مارگۆو رۆبی نهێنییەکی کۆڵن فێرێڵ لە فیلمێکی نوێدا ئاشکرا دەکات

16-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن مارگۆو رۆبی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مارگۆو رۆبی و کۆڵن فێرێڵ، هەردوو ئەکتەری هۆڵیوود، لەگەڵ دەرهێنەر کۆگۆنادا، لە نیویۆرک ئامادەی پێشاندانی تایبەتی نوێترین فیلمیان بوون بەناوی (A Big Bold Beautiful Journey).
 
کۆڵن فێرێڵ، تازە لە ئاهەنگی خەڵاتەکانی ئێمی گەڕاوەتەوە و زنجیرەکەی بەناوی (The Penguin) نۆ خەڵاتی بەدەستهێنابوو.
 
فێرێڵ گوتی: "زۆر خۆش بوو کە دەرچووین و ئاهەنگمان بۆ کاری هەمووان گێڕا و بۆ دواجار ستافی (The Penguin)ـم بینییەوە".
 
فیلمی (گەشتێکی گەورەی بوێرانەی جوان) چیرۆکی سارا (رۆبی) و دەیڤد (فێرێڵ) دەگێڕێتەوە کە دەرفەتیان پێدەدرێت بەشە گرنگەکانی ژیانیان دووبارە بژینەوە. فێرێڵ ماوەی سێ ساڵە پەیوەستە بەم پڕۆژەیەوە، لەدوای هاوکاریی پێشووی لەگەڵ دەرهێنەر کۆگۆنادا لە فیلمی (After Yang).
 
مارگۆو رۆبی رایگەیاند: "ستافێکی گەورەمان نەبوو، زۆربەی کاتەکان من و کۆڵن هەر لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا پێکەوە بووین. پاشان دیمەنی ئاهەنگی هاوژینی و سەمای تێدایە، هەروەها میوزیکاڵێکی قۆناخی ئامادەیی. چیرۆکەکە لە بچووکەوە دەستپێدەکات، دواتر زۆر گەورە دەبێت. بە بڕوای من فیلمێکی تەواو چاوەڕواننەکراوە".
 
رۆبی دیمەنی میوزیکاڵەکەی بە خۆشترین بەشی وێنەگرتنی فیلمەکە ناوبرد و گوتی: "بینینی کۆڵن کاتێک ساتەکانی میوزیکاڵی قۆناخی ئامادەیی خۆی دەژیایەوە، رەنگە خۆشترین کاتی من بووبێت لە فیلمەکەدا".
 
هەروەها ستایشی ئۆین کوپەری هاوئەستێرەی لە فیلمی (Wuthering Heights)ـدا کرد کە خەڵاتی ئێمی بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشت لە زنجیرەیەکی سنووردار یان فیلمێکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ زنجیرەی (Adolescence) بەدەستهێنا و بە "ئەکتەرێکی بلیمەت و نایاب" ناویبرد. 
 
پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە رۆژی دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەچوو و بڕیارە لە 19ـی ئەیلوول لە سینەماکاندا پێشان بدرێت.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە