رووداو- هەولێر
رامان حوسێن خەڵكی كەركووكە، سەرەتا بەشێوازێكی هەڕەمەكی وێنەی كێشاوە و هەست و خولیای خۆی لە رێگەی وێنەوە دەربڕیوە، بەڵام دوای ئەوەی لەساڵی 1991 لە ئەكادیمیای هونەرەجوانەكانی بەغدا وەردەگیرێت، ئیدی لەوێ بەشێوەیەكی ئەكادیمی كار لە بواری هونەری شێوەكاریدا دەكات. لە قۆناخی یەكەمی كۆلیژدا بە وێنەكێشان دەستی پێكرد، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، دواتر هەستی كردووە ئیدی وێنەكێشان تێری ناكات، بۆیە پەنای بردووەتە بۆ پەیكەرسازی، دواتر دەچێتە ئەوروپا و لە فینلاند دەگیرسێتەوە، ئێستا لە هونەرێكی نوێدا كار دەكات، ماوەیەك پێش ئێستا پیشانگایەكی لە ئەمنە سوورەكەی شاری سلێمانی كردەوە كە بووە مایەی سەرسامیی ئامادەبووان، چونكە بەهۆی ڤیدیۆوە تابلۆكانی تێكەڵكێشی پەیكەرسازی دەكات و ماناو دەلالەتی دیكە بە تابلۆ دەدات.
نزیكەی 40 كتێبی چیرۆكی منداڵان لە رێگەی وێنەكێشانەوە بۆ منداڵان دەگێڕێتەوە، وێنە چیرۆكەكان زۆرتر لە نێو یادەوەریی منداڵان جێگیر دەكات، رامان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی داهێنانەكانی دەكات.
رووداو: نزیكەی 12 ساڵە لە ئەوروپایت، ئەوروپییەكان چۆن پێشوازی لە كارەكانت دەكەن؟
رامان حوسێن: ئەوەی ئێمە لە ئەوروپییەكان جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە ئەوان ئامادەن بۆ هەموو نوێگەرییەك. بە پێچەوانەی ئێمەوە، ئەوروپییەكان زۆر بە گەرمی لە كارەكانی من دەڕوانن، ئەوان پێیانوایە ئەمە بەشێكە لە دەوڵەمەندیی هونەرمەند، زۆر بە گەورەیی لە كارەكانم دەڕوانن، بەردەوام ئەوانەی سەردانی پێشانگەكانم دەكەن، بەشێكی هەرە زۆری ئەوروپییەكانن، لەگەڵ ئەوەشدا چێژ لە كارەكانم وەردەگرن.

رووداو: ئەو هونەرە تازەیە چییە كە تۆ هێناتەوە بۆ كوردستان؟
رامان حوسێن: ئەوە هونەرێكی نوێیە لە ئەوروپا و كوردستان بەتایبەتی كە بە رێگەی ڤیدیۆ پەیكەر و تابلۆكان ئاوێزانی یەكدی دەكرێت، وێنای كارێكی ناوازە دەخەیتە پێش چاوی ئامادەبووان، هەر هێمایەك مانایەكی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەوەندەی من سەرنجم داوەتێ ئەم هونەرە لە كوردستان نوێیە. هەرچەندە لە سلێمانی چەند كارێكی وا كراوە كە كۆمەڵێك گەنج هەیە ئێستا دەستیان داوەتە ئەم كارە، ئەمەش جێگای خۆشحاڵییە. من پێشانگایەكم لە سلێمانی كردەوە، پێشوازی لێكرا. من پێموایە ئەگەر كارەكان بە راستگۆیی و بیرۆكەیەكی لە پاڵ خۆیدا هەڵگرتبێت زووتر بە بینەر دەگات و پێشوازی لێدەكرێت.
رووداو: ئەو كارانەی تۆ بەم رێگەیە نمایشت كردوون گوزارشت لە چی دەكات؟
رامان حوسێن: من باسی بارودۆخی ئێستای كوردستان و جیهان دەكەم، پێموایە دونیا بووەتە مەنجەنیقێك و مرۆڤەكانی تێدا دەبرژێت و دەكوڵێت، بەناوی ئایینەوە بەناوی یەك هزری و تاك سیاسەتەوە. لە یەكێك لە كارەكانم من موعاناتی خۆم نیشانداوە كە لە نێو ئەو مێگەلەدا نیوەی ژیانم بەسەر بردووە، پەیكەری چەپڵەش كە دروستم كردووە، بەمانای ئەو چەپڵە و بێدەنگییەی من بوو گەورەترین دیكتاتۆری دروست كرد، كەواتە ئێمەش بەشداربووین لە دروستكردنی دیكتاتۆردا، بەڵام لە نیوەكەی دیكەی تەمەنمدا چیدی رازی نەبووم، بەڵكو یاخی بووم و بەو بارودۆخە رازی نەبووم، من نەمتوانی بیگۆڕم، بۆیە هەڵاتم، ئەگەر سەیری بكەی ئەو میللەتانەی بێدەنگییان هەڵبژاردووە هەموویان دیكتاتۆریان دروست كردووە، ئینجا من لە كارەكانی خۆمدا ئەوانەم نیشانداوە.

رووداو: لە یەكێك لە كارەكانتدا زۆر كتێبت كردووەتە سیمبوڵ، بەڵام لە شوێنێكی دیكە كتێبت بە رەشی نیشانداوە، ئەوە مانای چییە؟
رامان حوسێن: كتێب دەكرێت ببێت بە چرایەك و رێگەت نیشان بدات و ئایندەت بۆ رووناك بكاتەوە، بەڵام هەر كتێبیشە دەبێتە كابووس و بینا قاقات دەگرێت و دەبێتە هەورێكی رەش و بەسەرتدا دەبارێت و دەتخنكێنێ. لەم سەردەمەدا ئەوەندی رق و كینە لەنێو كتێبەكاندا هەیە، باس لە ژیاندۆستی ناكەن، بۆیە من پێموایە هونەر بەگشتی دەبێت لەسەر هەموو دیاردەكانی نێو كۆمەڵگە قسەی هەبێت و نابێت بێدەنگ بێت.
رووداو: تۆ چەند ساڵێكە لە ئەوروپا لەم بوارەدا كار دەكەی، ئامادەی بگەڕێیتەوە كوردستان و ئەم هونەرەش فێری نەوەی نوێی كوردستان بكەی؟
رامان حوسێن: ئەگەر كوردستان ئامادە بێت پێشوازی لە من بكات، من هەموو كات ئامادەم بگەڕێمەوە كوردستان و ئەو هونەرەی فێری بووم، رۆڵەی نەتەوەكەشم فێر بكەم، بەڵام بەڕاستی ئێمە لە ئەوروپا تامی ژیانمان كردووە، چیدی رازی نابین بە سێبەری ژیان. هاتنەوەی من ئاسانە، بەڵام ئایا لێرە داواكارییەكانی ژیانم فەراهەم دەكرێت! چونكە باوەڕ بكە لەو وڵاتەی خۆم خاوەنی هیچ نیم، هیچ شتێكم نییە لەسەری بژیم، لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراندنیش نییە، برادەرم هەیە دوو ماستەری لە میوزیك هەیە لە كوردستان داینامەزرێنن و دەڵێن تۆ پشتت نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ