رووداو- هەولێر
ئەمساڵیش بەشێك لە كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن لە هەرێمی كوردستان لە مانگی رەمەزاندا زنجیرە درامای كوردی پەخش ناكەن، ئەمە زۆربەی هونەرمەندانی نیگەران كردووە و وەزارەتی رۆشنبیریش گلەیی لە كەناڵەكانی راگەیاندن هەیە كە بەرهەمەكانیان لێ ناكڕنەوە.
ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا وەك نەریتێك كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن لە وڵاتانی ئیسلامی كێبڕكێ دەكەن لەسەر پێشكەشكردنی زۆرترین و بەهێزترین دراما، بەڵام لە تەلەڤزیۆنەكانی كوردستان ئەم گەرموگوڕییە بەدی ناكرێت.
درامای كوردی ناكڕن
محەممەد جانۆ، بەڕێوەبەری بەشی دراما لە وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی خۆی نەشاردەوە لە خەمساردی كەناڵە كوردییەكان و پێیوایە ئەوان هیچ گرنگییەك بە درامای كوردی نادەن.
جانۆ دەڵێت "ساڵانە لەگەڵ كەناڵە كوردییەكان تووشی بێنەو بەردەیەكی زۆر دەبین تا درامایەكی كوردیمان لێ بكڕن، پار ساڵ لەگەڵ تەلەفزیۆنی كوردستان تیڤی پاش چەندین دانیشتن و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی، كەچی نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك و پارەیان بە دراماكە نەدا، دواتر وەزیری رۆشنبیری گوتی بە خۆڕایی بیدە كەناڵەكان".
جانۆ هۆكارێكی دیكەی كەمیی درامای كوردی بۆ كەمیی بودجەی بەشەكەیان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "بەشەكەمان بودجەیەكی زۆر كەمی هەیە كە بەشی بەرهەمهێنانی چوار دراما ناكات، 900 ملیۆن دینار ئەگەر زۆر بە رەزیلی كار بكەین چوار درامای لێ بەرهەم نایەت، ئێمە ساڵی رابردوو توانیمان چوار درامای كوردی بەم پارە كەمە بەرهەم بێنین، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی نەبوونی بودجەوە هیچ بەرهەمێكمان نەبوو."
درامای كۆری و توركی پەخش دەكەن
بەشێك لە كەناڵەكان لە كوردستان هیچ درامایەكی كوردییان نییە لە مانگی رەمەزاندا نمایشی بكەن. ئازا حەسیب بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆنی زاگرۆس دەڵێت "لە مانگی رەمەزاندا بەرنامەكانمان بە ئاسایی وەك رۆژانی دیكە بەڕێوەدەچێت و هیچ بەرنامەیەكی تایبەتمان بەو مانگە نییە".
هەروەها كامیل فەخرەدین بەڕێوبەری بەرنامەكان لە كوردستان تیڤی دەڵێت لە مانگی رەمەزاندا هیچ درامایەكی نوێ نمایش ناكەین و ئەوەی ئێستا نیشاندەدرێت لە مانگی رەمەزانیش بەردەوام دەبێت.
هاوكات دەروون گێژەن، بەڕێوەبەری كەناڵی NRT2 دەڵێت لە بەرنامەیاندا بوو كە چەند درامایەكی كوردی بكڕن بۆ مانگی رەمەزان، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن "چونكە دراماكان بە دڵی ئێمە نەبوون لەڕووی ناوەڕۆك و كواڵێتییەوە". بۆیە كەناڵەكە پەنای بردووەتە بەر پەخشكردنی درامای بیانی بە دۆبلاژی كوردی و گوتیشی "یەكێكیان توركییە بە ناوی شنەبای سنۆبەر، هەروەها بۆ یەكەمجاریش درامایەكی رووسی پەخش دەكەین".
ئیسلامییەكان درامای ئێرانی پەخش دەكەن
لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان خاوەنی چەند كەناڵێكی ئاسمانین كە دیارترینیان پەیام و سپێدەن. ئەو دوو كەناڵە بە بەردەوامی دراما پەخش دەكەن، بەڵام زیاتر ئەو درامایانەی لە ئێران دروست كراون و لە كەناڵی كوردی سەحەری ئێرانییەوە پەخش دەكرێن.
خالید محەممەد، بەڕێوەبەری بەرنامەكان لە كەناڵی سپێدەی سەر بە یەكگرتووی ئیسلامی بە (رووداو)ی راگەیاند "بۆ مانگی رەمەزان هیچ درامایەكی كوردیمان نییە، بۆیە بڕیارە درامایەكی ئێرانی پەخش بكەین".
لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی میسر زۆرترین دراما ئامادەیە بۆ مانگی رەمەزان. نزیكەی 40 دراما تەنیا لە میسر بەرهەمهاتووەو زۆرترین پارەیان بۆ تەرخان كراوە، زنجیرە درامای سەرای عابدین كە یوسرا رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێ زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجكراوە.
كوردسات پاكێجی بۆ رەمەزان هەیە
كەناڵی كوردسات وەك ئاودێر عەبدولواحید بەڕێوەبەری ماركێتینگی ئەو كەناڵە بە (رووداو)ی گوت، زۆر بەباشی خۆیان بۆ مانگی رەمەزان ئامادە كردووەو درامای كوردیشیان دەبێت، لەوبارەیەوە گوتی "پاكێجێكی باشمان بۆ مانگی رەمەزان ئامادە كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا درامایەكی كوردیشمان بەرهەمهێناوە، بەڵام وردەكاری زیاتر لەم رۆژانە رادەگەیەنین".
كورد ماكس هونەرمەندانی هەولێر و سلێمانی كۆدەكاتەوە
بەڵام تەلەڤزیۆنی كورد ماكس درامایەكی كوردیی هەیە. دەرهێنەر بەكر رەشید بە (رووداو)ی گوت كە هونەرمەندانی هەولێر و سلێمانی لە درامایەكدا كۆكردووەتەوە. گوتیشی "ئەم درامایە كە 30 ئەڵقەیە، بە ناوی شەوانی رەمەزان لە كوردماكسەوە پەخش دەكرێت".
سەبارەت بە ناوەڕۆكی دراماكەش، بەكر گوتی "هەر ئەڵقەیەك باس لە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بەشێوەی كۆمیدی دەكات". لەو درامایەدا چەند ئەكتەرێكی دیاری شاری هەولێر لەوانەش ئیبراهیم حەكیم، زاهیر عەبدوڵڵا و حەمكۆ، لە سلێمانیش مستەفا ئەحمەد و چەند ئەكتەرێكی دیكە بەشداری دەكەن".
بەكر رەشید گلەیی لە وەزارەتی رۆشنبیری هەبوو كە یارمەتی هونەرمەندانی كوردستان نادات بۆ دروستكردنی درامای كوردی و دەڵێت "وەزارەتی رۆشنبیری تەنیا بۆ چەند كەسێكە و هیچ هونەرمەندێكی دیكە سوودی لێ نەبینیوە، ئێمە ئەم درامایەمان لەسەر ئەركی كەناڵی كوردماكس دروست كرد، لەكاتێكدا ئەمە ئیشی وەزارەت بوو بیكات".
كەرتی تایبەت دراما بەرهەمدێنێ
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەشی دراما لە كۆمپانیای بابیلۆن دەڵێت ئەوان وەك كەرتی تایبەت دەستپێشخەربوون لە دروستكردنی دراما و ئەركی سەرشانی دەرهێنەرەكانیان سووك كردووە تا بازاڕ بۆ بەرهەمەكانیان بدۆزنەوە.
ناوبراو بە (رووداو)ی گوت "كۆمپانیاكەمان دوو درامای كوردی بەشێوازێكی پرۆفیشناڵ و فول كوالێتی بەرهەمهێناوەو لەوانەیە درامای تارمایی تاوان لە كەناڵی كۆڕەك و كەناڵ چوار بڵاو بكرێتەوە، كە چەندین ئەكتەری بەناوبانگی هەولێر و سلێمانی و كەركووك بەشدارییان تێدا كردووە".
عەبدولغەفار گوتیشی "هەوڵدراوە ئەم درامایانە بۆ چەند كەناڵێكی عەرەبی دۆبلاژ بكرێن، بەڵام تاوەكو لە كەناڵە كوردییەكان پەخش نەكرێن، نادرێنە كەناڵە عەرەبییەكان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ