، پێیوابوو من لە هەموویان زیاتر دەتوانم درێژە بدەم بە كاری هونەری و رەچاوكردنی شێوەی هونەریی ئەو.

رووداو: باوكت بەر لەوەی كۆچی دوایی بكات، هیچ وەسیەتێكی بۆ تۆ هەبوو، یان هیچ ئامۆژگارییەكی دیاریكراوی بۆ تۆ هەبوو، بە تایبەتی بۆ گوتنەوەی گۆرانییەكانی؟

خەسرەو ماملێ: باوكم بەر لەوەی كۆچی دوایی بكات،  بانگی كردم و پێیگوتم كە زیاتر لە هەموو منداڵەكانی متمانەی هونەریی بە من هەیە. پێیگوتم تەنیا كەسێكم كە دەتوانم نەهێڵم لە پاش ئەو، گۆرانییەكانی وەلا بنرێن و خامۆش بن.

رووداو: لە نێو بنەماڵەكەی ئێوە چەند كەستان گۆرانی دەڵێن؟

خەسرەوی ماملێ: لەناو ماڵی ئێمە هەموویان دەنگیان خۆشە، بەڵام هەموویان گۆرانی ناڵێن، مامە جەعفەرم لە پێش هەمووان، كاك عەبە، سمایل، چالاك و خۆیشم.

رووداو: دەنگی كامتان لە باوكتان نزیكە؟

خەسرەوی ماملێ: زۆر كەس پێمدەڵێن دەنگی من زیاتر لەوانی دیكە لە مەرحوومی بابم نزیكە.

رووداو: لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئافرەتی گۆرانیبێژی بە توانا هەن، چۆن لە نێو بنەماڵەی ئێوە ئافرەتێك هەڵنەكەوتووە گۆرانی بڵێ‌؟

خەسرەوی ماملێ: بنەماڵەی ئێمە بنەماڵەیەكی سوننەتی قەدیمی بووە و لەچوارچێوەی كۆمەڵگەی دواكەوتووی كوردەواریدا رێگەی نەداوە بە كچە دەنگخۆشەكانمان كاری هونەری بكەن.

رووداو: لە بنەماڵەكەتان كێ‌ بە میراتگری هونەریی باوكت دانراوە؟

خەسرەوی ماملێ: بەر لە هەمووان مامە جەعفەرم ئاڵا هەڵگری هونەری ماملێیە.

رووداو: زۆر كەس گۆرانییەكانی باوكت دەڵێنەوە، ئایا پرس بە ئێوە دەكەن؟

خەسرەوی ماملێ: زۆر كەم پرس و را دەكەن، ئەوە كێشە نییە. بەڵام ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین كە ئەو كەسانەی گۆرانییەكانی ماملێ دەڵێنەوە لە بیریان نەچێتەوە وەك پرەنسیپێكی ئەخلاقی و هونەری، ناوی ماملێ ببەن وەك خاوەنی گۆرانییەكە.

رووداو: چ مەرجێكتان هەیە بۆ گوتنەوەی گۆرانییەكانی باوكتان؟

خەسرەوی ماملێ: من چ مەرجێكی ئەوتۆم نییە، ئەگەر بتوانم ئەركێك كە پێمدەسپێرن، بەجێی بگەیەنم خۆشحاڵ دەبم، ئەویش بریتییە لەزیندوو راگرتنی گۆرانییە رەسەنەكانی باپیرم و باوكم و مامەكانم.

رووداو: لەنجە عەلی چەند گۆرانییەكی باوكتی گوتووەتەوە، لە ئەدای ئەو رازین؟

خەسرەوی ماملێ: خاتوو لەنجە عەلی هونەرمەندێكی دەنگخۆش و بەهەست و لەهەمانكاتیشدا بە ئەمەكە، چونكە ناوی ماملێ دەبات وەك پێشڕەوی خۆی. وەكو خۆم دەنگی ئەو خانمە هونەرمەندەم زۆر پێخۆشە، گۆرانییەكانی ماملێ تاڕادەیەكی زۆر بە جوانی و رێكوپێكی دەڵێتەوە.

رووداو: تۆ لە  نەوەتەكان چوویتە هەولێر، لەوێ‌ كۆمەڵێك بەرهەمت لە تەلەفزیۆنی گوڵان تۆمار كرد، چوونت بۆ هەولێر چۆن بوو؟

خەسرەوی ماملێ: كوردستانی نیوە ئازاد لە ساڵەكانی نەوەدەوە پێكهات و منیش ئاواتی لەمێژینەم بوو كە وڵاتەكەم رزگار بێ، هەر بۆیە چووم بۆ پایتەختی ئازادی نیشتمانەكەم، هیچ كاتیش میوانداریی گەرموگوڕی خەڵك و گەورەیی كاربەدەستانم بیر ناچێتەوە.

رووداو: زۆر كەس تۆی لەسەر پارتی حیساب دەكرد، ئێستاش هەر پارتیت؟ پەیوەندیت لەگەڵ بەرپرسانی پارتی ماوە؟

خەسرەوی ماملێ: من لە ژیانمدا ئەندامی هیچ پارتێكی سیاسی نەبووم، بەڵام رێزم هەیە بۆ هەموو ئەو حیزب و رێكخراوانەی لە پێناوی ئازادی بۆ كورد و كوردستان خۆ بەخت دەكەن. هیچ شاراوەش نییە كە لەگەڵ برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش پەیوەندی گەرموگوڕم بووە و ئێستاش هەر بەردەوامە.

رووداو: لە هەولێر نەمایتەوە و چووی بۆ ئەوروپا؟ بۆچی هەولێرت جێهێشت؟

خەسرەوی ماملێ: هەلومەرجی ئەو وەخت وایلێكردم كە بچم بۆ دەرەوە، ئێستا جەستەم لە دەرەوەیە، بەڵام بە دڵ و بە رۆح و بە گیان و بەهەست و  هۆش هەر لە هەولێرم.

رووداو: لەگەڵ سەفەركردنت بۆ ئەوروپا ئیدی نە دەنگ نە بەرهەمت نەما و لە كۆڕی هونەر دووركەوتییەوە، بۆچی؟

خەسرەوی ماملێ: یەكێك لە هۆكارەكانی پەشیمانیم لە دووركەوتنەوە لە كوردستان ئەوەیە كە لەكاری هونەری بەشێوەی رێكوپێكی پڕۆفێشناڵ دووركەوتمەوە، لە دەرەوە ناكرێ و ناگونجێ كاری هونەری بەرەو پێشەوە ببەی، لەبەرئەوەی كۆمەڵێك كۆسپ و ئاستەنگ هەیە لەبەردەم هونەرمەند، بۆیە لە دووركەوتنەوەم خۆشحاڵ نیم.

رووداو: بۆ تۆ رۆژهەڵاتی كوردستان ژینگەیەكی لەبارتر نەبوو بۆ گۆرانیگوتن، چونكە زۆر كەس بە جێگرەوەی باوكت سەیرت دەكەن؟

خەسرەوی ماملێ: ئەوە راستە من خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانم، بەڵام دەتوانم بڵێم كە خەڵكی كورد لە باشووری كوردستان ئەوەندە هونەردۆست و هونەرمەند خۆشەویستن كە هونەرمەندێكی وەك ماملێ لەو بەشە لە كوردستان خۆشەویستترە. راستە لە رۆژهەڵاتی كوردستان جێگە و پێگەی تایبەت هەیە بۆ ماملێ و گۆرانییەكانی، بەڵام من لە باشووری كوردستانیش هەستم بە هیچ جیاوازییەك نەكردووە.

رووداو: لە ئێران قاچاخی؟ ئایا دەتوانی بگەڕێیتەوە ئێران؟

خەسرەوی ماملێ: بەهۆی هەندێك كردەوەی سیاسی نامەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئێران، هەتا ئاڵوگۆڕێكی دیموكراتیك نەیەتە ئاراوە ناگەڕێمەوە، گەڕانەوەشم بێ مەترسی نییە.

رووداو: پڕۆژەی تازەت چییە؟

خەسرەوی ماملێ: چەند گۆرانییەكم بەدەستەوەیە كاریان لەسەر دەكەم، بەهیوام بتوانم بە زوویی وەك بەرهەمی نوێ بڵاویان بكەمەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە