"نامە بۆ شا"ی زەمان باشترین فیلمی ئەسكەندەناڤیایە

18-02-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نامە بۆ شای زەمان
A+ A-
نەسرین رۆژكان
رووداو - سوێد

هیشام زەمان، دەرهێنەری كورد بۆ دووەمجار بەناوی نەروێژ بەرزترین خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی دراگۆن لە سوید وەردەگرێت.

فێستیڤاڵی فیلمی دراگۆن رۆژی 1ی شوبات سازكرا و فیلمی "Letter to the king"ی دەرهێنەری كورد هیشام زەمان، بەرزترین خەڵاتی فێستیڤاڵەكەی وەرگرت و پێگەی خۆی لەنێو مێژووی هونەری وڵاتانی ئەسكەندەناڤیادا قایمتر كرد بەهۆی ئەوەی كە ماوەی دووساڵە لەسەریەك ئەم خەڵاتە وەردەگرێت.

فیلمەكەی ساڵی رابردووی "Before snowfall"واتە "پێش بەفربارین و فیلمی ئەمساڵ  "Letter to the king"واتە "نامە بۆ شا" باشترین فیلمی وڵاتانی باكوور بوون، واتە وڵاتانی نەروێژ، سوید، دانمارك، ئایسلاند و فینلەند.

هیشام زەمان، 38 ساڵ، دەرهێنەرێكی كوردی خەڵكی شاری كەركووكە. لە تەمەنی 17 ساڵیدا باشووری كوردستانی جێهێشتووە و لە نەرویژ دەژی.

هیشام زەمان، تاوەكو ئێستا 50 خەڵاتی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بۆ كورتە فیلمی "باوكە" وەرگرتووە. ئەو فیلمە وەكو باشترین فیلمی 10 ساڵی رابردووی نەروێژ ئەژمار دەكرێت. ساڵی 2007 فیلمی "Vinterland"، واتە "وڵاتی زستان" و، ساڵی رابردووش فیلمی "Before Snofal" فیلمی دەستپێكردن بوون لە فێستیڤاڵی فیلمەكاندا.

ئەمساڵیش فیلمی "Letter to the king" بووە باشترین فیلمی ساڵ كە گەورەترین خەڵاتی فێستیڤاڵەكەی وەرگرت.

چیرۆكی فیلمی "Letter to the king" لەبارەی پەنابەرانە كە دەیانەوێ بگەنە شاری ئۆسلۆ. بەڵام ئەمجارەیان پەنابەران زۆر رووخۆش پێشاننادات. بەپێی دەستەی دادوەریی فێستیڤاڵەكە، فیلمەكە حەقیقەتی مرۆڤایەتی پێشاندەدات، راستی ژیان پێشان دەدات. ئەكتەرانی فیلمەكە هەموویان رۆڵی خۆیان بەئاسانی دەگێڕن و بەشێوەیەكی سروشتی دەجوڵێنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزنرخاندنی فیلمەكە.

رۆژی دابەشكردنی خەڵاتەكە، رۆژنامەكانی وڵاتانی ئەسكەندەناڤیا بڵاوكراوەكانیان بەوێنەی هیشام زەمان و فیلمەكەی پڕ كردبووەوە، ئەمەش كوردی ئەو وڵاتانەی دڵخۆش و سەربەرز كرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە