رووداو- هەولێر
شانۆگەریی شەرەف لە شاری هەولێر نمایش دەكرێت كە لە چەند چیرۆكێكی راستەقینەی نێو كۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتووە.
نیهاد جامی، دەرهێنەری شانۆگەریەكە بە (رووداو)ی راگەیاند "شانۆگەریی شەرەف باس لەو ژنانە دەكات كە لەلایەن ئەندامانی خێزانەكانیانەوە دەستدرێژییان كراوەتە سەر، لەگەڵ ئەوەشدا لەنێو
كۆمەڵگەی كوردیدا شەرەف بووەتە سیبمولی ژن، بەڵام من لە رێگەی ئەم شانۆگەرییەوە پێیان دەڵێم ژن سیمبولی شەرەف نییە، دەكرێت پیاو هەڵگری ئەو شەرەفە بێت".
دەربارەی چیرۆكی ئەم شانۆگەرییە نیهاد جامی گوتی "ئەم شانۆگەرییە لە چەند چیرۆكێكی نێو كۆمەڵگەی كوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە كە من كاتی خۆی لەگەڵ ئەو ژنانە دانیشتووم و چیرۆكەكانم نووسیونەتەوە، ئەو ژنانە بەرەوڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی بوونەتەوە، بۆیە چیرۆكەكان راستەقینەن و بەزمانی شانۆ بۆ خەڵكی دەگێڕینەوە".
ئەم شانۆگەرییە رۆژی سێشەممە لەزیندانی چاكسازیی ئافرەتانی هەولێر نمایش کرا، بریارە لەرۆژانی پێنجشەممە و هەینیش لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر نمایش بكرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ