رووداو دیجیتاڵ
شەقامەکانی دەورووبەری کۆشکی فێستیڤاڵی کان جمەی دەهات، دەیان رۆژنامەڤان و سەتان فۆتۆگرافەر چاوەڕێی هاتنی خاوەنی بۆمبی ئەمساڵی کان بوون، جۆرج میلەر دەرهێنەری چوار بەشی زنجیرە فیلمی "Mad Max"ـە، دوای نۆ ساڵ بە نوێترین فیلمی زنجیرەکە کە پێنجەم بەشیەتی و بە ناوی "Furiosa: A Mad Max Saga" هاتووەتە کان و فەرشی سوور بۆ خۆی و ستافی فیلمەکەی راخراوە، بۆ ئەوەی بۆ یەکەم پێشاندانی ئەم بەشە نوێیە لە جیهاندا.
لەگەڵ هەر کەسێک لە نێو فێستیڤاڵەکەدا قسە بکەی بە تامەزرۆییەوە باسی ویستی بینینی ئەم فیلمەی میلەریان دەکەن.
ڤالێریا لیسۆڤسکا، لە فێستیڤاڵەکەدا ئاماەبووە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "هێشتا ترەیلەرەکەم نەبینیوە، بەڵام دەڵنیام فیلمەکە دەتەقێتەوە".
بەشەکانی زنجیرەی فیلمی "Mad Max" باسی کەسایتییەک دەکەن بە ناوی "ماکس" کە سەرەتا پۆلیس بووە و بەهۆی کۆمەڵێک گرفت و ئاڵەنگاری کەسایەتی و ژیانی دەگۆڕێت، زنجیرە فیلمەکە زانستی خەیاڵ، سەرکێشی و ئاکشنن. فیلمە نوێیەی باسی کەسایەتییەک دەکات بە ناوی "فوریۆسا" پێش یەکگرتن لەگەڵ "ماد ماکس".
ماوەی فیلمەکە 148 خولەکە و ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە نوێیە ئانیا تایلۆر، کریس هیمسۆرز و تۆم بورکێن.
بە چەپڵە رێزان میلەر و پاڵەوانەکانی فیلمەکەی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پرسیارە بێشومارەکان دانیشتن.
جۆرج میلەرو دەرهێنەر زنجیرە فیلمی "Mad Max"، رایگەیاند: "ئەوەی نۆ ساڵ بەر لە ئێستا کردمان لەگەڵ فوریۆسا زۆر جیاوازە، لە هەموو ئەو شتانەی بۆ فیلمەکە بەکارمانهێناوە، لەم فیلمە کاری جیاوازتر و کامێرای زۆر جیاوازترمان بەکارهێناوە".
ئانیا تایلەر جۆی، ئەکتەری سەرەکی بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکە گوتی: "ئەوە زۆر چێژبەخشە بۆ جۆرج، چونکە خەڵکانێک هەبوون دەمێک بوو دەیانگوت جۆرج خانەنشین بووە، بە فوریۆسا پێیانمان گوتن جۆرج هەرگیز خانەنشین نابێت، من زۆر شانازی بە تیمەکەمان دەکەم".
سینەماکانی فیستیڤاڵی کان لە هەموو نمایشەکانی ئەم فیلمەدا جمەیان دەهات لە خەڵک، لەگەڵ ئەوەی لە میدیاکان باسی بۆچوونی پۆزەتیڤ لەسەر فیلمەکە دەکرێت، بەڵام رووداو لەگەڵ زۆربەی ئەوانەی قسەی کرد؛ دەیانگوت فیلمەکە لە ئاست چاوەڕوانیان نەبووە.
پاتریک ساموێڵ، بینەری فیلم لەمبارەیەوە دەڵێت: "باش بوو، بەڵام پێموایە باشترین نییە، بۆ من یەکەم فیلمی "Mad Max" باشترین بوو، چونکە شتێکی زۆر نوێ بوو، بەڵام ئەمە دووبارەیە".
لیا بوکێت، بینەرێکی دیکەی فیلمە و لەبارەی بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکە دەڵێت: "هیچ بە دڵم نەبوو وەک یاریی ڤیدیۆ وابوو، هیچ هەستم نەجووڵا، شتێکی پێشکەوتوو و مەزنە، بەڵام وەکو هەست زۆر جوان نییە".
چوارەم بەشی زنجیرەکە بەناوی "Mad Max: Fury Road" بوو و لە 2015 بڵاوکرایەوە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 380 ملیۆن دۆلار بوو و شەش خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە. بودجەی بەشی نوێی 168 ملیۆن دۆلارە و پێشبینی دەکرێت داهاتێکی زرۆ بەدەستبێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ