رووداو – سلێمانی
دوای بەخشینی خەڵاتی شکۆمەندیی نێودەوڵەتی لەلایەن مەستی فیلمەوە، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بە جەعفەر پەناهی، سینەماکار و دەرهێنەری ناوداری ئێرانی، تاهیرە سەعیدی، هاوژینی ئەو دەرهێنەرە کە ئێستا لە سلێمانیە بە (رووداو)ی گوت: "جەعفەر پەناهی چەند رۆژێک بەر لەئێستا لە ئەنتالیا خەڵاتێکی بردەوە، رۆژێک پێشتریش لە هامبۆرگ خەڵاتی بەدەستهێنا، هەرکام لە خەڵاتەکان بۆنەیەکی تایبەت بەخۆیان هەیە، خەڵاتەکەی هامبۆرگ بەبۆنەی شتێکی دیکەوە بوو، لە ئەنتالیاش فیلمەکەی خەڵاتی پرتەقاڵی زێڕینی بردەوە، ئەم خەڵاتەشیان تاڕادەیەک خەڵاتێکی سیاسییە، هەروەک پێیانگوتم ئەمە خەڵاتی شکۆمەندییە و بەو کەسانە دەبەخشرێ کە سەرباری هەموو کێشە و گرفتەکانیان فیلم دروستدەکەن، هەروەها بەرگری لەڕاستی دەکەن".
تاهیرە سەعیدی هەروەها گوتی: "جەعفەر چەندین ساڵە رێگەی کارکردنی پێنادرێت، بەڵام ئەو هەر بەنهێنی کار دەکات، بۆ نموونە کاتێک دەست بەکارێک دەکات پێشتر مۆبایلەکان دەکوژێنینەوە و ئەو کاستەی کاریان لەگەڵ دەکات سنووردارن و ئەو کەسانەن کە دەیانناسێت، ئیتر هەر بەمجۆرە بەنهێنی کار دەکات تاوەکو کارەکە تەواو دەبێت، کاتێکیش تەواو دەبێت چەند کۆپییەک لە فیلمەکە لەشوێنی جیاواز دادەنێت، بۆئەوەی ئەگەر یەکێک لە کۆپییەکان دەستی بەسەردا گیرا، ئەوانی دیکە بمێننەوە".
تاهیرە سەعیدی دەڵێت "خەڵاتی شکۆمەندی باشترین خەڵاتە تائێستا بە پەناهی بەخشرابێت. چونکە ئەو ماوەی بیست ساڵ ناتوانێت سیناریۆ بنووسێت، بیست ساڵ ناتوانێ سەفەر بکات، کاری دەرهێنان بکات، بیست ساڵ رێگەی چاوپێکەوتنی پێنادرێت بۆ میدیاکان".
جەعفەر پەناهی، سینەماکاری بەناوبانگی ئێرانی- جیهانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ فێستیڤاڵەکە باسی کاریگەریی سینەمای لەسەر کولتوور و فەرهەنگسازی کرد و گوتی: "چەندە فێستیڤاڵ لەم ناوچانەدا هەبن ئەوەندە یارمەتی پرسە کولتوورییەکان دەدەن، ناوچەیەک کە بەردەوام گیرۆدەی توندوتیژی بووە، ئەگەر هەرئێستا رێگەم پێبدرابایە لە وڵاتەکەم بێمە دەرەوە و چەندین فێستیڤاڵ بانگهێشتیان کردبام، بێگومان سلێمانیم هەڵدەبژارد".
هەروەها دەڵێت: "ئێمە لەڕێگەی سینەماوە دەتوانین کاری گەورە بکەین، دەتوانین بەماف و ئازادییەکانمان بگەین، مژارە جۆراوجۆرەکان چارەسەر بکەین، زۆر بەداخم کە نەمتوانی بەشداری فێستیڤالەکە بکەم، بەڵام خۆشحاڵم کە هاوژینەکەم لەوێیە و بەنوێنەرایەتی من ئەو خەڵاتە وەردەگرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ