کتێبخانەی وەقفی ئیسماعیل بێشکچی دەکرێتە دیجیتاڵی

16-07-2025
عومەر سۆنمەز
راگەیاندنی پڕۆژەکە بە ئامادەبوونی ئیسماعیل بێشکچی لە ئیستەنبووڵ. وێنە؛ رووداو
راگەیاندنی پڕۆژەکە بە ئامادەبوونی ئیسماعیل بێشکچی لە ئیستەنبووڵ. وێنە؛ رووداو
نیشانەکردن ئیسماعیل بێشکچی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی رۆشنبیری و هونەریی کوردستان، کە بنکەی سەرەکیی لە هەولێرە، پڕۆتۆکۆڵێکی گرنگی لەگەڵ وەقفی ئیسماعیل بێشکچی واژۆ کرد بۆ بە دیجیتاڵکردنی یەکێک لە دەوڵەمەندترین ئەرشیڤەکانی تایبەت بە کورد و کوردستان.
 
بەپێی پڕۆتۆکۆڵەکە، هەزاران کتێب، گۆڤار، رۆژنامە و بەڵگەنامەی گرنگ کە لە 1950ـەوە لەلایەن ئیسماعیل بێشکچی، کۆمەڵناسی بەناوبانگی تورک و دۆستی کورد کۆکراونەتەوە، بە پشتیوانیی ناوەندی رۆشنبیریی کوردستان دەکرێنە دیجیتاڵی. ئەمەش وا دەکات سەرجەم بەرهەمەکانی ناو کتێبخانەی وەقفی ئیسماعیل بێشکچی لەسەر سەکۆ دیجیتاڵییەکان بۆ هەموو کەسێک لە سەرانسەری جیهاندا بەردەست بن.
 
ئەمە یەکەمجارە ناوەندی رۆشنبیریی کوردستان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە بەڕێوە دەبات.
 
محەمەد فاتیح، بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیریی کوردستان رایگەیاند: "ناوەندی رۆشنبیری و هونەریی کوردستان تا ئێستا فراوانترین و پێشکەوتووترین ئەرشیڤی دیجیتاڵی لە کوردستان دامەزراندووە. تا ئێستا بە زمانەکانی ئینگلیزی و کوردیی سۆرانی ئەرشیڤمان کردووە و ویستمان ئەرشیڤی کرمانجیشی بۆ زیاد بکەین. بۆ ئەم دەستپێکەش، کارەکەمان لەگەڵ وەقفی ئیسماعیل بێشکچی دەستپێکرد."
 
بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ناوەندی رۆشنبیریی کوردستان ئامێرێکی پێشکەوتووی تایبەت بە دیجیتاڵکردنی کتێب و بەڵگەنامەکانی بەخشیوەتە وەقفی بێشکچی. هەروەها تیمێکی پسپۆڕی ناوەندەکە دوو کارمەندی وەقفەکە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان فێری شێوازی ئەرشیڤکردنی دیجیتاڵی دەکەن. بەپێی رێککەوتنەکە، ئەم کارە بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام دەبێت.
 
ئایتەن کۆتیکیان، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ناوەندی رۆشنبیریی کوردستان، گوتی: "ئەم ئامێرە تایبەتە بۆ دیجیتاڵکردنی کتێب. ئێمە هاتووین بۆ ئێرە تا راهێنان بە کارمەندانی وەقفی ئیسماعیل بێشکچی بکەین و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان فێری ئەرشیڤکردنیان بکەین."
 
ئیبراهیم گوربوز، سەرۆکی وەقفی ئیسماعیل بێشکچی، لەبارەی گرنگیی پڕۆژەکەوە گوتی: "بۆ نەتەوەکان ئەرشیڤ زۆر گرنگە. ئەگەر ئەرشیڤت نەبێت، ناتوانیت هیچ بکەیت، چونکە بەهۆی ئەرشیڤەوە هۆشیاریی مێژوویی، جوگرافی و کۆمەڵناسی دروست دەبێت. ئەرشیڤ هەموو شتێکە. بەهۆی ئەم پڕۆتۆکۆڵەوە، ئەرشیڤێکی نەتەوەیی کوردی ئامادە دەکرێت."
 
کتێبخانەی وەقفی ئیسماعیل بێشکچی وەک یەکێک لە گەورەترین و دەوڵەمەندترین کتێبخانەکانی تایبەت بە پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان هەژمار دەکرێت. زیاتر لە 20 هەزار کتێب، 800 گۆڤاری جیاواز، نزیکەی 3 هەزار رۆژنامەی بەرگکراو و 2 هەزار نامەی تایبەتی ئیسماعیل بێشکچی لەخۆدەگرێت.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە