رووکەن یڵماز نوێترین بەرهەمی ئاوێتەی سرووشتی پلوور دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند رووکەن یڵماز، نوێترین بەرهەمی بە ناوی "مێڤان و مازووڤان" بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە، دیمەنەکانی لە نێو سرووشتی دێرسمی باکووری کوردستان وێنەگیراون.
تێکستی گۆرانییەکە یەکێک لە بەرهەمە ناوازەکانی جەگەرخوێن، شاعیری ناسراوی کوردە، کاری میوزیکی لەلایەن هونەرمەند نورهاک کلاگۆزەوە کراوە.
دابەشکردنی میوزیکی بەرهەمەکە بە شێوازێکی مۆدێرن کاری لەسەر کراوە، لە هەمانکاتدا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ میوزیکی رەسەن و کەلەپووریدا نەپچڕاندووە، بەمەش دەرگەیەکی نوێ بە رووی میوزیکی کوردیدا دەکاتەوە.
کلیپی گۆرانییەکە لە سرووشتە دڵڕفێنەکەی ناوچەی پلووری دێرسیمی باکووری کوردستان وێنەگیراوە و لە دەرهێنانی بێرک کوروچایە.
لە کلیپەکەدا، رەنگەکانی سرووشت، جوگرافیا تایبەتەکەی پلوور، تێکستی قووڵی گۆرانییەکە و دەنگی رووکەن یڵماز، هونەرمەندی باکووری کوردستان؛ پێکەوە ئاوێتەیەکی هونەرییان ئافراندووە.