ژیوار شێخولئیسلامی: بەڕای من فارس نابێت گۆرانی كوردی بڵێت

15-03-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن ژیوار شێخولئیسلامی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

ژیوار شێخولئیسلامی ژنە هونەرمەندی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە بنەماڵەیەكی ئاینیی شاری سنە لەدایك بووە، بەڵام لە تاران كۆلێژی وەرزشی خوێندووە و ئێستاش خاوەنی گرووپێكی هونەریی ژنانەیە بەنێوی ژیوار. ژیوار لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) زانیاری زیاتر لەبارەی خۆی و كارەكانی باس دەكات.

رووداو: تۆ كۆلێژی وەرزشت تەواو كردووە، بەڵام لە وەزرش بەردەوام نەبوویت و هونەری میوزیك و گۆرانیت هەڵبژارد، ئەمە چۆن بوو؟

ژیوار: راستە من كۆلێژی وەرزشم لە زانكۆی زەهرای تاران لە بواری تایكواندۆ و ئای كیدۆ تەواوكردووە. بەهۆی پەیدابوونی ئازار لە قاچمدا، پزیشك ئەو وەرزشەی لێ قەدەغە كردم، بەڵام جاروبار وەكو دادوەر بۆ پێشبڕكێكان بانگم دەكەن. لەگەڵ ئەوەشدا من لە تەمەنی 15 ساڵییەوە هاتمە تاران و چوومە لای چەند مامۆستایەكی بەناوبانگ كە دەزگای موزیكیان هەیە، هەوڵم دا بەشێوەیەكی دروست فێری دەنگ و تەكنیك و میوزیك بم.

رووداو: باوكت دەروێش بووە، ئەو چ كاریگەریی لەسەرت هەبوو لە بواری هونەری؟

ژیوار: بەدڵنیاییەوە كاریگەریی هەبوو، چونكە ئەو دەروێشی نەقشبەندی بوو، لەبەرئەوە هەمیشە دەف لە ماڵماندا هەبووە، بەڵام زۆر حەزی نەدەكرد بخوێنم، چونكە پێیوابوو خوێندن بۆ كوڕە نەك كچ. بۆ گۆرانیگوتنیش زۆری پێخۆش نەبوو، بەڵام دواتر توانیم قەناعەتی پێ بهێنم، باوكم دەیگوت گۆرانییەك بڵێ زیاتر خزمەتی ژنان بكات.

رووداو: كە هێندە حەزت لە گۆرانیگوتن بوو بۆچی نەچوویتە كۆلێژی هونەر؟

ژیوار: پێموابوو بڕوانامەی هونەر ناتوانێت بمژیێنێ‌. دوای تەواوكردنی كۆلێژی وەزرش، لە بواری هونەریشدا خوێندم، بۆ ماوەی ساڵێك و چوار مانگ لە دوو دامەزراوەی فەرەنسی لە بواری دەنگ و میوزیك لە تاران وانەم خوێند و دوو بڕوانامەی دانانی ئاوازم  وەرگرت.

رووداو: رات چییە لەسەر ژنە گۆرانیبێژەكان؟

ژیوار: دەتوانم لە چەند روویەكەوە باسیان بكەم، بۆ نموونە لە ژنەكاندا لەیلا فەریقی، فاتێ، شەهریبان كوردی و چۆپی فەتاح لەهەموو رووەكانەوە توانیویانە خزمەتێكی باشی هونەری كوردی و ژنانیش بكەن، پێمخۆشە لەیلا بێتەوە ناو دنیای هونەر، بەڵام بەشێكی دیكەیان بەداخەوە زۆرتر دەیانەوێت خۆیان نمایش بكەن كە لەو كاتەشدا تاموچێژ و هەست لەگۆرانییەكەیاندا نامێنێ.




رووداو: كەی گرووپی ژیوارتان دامەزراند؟

ژیوار: 16 ساڵە ئەو گرووپەم دامەزراندووە كە لە 10 ژنی فارس پێكدێن.

رووداو: ئەی بۆچی ژنی كوردی تێدا نییە؟

ژیوار: بەداخەوە لەبەرئەوەی لە تاران زۆر بە كەمی ژنی میوزیكژەنی كورد هەیە، بۆیە نەمانتوانیوە پێكەوە كار بكەین. ژنی كورد هاتوونەتە لام بۆ كاركردن، بەڵام هەندێكیان كەمێك غروریان هەبووە، هەندێكیشیان توانایەكی ئەوتۆیان نەبووە، ئەگینا لەسەدا سەد پێمخۆشە هەموو ژەنیارەكانم كورد بن.

 رووداو: بۆچی بەرهەمت نییە؟

ژیوار: دوو هۆكاری هەیە، یەكەمیان لە ئێران گۆرانیی ژنان بەشێوەی دەنگ و رەنگ قەدەغەیە و ئەگەر ئەوە بكەم رەنگە رێگری لە كۆنسێرتەكانیشم بكرێت، ئەگەر بشمەوێت سیدییەك بەرهەم بێنم و رەوانەی دەرەوەی بكەم زۆری تێدەچێت، بۆیە ئێستا دەمەوێت هانی زیاتری ژنان بدەم بۆ ئامادەبوونیان لە كۆنسێرتەكانی ژنان.

رووداو: ئەوەندە پارەت نەبووە بتوانی ئەلبووم یاخود گۆرانییەك بەرهەم بهێنیت و لە دەرەوە بڵاوی بكەیتەوە؟

ژیوار: نەخێر، لەبەرئەوەی ئەگەر تەنیا بە خۆم و سازێك بێت دەتوانم، بەڵام دەمەوێت كارێكی ئۆركێسترایی پڕۆفیشناڵ بێت كە ئەوەش تێچوویەكی زۆری دەوێت.

رووداو: گوتت لە ئێران ڤیدیۆ كلیپی ژنان قەدەغەیە، بەڵام خۆ ئێوە كۆنسێرتیش دەكەن، ئەوەیان قەدەغە نییە؟

ژیوار: بۆ كۆنسێرتەكانیش دەبێت ژەنیار و ئامادەبووانیش ژن بن، بەهیچ شێوەیەك پیاو بۆی نییە لەو هۆڵەدا ئامادە بێت.

رووداو: ئەوەی لە كۆنسێرتەكاندا پێشكەشی دەكەی بەرهەمی خۆتن؟

ژیوار: بەڵێ زۆربەی گۆرانییەكان تایبەتن بە گرووپەكەمان و كاری خۆمن.

رووداو: شارەزاییت لە چەند ئامێر هەیە؟

ژیوار: سێتار و دەف.

رووداو: بۆچی ئەو دوو ئامێرە؟

ژیوار: دەف لەبەرئەوەی لە منداڵییەوە لەنێو خانەقاكان و دەروێشەكاندا پێی ئاشنا بووم، سێتاریش لەبەرئەوەی هەستێكی باشم بۆی هەبوو و لەئاستی دەنگیشمەوە نزیكە.

رووداو: سەردانی هەرێمی كوردستانت كردووە؟

ژیوار: بەڵێ لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و رانیەش كۆنسێرتم كردووە.

رووداو: بەڵام لەوێ‌ زۆر ناسراو نیت، بۆچی؟

ژیوار: رەنگە گۆرانییەكانم بۆ هەموو كەسێك نەبن، چونكە زۆربەی خەڵك گۆرانی شادیان پێخۆشە، لای من ئەو گۆرانییەی دەیڵێم ئەگەر 10 كەس بەدڵیان بێت بەلامەوە باشترە لەوەی هەموو كەس بەدڵیان بێت.

هەرچەندە زۆر سەرقاڵم بە ناساندنی هونەری كوردی و لە زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵات و ئێرانیشدا كۆنسێرتم كردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی كلیپەوە زۆر كەس لە پارچەكانی دیكەی كوردستان نامناسن، چونكە راگەیاندنەكان و ئەوانەی دۆستی هونەرن كەمتر كاریان بۆ كردووین. لە كاتێكدا گرووپە فارسەكان بانگهێشت دەكەن، بەڵام ئەوانە چ پەیوەندییان بە هونەری كوردییەوە هەیە؟ بەبۆچوونی من فارس نابێت گۆرانی كوردی بڵێت، بەڵكو كورد و فارس و تورك دەبێت بە زمانی خۆیان گۆرانی بڵێن. بە داخەوە ئێستا هەر گۆرانیبێژێك بیەوێ خۆی بناسێنێ، موزیكی كوردی بەكاردێنێ، بەڵام بە موزیك و هۆنراوەی هەڵە گۆرانی كوردی دەڵێن كە بەبۆچوونی من، ئەوە هەڵەی كەناڵەكانە.

 رووداو: خۆت پێتخۆشە لەسەر چ شێوازێك كار بكەیت؟

ژیوار: كلاسیكی كوردی یان كلاسیكی ئێرانی.

رووداو: دەگوترێت هەندێك لە ژنانی هونەرمەندی رۆژهەڵات كە ئێستا دیارن لای تۆ پێگەیشتوون، وایە؟

ژیوار: راستە، بەڵام پێمخۆش نییە ناویان بڵێم.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ ژنە گۆرانیبێژەكان چۆنە؟

ژیوار: بەداخەوە پەیوەندیمان نییە

رووداو: بۆچی؟

ژیوار:، وەڵڵا نازانم، چەند ساڵێك پێش ئێستا سەردانی ئەڵمانیام كرد و هانیم بینی و لە هەرێمی كوردستانیش رۆژینم بینی.

رووداو: خۆت پێتخۆش نییە پەیوەندیت لەگەڵیان هەبێت یاخود دەرفەت نەبووە؟

ژیوار: دەرفەت نەبووە.
 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە