رووداو- بەیروت
بە یەكێك لە ناودارترین ئەستێرەكانی لوبنان دادەنرێت، بە گۆرانی یانا یانا لەگەڵ ئەستێرەی كۆچكردوو سەباح ناوبانگی زۆری پەیدا كرد. رۆڵا سەعد تاوەكو ئێستا شووی نەكردووە، وەك خۆی دەڵێت هێشتا شووكردن بە قسمەتی ئەو نەبووە و چاوەڕێی ناسینی كەسێكی باش دەكات. رۆلا لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا لە بەیروت-ی پایتەختی لوبنان لەگەڵ پەیامنێری (رووداو)، وەڵامی چەند پرسیارێكی لەبارەی كارە هونەرییەكانی و ژیانی تایبەتی دایەوە.
رووداو: با بە (یانا یانا) دەستپێبكەین، بەو گۆرانیە ناسرایت، واتە گۆرانیی بەختی تۆ بوو لەگەڵ سەباح، ئەزموونێكی چۆن بوو؟
رۆلا سەعد: جوانترین ئەزموونی ژیانی من بوو، هەرگیز لە بیری ناكەم. من لە منداڵییەوە لەگەڵ سەباح گەورە بووم، ئەوەش هۆكار بوو بۆ ئەوەی ببمە گۆرانیبێژ.
رووداو: بیری سەباح دەكەیت؟ لە ماوەی رابردوودا چەند گۆرانییەكی ئەوت گوتنەوە، هیچ پڕۆژەیەكت نییە بۆ ئەوەی یادی بكەیتەوە؟ یان گۆرانییەكی تایبەت بۆ مردنی بڵێی؟
رۆلا سەعد: هەمیشە بیری سەباح دەكەم، یادیشی دەكەمەوە. من لە ماوەی رابردوودا ئەلبوومێكی گۆرانیم بڵاوكردەوە كە تەواوی گۆرانییەكان هی سەباح بوون، بۆ یادكردنەوە یاخود گوتنی گۆرانییەكی تایبەت بۆ مردنی، نەخێر، ئێستا هیچ پڕۆژەیەكم نییە.
رووداو: بە بەردەوامی لەگەڵ هەیفا وەهبی كێشەت هەیە، كێشەی ئێوە لەسەر چییە؟
رۆلا سەعد: من كێشەم لەگەڵ كەس نییە، ئەوان هێرش دەكەنە سەرم و منیش تەنیا وەڵام دەدەمەوە، بەرگری لە خۆم دەكەم. نامەوێ باسی ئەو برادەرەش بكەم و گەورەی بكەم، پێویست ناكات.
رووداو: لەگەڵ سابر روباعی دوو گۆرانیتان بەیەكەوە گوت، بۆچی بەردەوام نەبوون؟
رۆلا سەعد: راستە دەستپێكی كاری هونەریی من لەگەڵ سابر روباعی بوو، ئەزموونێكی زۆر جوان بوو، من ئەزموونم لەگەڵ راغب عەلامە و كازم ساهیریش زۆر بووە، دەزانی بابەتەكە چۆنە، مەسەلەكە بەردەوامنەبوون نییە، ئێستاش پڕۆژەیەكی نوێ و جوان هەبێت لەگەڵ سابر روباعی دەیكەم، یان هەر هونەرمەندێكی دیكە.
رووداو: دەڵێن بە منداڵی ژیانێكی سەختت هەبووە، دەكرێ باسی بكەیت؟
رۆلا سەعد: زۆر زۆر، ژیانی من زۆر ناخۆش بووە، ئەزموونی ناخۆشم تێپەڕاندووە تا گەیشتوومەتە ئەم رۆژە، ناحەقیی زۆرم بەرامبەر كراوە، غەدری گەورەیان لێكردووم، خوا لێیان خۆش بێت.
رووداو: حەزت لە منداڵ نییە؟
رۆلا سەعد: با چۆن نا، بۆ منداڵ دەمرم (بەپێكەنینەوە).
رووداو: ئەی بۆ شوو ناكەیت؟ دەڵێن مەرجت زۆرە.
رۆلا سەعد: دەی با كەسێكی باش بێتە پێشەوە (بەپێكەنینەوە)، جارێ قسمەتم نەبووە، پێموایە تەمەنەكەم گونجاوە، چاوەڕێ دەكەم كەسی گونجاو و باش بناسم، ژیانی خێزانی هەر وا ئاسان نییە، بۆ مەرجیش نەخێر، بەڵام دەبێت كەسێك بێت منی خۆشبوێت و لە هونەرەكەی من تێبگات. رێزم بگرێت و هەست بە ئەمان بكەم لەگەڵی.
رووداو: شەوی سەری ساڵ لە سلێمانی بوویت، ئەزموونێكی چۆن بوو؟
رۆلا سەعد: دەمێك بوو حەزم دەكرد ئەو خەڵكە جوانەی شاری سلێمانی ببینم، جوانترین ئەزموون بوو، خەڵكێكی رێك و جوان بوون، بەڕاستی نەمدەزانی ئەو هەموو هەوادارەم هەیە لەوێ، بیریان دەكەم.
رووداو: دەڵێن لەو كۆنسێرتەی سلێمانی پارەیەكی زۆرت دەستكەوت؟
رۆلا سەعد: بەهیچ شێوەیەك وا نییە، منیش ئەمەم بیست لە میدیا كوردییەكان، باوەڕم پێ بكە باوەڕم پێ بكە، پارەی ئەو كۆنسێرتەی سلێمانی كە وەرمگرت زۆر كەمتر بوو لە پارەی كۆنسێرتێك كە لە بەیروت دەیكەم.
رووداو: لەشولار و روخسارێكی جوانت هەیە بەراورد بە تەمەنەكەت، چی دەخۆی وا جوانت دەكات؟
رۆلا سەعد: زۆر سوپاس، زۆر گرنگی بە خواردن و میوە دەدەم، بە بەردەوامی ئاو دەخۆمەوە، با راستگۆ بم لە وەرزشكردن زۆر تەمبەڵم، بەڵام بەبەردەوامی لە خواردن ئاگام لەخۆمە.
رووداو: بەیروت واتە نەشتەرگەریی جوانكاری؟
رۆلا سەعد: بەڵێ وایە، ئێمەی لوبنانی روخسارمان زۆر لا گرنگە.
رووداو: چەند نەشتەرگەریی جوانكاریت كردووە؟
رۆلا سەعد: وەڵامی ئەو پرسیارەت نادەمەوە، ببوورە.
رووداو: بۆچی؟
رۆلا سەعد: حەز ناكەم.
رووداو: بەنیازیت سەردانی كوردستان بكەیتەوە و گۆرانیی كوردی بڵێی؟
رۆلا سەعد: بەخۆشحاڵییەوە، زۆر حەز دەكەم بێمەوە كوردستان، ئامادەم گۆرانیی كوردیش بڵێم. لە رێگەی رووداوەوە سڵاو و رێز بۆ خەڵكی كوردستان دەنێرم، ناوبانگی كورد و كوردستان لە هەموو ناوچەكە جێگەی شانازییە، خۆشمدەوێن و ماچیان دەكەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ