رووداو - ئاژانسەکان
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەونی ژمارەیەکی زۆر لە بەهەرەمەندانی هێنایە دی و لەرێگەیەوە بوونە ئەستێرە لە جیهاندا، یەکێک لەوانە جەستن بیبەر بوو، کە لە تەمەنی منداڵییەوە لەرێگەی یوتیوبەوە خۆی بە جیهان ناساند.
سەرکەوتن و ریکۆرد شکاندنەکانی ئەو گۆرانیبێژە گەنجە بەردەوامن، لەم هەفتەیەدا دوو لە گۆرانییەکانی بەناوەکانی "Cold Water" و "Let Me Love You"، لە پلەی یەکەم و دووەمی لیستی پڕفرۆشترین گۆرانییەکانی ئەم هەفتەیەی بەریتانیادا هاتن.
بەمەش ئەو گۆرانیبێژە ریکۆردێکی نوێی بۆ خۆی تۆمارکرد و لە ساڵی 1985ـەوە هیچ گۆرانیبێژێک دوو گۆرانیی لە یەک هەفتەدا، لەم دوو پلەیەدا بەدوای یەکدا نەهاتوونە.
بیبەر، لەمساڵدا بۆ جاری حەوتەمە گۆرانییەکانی لە پلەی یەکەمی لیستی پڕفرۆشترین گۆرانییەکانی بەریتانیادا هاتوونە.
جەستن بیبەر، لە مارسی 1994 لە کەنەدا لە دایکبووە، ئێستا لە ئەمریکا ژیان بەسەردەبات، لە ساڵی 2009ـەوە دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە، سەرەتا گۆرانییەکانی لە ماڵەوە تۆماردەکرد و لەرێگەی یوتیوبەوە بڵاویدەکردەوە.
بیبەر، تاوەکو ئێستا 11 ئەلبوومی گۆرانیی بڵاوکردووەتەوە، لە رێگەیانەوە چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.
هەرچەند سەرەتا هۆگرانی ئەو گۆرانیبێژە منداڵ و هەرزەکار بوون، بەڵام دواتر گەورەکان بەر لە منداڵان شەیدای دەنگی بوون و ژمارەیەکی زۆرشیان عاشقی بوون.
یەکێک لە وێستگە هەرە دیارەکان لە ژیانی بیبەردا، پەیوەندی خۆشەویستیی بوو لەگەڵ سلینا گۆمێز، کچە گۆرانیبێژی ئەمریکی و بەهۆیەوە میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ