براوەی خەڵاتەکانی ئێمی ئاشکرا کران و غەززە مژارێکی گەرم بوو لە خولی ئەمساڵدا

15-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئێمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەردە لەسەر براوەی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئیمی (Emmy Awards) لە 77ـەمین خولیدا لادرا و پشتیوانیکردن لە فەڵەستین دیمەنێکی دیاری رێوڕەسمەکە بوو. خافیێر باردێم، ئەکتەری ئیسپانی، بە جامانەی فەلەستینییەوە دەرکەوت و ئەکتەر هانا ئاینبێندەریش دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەی هاواریکرد "فەلەستینی ئازاد".
 
زنجیرەی (The Pitt) بووە براوەی باشترین زنجیرە دراما و (The Studio)ـش خەڵاتی باشترین زنجیرە کۆمیدی بردەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، ژمارەیەک لە ئەستێرە دیارەکانی سینەما و تەلەڤیزیۆن ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون، لەوانەش سکارلێت جۆهانسن، کەیت بلانچێت و سێلینا گۆمێز و چەندین ئەستێرەی دیکە.
 
خافیێر باردێم لەسەر فەرشی سوور بە جامانەی فەلەستینییەوە دەرکەوت و پشتیوانیی خۆی بۆ فەلەستین راگەیاند. لە لێدوانێکیدا، باردێم ئاماژەی بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە کرد و گوتی: "لە کۆتایی مانگی ئاب دا، کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی توێژەرانی جینۆساید (IAGS)، کە بە وردی لە چەمکی جینۆساید دەکۆڵێتەوە، رایگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ لە غەززە روودەدات، جینۆسایدە".
 
باردێم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "هەر بۆیە داوای سەپاندنی گەمارۆی بازرگانی و دیپلۆماسی و سزا بەسەر ئیسرائیل دا دەکەین بۆ راگرتنی ئەم جینۆسایدە. فەڵەستینی ئازاد".
 

هاوکات، هانا ئاینبێندەر، ئەکتەری ئەمریکی، دوای ئەوەی بووە براوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی پاڵپشت لە زنجیرەیەکی کۆمیدیدا بۆ زنجیرەی (Hacks) لەنێو چەپڵەڕێزانێکی گەرمی ئامادەبوواندا هاواریکرد: "فەڵەستینی ئازاد".
 

خەڵاتی باشترین زنجیرەی کورت بەخشرایە (Adolescence) و باشترین فیلمی تەلەڤیزیۆنی بۆ (Rebel Ridge) بوو.
 
خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی سەرەکی لە زنجیرەیەکی دراماییدا بۆ برێت لۆر، لە زنجیرەی (Severance) و باشترین ئەکتەری کچی پاڵپشت لە زنجیرەیەکی دراماییدا بۆ کاترین لاناسا، لە زنجیرەی (The Pitt) بوو. 
 

باشترین ئەکتەری کوڕی پاڵپشت لە زنجیرەی دراماییدا بۆ ترامێل تیلمان، لە  زنجیرەی (Severance) و باشترین ئەکتەری کچی سەرەکی لە زنجیرەیەکی کۆمیدیدا بۆ جین سمارت لە زنجیرەی (Hacks)ـدا بوو. باشترین ئەکتەری کوڕی سەرەکی لە زنجیرەیەکی کۆمیدیدا بۆ سێس رۆگن، لە زنجیرەی (The Studio)ـدا بوو.  
 

باشترین ئەکتەری کچی پاڵپشت لە زنجیرەیەکی کۆمیدیدا بۆ هانا ئاینبێندەر، لە زنجیرەی (Hacks)ـدا و باشترین ئەکتەری کوڕی پاڵپشت لە زنجیرەیەکی کۆمیدی بۆ جێف هیلەر، لە زنجیرەی (Somebody Somewhere)ـدا بوو.
 

خەڵاتی باشترین دەرهێنان بۆ زنجیرەیەکی کۆمیدی بەخشرایە سێس رۆگن و ئیڤان گۆڵدبێرگ بۆ زنجیرەی (The Studio)، باشترین دەرهێنانی زنجیرەی درامایی بەخشرایە ئادەم رانداڵ، بۆ زنجیرەی (Slow Horses) و باشترین دەرهێنانی زنجیرەی کورت بۆ فیلیپ بارانتینی، بۆ دەرهێنانی زنجیرەی (Adolescence)ـە.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە